کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی وازهێنانی خوێندکاران لە خوێندن زیادی کردووە

13:22 - 22 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: جێگری وەزیری زانست لە کاروباری نێونەتەوەیی ڕێژیم، باسی لەوە کردووە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکاران لە ئەمساڵدا بە ئامانجی کۆچکردن لە ئێران، وازیان لە خوێندن هێناوە.

حوسەین سالار ئامۆلی، جێگری وەزیری زانست لە کاروباری نێونەتەوەیی ڕێژیم بێ ئاماژەکردن بە ڕێژەی ئەم کۆچ کردنانە ڕایگەیاندووە، لە ئەمساڵدا خوێندکارانی ئێران بە ڕێژەیەکی بەرچاو بە ئامانجی کۆچکردن لە ئێران و درێژەدان بە خوێندن لە دەرەوە وازیان لە خوێندن هێناوە.

هەرچەند ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لەوبارەوە ئامارێکی بڵاو نەکردووە، بەڵام وتوویەتی: پاکانە حیساب لە زانکۆکان زۆرە و ئەو کارە بۆ چوونە دەرەوە دەکرێت.

خوێندکارانی زانکۆکانی ئێران بە هۆکارگەلێکی زۆر وەک: لە خوارەوە بوونی ئاستی زانستیی زانکۆکان، نەبوونی پێداویستی پێویست بۆ خوێندن، نەبوونی داهاتوویەکی ڕوون دوای تەواوکردنی خوێندن، فەزای داخراوی زانکۆکان، ئیدئۆلۆژیک‌بوونی سیستمی پەروەردەیی زانکۆکان و ...هتد، واز لە خوێندن دەهێنن.

دیاردەی کۆچی خوێندکاران و ڕووناکبیران کە لە ئێراندا بە "فرار مغزها" ناودێر کراوە، ساڵانە ڕێژەیەکی زۆر لە لاوان پەڕیوەی وڵاتانی دیکە دەبن و ڕێژیم بە ئەنقەست کەشێکی ناخۆش دروست دەکات تاکوو لاوانی خوێندکار واز لە خوێندن بهێنن و تەنانەت زێدی خۆیان بەجێ بهێڵن و ڕێژیم بە دەست‌ئاوەڵایی زیاترەوە درێژە بە سیستمی دواکەوتووی خۆی بدات و نەوەی نوێ لە ئێراندا بکەنە نەوەیەککی گوێ لەمست.