کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بەدوای چەکی کۆمەڵکوژییەوەیە

11:58 - 28 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: لێکۆڵینەوەکانی دەوڵەتی ئاڵمان لەبارەی چەکوچۆڵی کۆمەڵکوژ، دەریخستووە کە ڕێژیمی ئێران بەدوای چەکی کۆمەڵکوژییەوەیە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان سرویسەکانی زانیاریی وڵاتی ئاڵمان لە لێکۆڵێنەوەکانی خۆیاندا دەریانخستووە کە ڕێژیمی ئێران و کۆرەی باکوور لە هەوڵدا بوونە بە دەورلێدانەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان و لە ڕێگەی وڵاتی سێهەمەوە، دەستیان بە چەکی کۆمەڵکوژی ڕابگات.

لە ڕاپۆرتی سرویسەکانی زانیاریی ئاڵماندا باس لەوە کراوە کە ڕێژیمی ئێران ویستوویەتی بە دەسپێڕاگەیشتن بە سیستمی مووشەکهاوێژ پەرە بە چەکی کۆمەڵکوژ و چەکوچۆڵی پێشکەوتووتر بدات.

هەروەها ڕێژیمی ئێران ویستوویەتی بۆ دەسپێڕاگەیشتن بەو چەکوچۆڵانە، پێوەندی لەگەڵ وڵاتانێک هەبێت که پێشتر نەیبووە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو راپۆرتەدا هاتووە کە ڕێژیمی ئێران بە دوای پیتاندنی ئۆرانیۆم، وەبەرهێنانەوەی ناوکی و بەرهەمهێنانی مەوادی سەرەتایی شیمیاییدا بووە.

مانگی ڕابردووش ئاژانسی زانیاریی هەرێمی "بادن ورتمبێرگ" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردبوویەوە کە ڕێژیمی ئێران وەک دوو وڵاتی پاکستان و سووریە کەرەستە و تێکنۆلۆژیی پێشکەوتوویان کڕیوە کە لە چەکی کۆمەڵکوژیدا بەکار دەهێنرێن.

ماوەیەک پێش "فاکس نیوز" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردبووە کە ڕێژیمی ئێران لە هەوڵ‌دایە، دەستی بە کەرەستەی نیزامی، چەکی کۆمەڵکوژ و کەلوپەلی پێویست بۆ بەهێزکردنی بەرنامەی مووشەکی بگات.