کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

\"ژیان لەسەر سنوور\" لەوحی شانازی فیستیڤاڵی فیلمی \"لۆکاس\"ی فڕانکفۆڕتی بەدەستهێنا

17:01 - 9 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: فیلمی دیکۆمێنتاریی ژیان لەسەر سنوور لە دەرهێنانی هەشت منداڵی کۆبانێ و شنگال و لە بەرهەمهێنانی بەهمەن قوبادی لەوحی شانازی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی منداڵانی لۆکاس لە وڵاتی ئاڵمانی بەدەستهێنا.

فیلمی دیکۆمێنتاریی ژیان لەسەر سنوور Life on the Border لە دەرهێنانی هەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و لە بەرهەمهێنانی سینەماکاری ناوداری کورد بەهمەن قوبادی کە لە لایەن کۆمپانیای هۆڵەندیی ئیلۆمینا فیلمس Illumina Films لە سینەماکان و فیستیڤاڵە جیهانییەکاندا بڵاودەبێتەوە، لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا کاتژمێر 4ی دوانیوەڕۆی رۆژی ٢١ی سێپتەمبەری ٢٠١٦ لە سی و نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵانی لۆکاس LUCAS لە شاری فڕانکفۆڕت لە وڵاتی ئەڵمانیا چووە سەر پەردەی سینەما.

دواتر لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە، لەوحی شانازی بە بەسامە سولەیمان و سامی حوسێن دوو کەس لە دەرهێنەرانی ئەم کۆمەڵە فیلمە پێشکەشکرا، تاکوو هاندانێک بێت بۆ درێژەپێدان بە دەرهێنەریی و سازکردنیی بەرهەمی نوێیان لە داهاتوودا.

هەروەها لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی ئەم فیستیڤاڵەدا، خەڵات و دیاریی دیکەش بەم دوو دەرهێنەرە مێرمنداڵە بەخشرا.

ژیان لەسەر سنوور بە پەیامێک لە لایەن بەهمەن قوبادی و بە ئامادەبوونی بەسامە سولەیمان و سامی حوسێن دوو کەس لە دەرهێنەرانی ئەم کۆمەڵە فیلمە و هەروەها شاهۆ نیعمەتی راوێژکاریی دەرهێنەر لەم پڕۆژەیەدا نمایشکرا و پاشان، دانیشتنێکی تایبەت بە ئامادەبوونی ئەم کەسانە لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵانی لۆکاسی فڕانکفۆڕت بەڕێوەچوو و سەبارەت بەم فیلمانە هاتنە ئاخاوتن و لەگەڵ بینەران وتووێژیان کرد.

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵانی لۆکاس بە پشتیوانی رێکخراوی فیلمی ئاڵمانی و هەر دوو ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت و سی و نۆیەمین خولی بە نمایشی فیلم گەلێکی چیرۆکی، دیکۆمێنتاریی، ئەنیمەیشێن و ئەزموونی لە دەرهێنەرانی ٢٧ وڵاتی جیهان لە رۆژانی ١٩ تا ٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠١٦ لە شاری فڕانکفۆڕت لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوەچوو.

فیلمی دیکۆمێنتاریی ژیان لەسەر سنوور پێشتریش لە بەشی پێشبڕکێی فیلمە دیکۆمێنتارییە بڵیندەکانی پەنجاوشەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کراکۆف Krakowf لە شاری کراکۆف لە وڵاتی لەهێستان نمایشکرا.