کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان: تێرۆر و تێرۆریزمی دەوڵەتی مەحکوومە

12:16 - 21 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان لە بەرەبەری ٢٩هەمین ساڵیادی تێرۆری ناجوامێرانەی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو لە ڤییەن لەلایەن دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئەم کردەوە شەرمێونانەی مەحکووم کرد.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

تێرۆر و تێرۆریزمی دەوڵەتی مەحکوومە

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان پێی وایە داواکردنی مافە بنەڕەتییەکانی خەڵکی کورد نانێژرێت.

ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕ، ڕۆژێکە بۆ مەحکووم کردنی تێرۆر و تێرۆریزمی دەوڵەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. لە وەها ڕۆژێکدا دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو سکرتێری ئەو کاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە کاتی وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەتی ئێران و لە پشت مێزی وتوویژ لە ڤییەنی ئۆتریش کرایە ئامانجی کردەوەیەکی تێرۆریستی و وێڕای دوو هاوڕێی دیکەی شەهید کرا.

ناولێنانی ئەم ڕۆژە پێشنیاری ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان و بەڕێوەبەرانی لە ساڵانی ڕابردوودا بووە، ئەم ڕێکخراوە بە پێداگری لەسەر هەڵوێستە پێشووەکانی خۆی سەبارەت بە تێرۆریزم و شێوازەکانی بەتایبەت تێرۆریزمی دەوڵەتی و هەوڵدان بۆ نەهێشتنی فیزیکی و تێرۆری تاکەکان و کەسایەتییەکان و دژبەرانی دەوڵەتی لە هەر شوێنێک و لە هەر کاتێکدا و بە هەر ئامانج و مەبەستێک، ڕادەگەیەنێت کە ئەم کردەوانە جێگەی پەسند نین و ڕەدکراوە و مەحکوومن.

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان وێڕای مەحکووم کردنی دووبارەی تێرۆری دوکتور قاسملوو، درێژەی تێرۆرەکان، ئێعدام یان زیندانی کردنی ڕێبەران و چالاکانی کۆمەڵگەی سیاسی و مەدەنی کوردستان، بە ئامانجی شاردنەوە و ناشتنی داواکارییە بنەڕەتییەکانی گەلی کورد بە بێ‌پاساو دەزانێت و پێداگری دەکاتەوە لەسەر دابین کردنی ئازادی و مافە دێموکراتیک و فیدراڵییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

٢١ی پووشپەڕی ١٣٩٧، ١٢ی جولای ٢٠١٨

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان