کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بەردەوامە لە دەستێوەردان و ئاژاوەگێڕی لە ناوچەدا

16:49 - 29 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: بەڕێوەبەری زانیاری نەتەوەیی ئامریکا، ئاشکرای کردووە کە رێژیمی ئێران هەنووکە لە ئاژاوەنانەوە و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچە، بەردەوامە.

دەن کۆتز، بەڕێوەبەری ئاژانسی زانیاری نەتەوەیی ئامریکا، لە کۆبوونەوەی ئەمنیەتی ئاسپین کە ڕۆژی پێنج‎شەممە، ٢٨ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی بەڕێوە چوو، ڕایگەیاندووە: "ڕێژیمی ئێران کاراکتەرێکی خراپ و هەڕەشەئامێزە بۆ سەر جیهان"، ناوبراو هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ڕووسیە توانای بەرەنگاربوونەوە و کۆنترۆڵ کردنی چالاکییە هەڕەشەئامێز و ئاژاوەگێڕانەکانی ڕێژیمی ئێرانی نییە.

کۆتز هەروەها باسی لەوە کردووە، کە چوونەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام هیچ باندۆڕێکی لەسەر کردەوەکانی ئەو ڕێژیمە دانەناوە و ئێمە هەنووکەش شاهیدی هەوڵە تێکدەرانەکانی مەلاکانی تارانین.

بەڕێوەبەری ئاژانسی نەتەوەیی ئامریکا، هەروەها لەو کۆبوونەوەیەدا رایگەیاندووە: "پێش لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینی، بە ئێمەیان دەگوت کە ئەگەر لەگەڵ ئەو ڕێژیمە ڕێککەوتن بکەین، ئەو ڕێژیمە ئاڵوگۆڕ بەسەر هەڵسوکەوتەکانی خۆیدا دێنێت و پێوەندییەکانمان باشتر دەبن و دەتوانین لەسەر پرسە جۆرواجۆرەکان لەگەڵیان وتووێژ بکەین و پێکەوە هاوکاری زیاترمان ببێت، بەڵام پاش ڕێککەوتننامەی بەرجام وەها شتێک ڕووی نەدا و ئێمە شاهیدین کە ڕێژیمی ئێران چالاکی و دەستێوەردانەکانی لە وڵاتاندا زۆرتر کردووەتەوە".

ناوبراو هەروەها وتوویەتی، کە ڕێبەرانی تاران ڕۆڵی خراپ لە جیهان دەگێڕن و بە نیسبەت پشتگیری و یارمەتیگەیاندن بە تیرۆریستان، چالاکییە تێکدەرانە و ئاژاوەگێرانەکانیان لە ناوچە، پرۆژەی گوماناوی مووشەکە بالستیکەکان، دەستێوەردان لە وڵاتانی وەک عێراق، سووریە و یەمەن و ... هتد، هەنووکەش بەردەوامن.