کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هێزەکانی خۆی ڕەوانەی کوردستان دەکات

12:24 - 23 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی باڵای نیزامی و ئەمنییەتیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، هێزی نیزامیی خۆیان ڕەوانەی کوردستان دەکەن و سنوورەکانیش زیاتر میلیتاریزە دەکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە دوای ئۆپراسیۆنی سەرکەوتووانەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە بەرانبەر هێزەکانی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە هێزی نیزامی و چەکوچۆڵی قورس و سووکیان ڕەوانەی کوردستان کردووە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند، پاش ئەوەی لە سیاکێوی ناوچەی شنۆ دەرگیری ڕووی داوە و پێشمەرگە قارەمانییەتییەکی دیکەی تۆمار کرد، فەرماندەیی گشتیی هەنگی سنووری ناوچەی ڕۆژئاوای ئێران لە شاری بۆکان کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ئەندامانی سپای ڕێژیم پێک هێناوە.

لەو پێوەندییەدا، هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لە ناوچەی دەشتەبێڵی شنۆ بە هۆی گومان لە هەبوونی هێزی پێشمەرگە بڵاوەیان بە هێزەکانی خۆیان کرد.

لە دوای ئەوەی کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی سیاکێودا زەربەیەکی قورسیان لە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران دا و چەندین کەسیان کوشت و بریندار کرد، ڕێژیم بە شێوەیەکی توند هەموو کاروباری ڕۆژانەی خەڵک کونتڕۆڵ دەکات.