کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاتی شیاو بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین کەیە؟

00:06 - 25 بانەمەڕ 2718

زانیار سابڵاخی

لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا بەشێکی بەرچاو لە توێژەکانی کۆمەڵگای ئێران بە هۆی گرینگی‌نەدانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ژیان و گوزەرانیان چەندین کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دەربڕینیان لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران و لەبەردەم دامودەزگا پێوەندیدارەکانی رێژیم بەڕێوە بردووە کە هەرکام بە جۆرێک بە نەبوونی ئیزن، نایاسایی بوون و لە کاتی نەگونجاودا بەڕێوەچوون تۆمەتیان لێدراوە و سەرئەنجامیش بێ وەڵام ماونەتەوە.

کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ماڵ لەدەستچووەکان و گرفتی پەسمەندەکانیان لە بانکەکان، کۆبوونەوەی کرێکاران بە هۆی نەدان و دواکەوتنی مووچەکانیان و گرفتی نەبوونی بیمە و لەسەر کاردەرکران و کۆبوونەوەی مامۆستایان و فەرهەنگیان لە ژمارەیەک لە شارەکانی وەک ئیسفەهان، شیراز، تاران، کرماشان و... بە هۆی خراپی باری ژیان و کەمی مووچە و دژ بە خسووسی‌کردنی فێرکردن کە وەرگرتنی مانگانە لە قوتابیان دەگرێتەوە کە ئەوەش دژ بە یاسای خوێندنی خۆڕاییە، بەڕێوەچوون؛ هەروەها داخرانی بەشێک لە بازاڕی تارانیش بەشێک لەو حەرەکاتانە بوون.

ئەوە کە هیچ کام لەو کۆبوونەوانە وڵامی ئەرێنی و دڵخۆشکەریان لە لایەن رێژیم و دامودەزگا پێوەندیدارەکانییەوە پێ نەدراوەتەوە لە کۆماری ئیسلامیدا شتێکی باو و رەوتێکی ئاساییە، چوونکە ئەوەی بە جۆرێک پێوەندی بە ژیان و گوزەران و ئاسایشی خەڵکەوە هەبێ لە روانگە و باوەڕی رێژیمەوە بێبایەخن و جێگای خۆپێوەماندووکردن و وڵامدانەوە و پێڕاگەیشتنی نین نەک هەر ئەوە، بەڵکوو گرتن و زیندانی کردن و لێدان و بێحوورمەتی کردن بە خۆپیشاندەران بە ئەرکی رێژیم و دامودەزگا سەرکوتکەر و ئەمنیەتییەکانی دەزانێ و لەو بارەوە لە هیچ زەخت و زۆر و کەرامەت شکێنییەک دەست ناگێڕنەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا تەنیا لەیەک دوو مانگی رابردوودا دەیان و بگرە سەدان کەس لە بەشدارانی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان چ لە ماڵدەستچووەکان، چ لە کرێکاران، فەرهەنگیان و چ کۆڵبەران و کاسبکارانی سەر سنوور دەسبەسەر کراون و لەگەڵ چارەنووسی نادیار بەرەوڕوو کراون؛ ئەو رەوتە لە رەفتاری دژە مرۆڤانە و ئەو توندوتیژییە زاڵمانەیەی رێژیم هەر لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەرانبەر بە ناڕەزایەتی دەربڕینەکان هەر هەبووە و بەردەوام بەڕێوەچووە، بەڵام لە هەر بڕگەیەکی وەزعی ئاڵۆزی رێژیمدا رادەی گرتن و توندوتیژی نواندنەکە بە بیانووی جۆراجۆری ناڕەوا زیاتر و بەرینتر بوونەتەوە.

لە هەلومەرجی ئێستادا کە رێژیم لە دەرەوەی وڵات و لە پێوەندی لەگەڵ هەڵوەشانەوەی بەرجامدا خۆی لەژێر گوشاردا دەبینێ و مەترسی دووپات‌بوونەوەی گەمارۆکانی پێشوو بەرەوڕووی خۆی هەست پێدەکا، لە نێوخۆی وڵاتدا سەرەڕای نواندنی هەموو جۆرە گوشار و توندوتیژییەک بەرانبەر بە خەڵکی ناڕازی ئەم ناڕەزایەتی دەربڕینانە هەروا درێژەیان هەیە و هەر جارەو لەلایەن تۆێژێک و لە شار و شوێنێک سەر هەڵدەدەنەوە، کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ ئەو هەلومەرجە زیاتر و بەرینتر بقۆزێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش تۆمەتی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی بخاتە پاڵ هەر حەرەکەتێکی ئێعترازی و هەر کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی دەربڕین.

سەرەتای رەوتێکی نوێ لەو تۆمەت وەپاڵدانانە لە قسەکانی وەزیری پەروەردە و فێرکرنی رێژیم بە روونی دەردەکەوێ کە بە دوای کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دەربڕینەکانی مامۆستایان و فەرهەنگیان رایگەیاند کە ئەم حەرەکەتانە لە هەلومەرجێکی سیاسی و تایبەتی ئێستای رێژیمدا نە ژیرانەیە و نە جێگەی قبووڵ. بەلەبەرچاوگرتنی ئەو راستییە کە رێژیم لە دەرەوە ئاژاوەگێڕ و لە نێوخۆیشدا قەیران خوڵقێنە، پرسیار ئەوەیە ئەرێ کاتی شیاو لە روانگەی رێژیمەوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین و داوای ماف و مووچەی شایستە کردن، ئەویش بە شێوەی هێمنانە، کەیە؟!

ئەوەی جێگای لێوردبوونەوە و بەرپەرچدانەوەیە ئەو پیلانەی رێژیم و دامودەزگا سەرکوتکەرەکانیەتی کە بە ترس خستنە ناو خەڵک و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا شوێن لەسەر ناڕەزایەتی دەربڕینەکان و پێداگرییان لەسەر داواکانیان و سووربوونیان لە درێژەدان بە ناڕەزایەتی دەربڕینەکان دانەنێ و بەردەوام بن لە داوای مافەکانیان، خۆ ئەگەر بە قسەی رێژیم کاتی ناڕەزایەتی دەربڕین ئەوە بێ کە کۆماری ئیسلامی ئێران بێ گیروگرفت بێ، هەرگیز کاتی ئەوتۆ نایەتە ئاراوە، چوونکە نێوەڕۆکی رێژیم و سیاسەت و کردەوەکانی خۆی گرفتخوڵقێنن و ئاکامی ئەو سیاسەت و کردەوانەش بە زیانی خەڵک و دابین بوونی مافەکانیانە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.