کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژاپۆن نەوت لە ئێران ناکڕێت و ڕووسیەش پۆڵا بە ئێران نافرۆشێت

16:47 - 29 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: دەوڵەتی ژاپۆن لە درێژەی گەمارۆ ئابوورییەکانی دژ بە ڕێژیمی ئێران بڕیاری داوە نەوت لەو ڕێژیمە نەکڕێت و لە هەمان ڕاستاشدا ڕووسیە بڕیاری داوە پۆڵا بەو ڕێژیمە نەفرۆشێت.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دوو وڵاتی ژاپۆن و رووسیه بە مەبەستی پشتیوانی لە گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا دژ بە ڕێژیمی ئێران و ترس لە سزای ئابووری لە لایەن ئامریکاوە هاوکارییەکانی خۆیان لە پێوەندی لەگەڵ  بازرگانییەکانیان پچڕاند.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە دوو شیرکەتی نەوتیی ژاپۆن بە ناوەکانی "نەوت و وزەی نیپۆن" و "ئیدەت میتسۆ کۆسان" ڕایانگەیاندووە کە نەوت لە ئێران ناکڕن.

هاوکات شیرکەتەکانی سوورئێستال و MMK ی ڕووسیە و کارخانەی ئارکلۆرمیتال لە وڵاتی قەزاقستان تۆپی پۆڵا و وەرقی ئاسن بە ئێران نافرۆشن.

بەرپرسانی ژاپۆنی ڕایانگەیاندووە کە لە مانگی ئۆکتۆبردا نەوت لە ئێران ناکڕن و لە عەرەبستانی سعوودی نەوت دەکڕن.

پێشتریش "تاکاشی تێسۆکیوکا" سەرۆکی ئەنجومەتی نەوتیی ژاپۆن باسی لەوە کردبوو ئەگەر کێشەی پارە و گەمارۆکانی ئامریکا جێبەجێ نەکرێت، ئێمە هاوکارییەکانمان لەگەڵ ئێران دەپچڕێنین.

هەتا ئێستا چەندین شیرکەت و دامەزراوەی بازرگانی وەک شیرکەتی پۆڵاسازی ئیتالیا، کەشتیڕانی دانمارک، شیرکەتی ئەیرباس، توتاڵی فەڕانسە، شیرکەتی نەوتی ئێنی ئیتالیا، سریکا ئنێرژی بریتانیا، بویینگی ئامریکا، ئۆتۆموبیلسازیی سیتروئێنی فەڕانسە، زیمنسی ئاڵمان و چەندین کومپانیای دیکە، پڕۆژەکان و مامەڵەکانی خۆیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرتووە.

دوای ئەوەیکە ئامریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام کشایەوە و گەمارۆکانی لەسەر ڕێژیمی ئێران سەرلەنۆی کارا کردەوە، زۆربەی ئەو کۆمپانیا جیهانییانە کە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هاوکاری دەکەن، پرۆژەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرتووە و گرێبەستەکانیان هەڵدەوەشێننەوە.