کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی کرد کە تریاک هەناردەی ئورووپا دەکات

18:29 - 11 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە دوای کشانەوەی ئورووپایییەکان لە ئێران، هۆشداریان داوە، کە تریاک بۆ ئورووپا هەناردە دەکەن.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران، لە زاری "عەبدولڕەزا ڕەحمانیی فەزڵی" وەزیری ڕێژیمی ئێران، بڵاویان کردووەتەوە، ئەو وەزیرەی ڕێژیم ڕوو لە ئورووپایییەکان وتوویەتی: "ئەوەندە بەسە ٢٤ کاتژمێر چاوەکانتان لە سەر یەک دابنێن"، هەتا ئورووپا تووشی مۆتەکەی لافاوی کۆچبەران و باری تریاک بێت.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران جەختیان کردووەتەوە، ئەوە ئێمەین که باجی پێشگرتن له ترانزیتی ماددە سڕکەرەکان دەدەین، هەتا لاوانی ئورووپا تووشی ئیعتیاد نەبن.

ئەو وەزیرەی ڕێژیمی ئێران، کە خۆی بەرپرسی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی دژی ماددە سڕکەرەکانە، ئیدعای ئەوەی کردووە، کە ئورووپایییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوە دژی ماددە سڕکەرەکان هیچ یارمەتی ئێمە ناکەن.

هەڕەشەی ئەو وەزیرەی ڕێژیمی ئێران لە کاتێک دایە، هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" باسی لەوە کردبوو، کە ڕێژیمی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی ترانزیتی ماددە هۆشبەرەکان دەکات.

لە لایەکی دیکەوە، ئەو هەڕەشەیەی ڕێژیمی ئێران، دەرخەری ڕووی ڕاستەقینە و شەڕخوازیی بەرپرسانی ئەو ڕێژیمەیە، کە بۆ گەیشتن بە ئامانجی خۆیان لە هیچ کارێکی نامرۆڤانە خۆ ناپارێزن.

پێشتریش هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران، لە زاری "پەرویز ئەفشار" وتەبێژی ناوەندی بەرەنگاربوونەوە دژی ماددە سڕکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بڵاویان کردبووە، بەپێی دوایین ئامارەکان ٢ میلیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس لە ئێراندا ماددە سڕکەرەکان بەکار دێنن..

ئەو ئامارە لە کاتێکدایە، کە ئامارە نافەرمییەکان باس لە بوونی ٤ میلیۆن تووشبوو بە ماددە سڕکەرەکان لە ئێراندا دەکەن.

پێشتریش یەكێک لە بەرپرسانی دەوڵەتی ڕۆحانی لە وتووێژێکدا ڕاگەیاندبوو، ڕۆژانە ١٠ کەس لە ئێراندا بە هۆی ماددەی هوشبەر گیان لەدەست دەدەن و هەروەها ڕۆژانە ٧٠ کەسی دیکە بە ئاماری تووشبووان بە ماددەی سڕکەر زیاد دەبن.

مێژووی گیرۆدەبوون بە ماددە سڕکەرەکان و چاندنی لە ئێراندا، بۆ دەورانی بنەماڵەی سەفەوییەکان دەگەڕێتەوە و بە شێوەی چاندنی تووی خەشخاش، پەرەیان بە بەرهەمهێنانی ماددەی سڕکەری "تریاک" داوە.