کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی ڕێگرتن لە هەناردەکردنی نەوتی جیهان دەکات

12:11 - 4 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: لە درێژەی گوشارەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران و قسەکانی خامنەیی، لە بارەی بەستنی گەرووی هۆرمۆز، فەرماندەی سپای پاسدارانی ڕێژیمیش، هەڕەشەی ڕێگرتن لە هەناردەکردنی نەوتی هەموو جیهان دەکات.

ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٣ی گەلاوێژ، محەممەدعەلی جەعفەری، فەرماندەی گشتیی سپای پاسدارانی ڕێژیم، دیسانەوە لە قسەکانی خۆیدا  هەڕەشەی بەستنی گەرووی هۆرمۆزی کردووە و لە کاردانەوە لە بەرانبەر هەڕەشەکانی ئامریکا و ئیسرایل وتوویەتی: "ئەوان تەنیا قسە دەکەن، بوێریی هیچ جۆرە بەرەوڕووبوونەوەیەکیان لەگەڵ ئێراندا نییە".

 هەروەها لە درێژەدا وتبووی: "قسە و هەڵسووکەوتەکانی ترامپ وەک پاڵەوان پەمەیە، کە لە کۆشکەکەی خۆیدا دانیشتووە و تەنیا دروشم دەدات".

جەعفەری بە ئاماژەکردن بە قسە هەڕەشەئامێزەکانی ترامپ، بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی گەمارۆوە فراوانەکانی بۆ سەر نەوتی ئێران، وتوویەتی: "ئەوەی کە دەوڵەتی ئامریکا دەیەوێت لە چەند مانگی داهاتوودا ڕێ لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بگرێت، کارێکی گاڵتەجاڕانەیە وەک ئەوەی کە نەزانێت هەموو  ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی نەوت لە ژێردەستی ئێراندایە و هەر کاتێک بیهەوێت، دەتوانێت هەناردەکردنی نەوتی جیهان ڕابگرێت".

دەوری دووهەمی ئەم هەڕەشانە، لە کاتێکدایە کە پێشتریش بەرپرسانی ڕێژیم، جەختیان کردبوو، کە لە کاتی ڕێگریکردنی ئامریکا لە فرۆشتنی نەوتی ئێران، ئەوانیش گەرووی هۆرمۆز دادەخەن و ڕێگە نەدان هیچ وڵاتێکی دیکە نەوت هەناردە بکات.