کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی عێراقەوە یارمەتی دەگەیەنێتە بەشار ئەسەد

12:10 - 27 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، بە کەڵکوەرگرتن لە خاکی عێراق، چەکوچۆڵ و کەرەستەی سەربازیی دەگەیەنێتە دەست هێزەکانی بەشار ئەسەد لە سووریەدا.

ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، ماڵپەڕی "ئیشپیگل ئانلاین"، لە بابەتێکدا ئاشکرای کردووە، کە سپای پاسداران بە مەبەستی یارمەتیگەیاندن بە بەشار ئەسەد، بە کەڵکوەرگرتن لە ڕێگاوبانەکانی عێراقەوە، یارمەتی و چەکوچۆڵ بۆ سووریە دەگوازێتەوە.

 ماڵپەڕی ئیشپیگلی ئیسرائیلی، ڕێگای گواستنەوەی ئەو چەکوچۆڵانەی بە پردی زەوینی ناو بردووە، کە لە شارە شێعەنشینەکانی عێراقدا تێدەپەڕێت.

پێشتر ڕێژیمی ئیسلامی، بە ناچاری لە ڕێگای ئاسمانەوە، چەکوچۆڵ و یارمەتی دەگەیاندە دەست هێزەکانی بەشار ئەسەدەوە.

ئەرتەشی ئیسرائیل، زۆر بە ئاسانی توانیبووی شوێنپێی ئەو یارمەتییانە بدۆزێتەوە و بە هێرشی مووشەکیی ئەو چەکوچۆڵانە لەسەر خاکی سووریە لەنێو ببات.

چاوەدێرانی سەربازیی و پسپۆڕانی بواری سەربازیی لەسەر ئەو باوەڕەن، کە چاوەدێری بەسەر گواستنەوەی زەوینی زۆر سەخت و دژوارە و کۆماری ئیسلامی دەتوانێ کامیۆنەکانی چەکوچۆڵ لەگەڵ کامیۆنە ئاسایییەکان بۆ سووریە بەڕێ بکات و چەکوچۆڵەکان بەنهێنی ڕادەستی هێزەکانی بەشار ئەسەد لە سووریە بکات.

شایانی ئاماژەیە، کە هێرشی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و هێزەکانی حەشدی شەعبی، پاش کۆتاییهاتنی داعش لە عێراق، بۆسەر ناوچە کێشەلەسەرەکانی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی ڕێگاخۆشکردن بۆ ئەو پردە زەوینییە بووە.