کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران، لە ساڵی ٢٠١٧ی زایینیدا ٥١٧ کەسی ئێعدام کردووە

15:32 - 23 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: بەپێی ڕاپۆرتی دوو ڕێکخراوی مافی مرۆڤ، ڕێژیمی ئێران ٥١٧ کەسی لە ساڵی ٢٠١٧ی زایینیدا ئێعدام کردووە.

دوو ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران و پێکەوە بەدژی حوکمی ئێعدام، لە ڕاپۆرتی مانگی ڕەشەمەیان، ڕێژەی ئێعدامەکانی ڕێژیمی ئێرانیان بڵاو کردەوە، کە ٥١٧ کەسن، جێگەی ئاماژەیە ١٠ کەس لە ئێعدامکراوەکان ژن بوونە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، کە ٧٩ لەسەدی ئێعدامەکان لە لایەن ڕێژیمەوە ڕانەگەیندراون و سەرچاوە فەرمییەکانی ڕێژیمی ئێران، باس لە ئێعدام کردنی ١١١ کەسیان کردووە.

لە ٥١٧ ئێعدامکراو لە ئیراندا، ٢٣١ کەسیان بە تاوانی قاچاقی ماددە هۆشبەرەکان و ٢٤٠ کەسیش بە تاوانی کوشتنی بەئەنقەست لە سێدارە دروان و هەروەها لەو ڕێژەیە پێنج کەسیان مێرمنداڵ بوون و بەگشتی ٣١ کەسیان لە بەرچاوی خەڵکەوە لە سێدارە دراون.

ئێران بە بەراورد لەگەڵ حەشیمەتەکەی زۆرترین ڕێژەی ئێعدامی لە ئاستی جیهاندا هەیە، کە بە بەردەوامی لە لایەن ڕێکخراوەکانی چالاکیی مافی مرۆڤەوە لە ئێران و جیهاندا مەحکووم دەکرێت و داوای لێ دەکرێت، کە کۆتایی بە ئێعدامی هاووڵاتیانی ئێرانی بێنێت.

ئەو ئامارانەی کە لە لایەن ڕێکخراوەکانەوە بڵاو دەکرێتەوە، بە هۆی ڕێگەنەدانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەردانکردنی زیندانەکان و هەروەها شاردنەوەی ئێعدامەکان، کەمتر لە ڕاستین.

جێگەی ئاماژەیە کە ڕێژیمی ئێران، زۆر زیندانیی بە دەرمانخوار کردن و ڕاگەیاندنی خۆکوشتنیان لە زیندانەکان، ئێعدام کردووە.