کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران دیسان دەیەوێت جامێکی دیکە ژەهر بخواتەوە

12:53 - 25 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران کە لەسەر بنەمای تەقییە و درۆ دامەزراوە، دیسان وەک هەمیشە بۆ درێژەدان بە تەمەنی دەسەڵاتەکەی، دەیەوێت جامێکی دیکەی ژەهر بنۆشێت.

بەپێی هەواڵدەریی "ئیسنا"ی سەر بە ڕێژیم، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، سەرکۆماری ڕێژیم، "حەسەن ڕۆحانی"، لە دانیشتنێکدا لەگەڵ وەزیرانی کابینەکەی، داوای لە وڵاتی ئامریکا کردووە، هەتا "پردی دانوستان و وتووێژ" لە نێوانیان نۆژەن بکاتەوە.

ڕۆحانی لەم دانیشتنەدا ئاماژەی بۆ دانوستان و وتووێژەکانی ئەم دوو وڵاتە لە سەردەمی بارک ئۆباما کردووە و ئەو وتووێژانەی بەباشی لە قەڵەم داون، و وتوویەتی: "ڕەوتێکی باش بۆ دانوستان دەستی پێ کردبوو، بەڵام ئامریکا تێکی دا".

ئەوەی کە ڕۆحانی لە دانوستانەکانی سەردەمی ئۆباما بەباشی ناو دەبات، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە لەو خولە بە هۆی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی بەرجام، ڕێژیمی ئێران توانی دەستی بە هێندێ دارایی ڕابگات، کە لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە بلۆکە کرابوون و ئەم بڕە پارە زۆرە لە جیاتی گۆڕێنی باری بژێوی ژیانی خەڵکی ئێران، بۆ کڕین و سازکردنی چەکی قورس و کۆمەڵکوژ کەڵکیان لێ گیرا.

ئەم داواکارییەی سەرکۆماری ڕێژیم لە حاڵێکدایە، کە ڕێبەری ڕێژیم  لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە لێدوانێکدا باسی لەوە کردووە، "هەڵەی کردووە، کە ڕێگای داوە ڕێککەوتننامەی بەرجام واژۆ بکرێت". ئەم ڕستەیەی بەخێرایەکی بەرچاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەست بە دەست کراوە و دەنگدانەوەیەکی زۆری بە دواوە بووە، کە لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە سانسۆر کراوە، چونکە خامنەیی خۆی بە نوێنەری خوا لە سەر زەوی دەزانێت و لە ڕوانگەی لایەنگرانییەوە، نوێنەری خوا خاوێنە و هیچ هەڵەیەک ناکات.