کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کادرێکی دێرینی حیزبی دێموکرات کۆچی دوایی کرد

12:25 - 13 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: کاک "سەعید کوێستانی" کادرێکی دێرین و خەباتکارێکی شۆڕشگێڕی کورد بۆ هەمیشە دڵی لە لێدان کەوت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٢ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، کاک "سەعید کوێستانی"، پێشمەرگە، کادری دێرینی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئیران، لە تەمەنی ٧٩ ساڵیدا لە وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد.
تەرمی پیرۆزی کاک سەعید، رۆژی هەینی ١٠ی ئاگۆست لە شاری ئۆرەبروو لە گۆرستانی "ڵێنگدبروو"  بە خاک دەسپێردرێ.

کاک سەعید کوێستانی، مامۆستای کوردایەتی و تێکۆشان، لە تەمەنی ٧٩ ساڵیدا، پاش ٦٥ساڵ تێکۆشان، لە وڵاتی سوید کۆچیدوایی کرد. کاک سەعید ساڵی ١٩٣٩ی زایینی لە گوندی "ئاڵیاوێـ"ـی شێخان، لە نزیک شاری نەغەدە، لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە بنەماڵەیەکی مەلازاده، چاوی بە دونیا هەڵ هێناوە. کاک سەعید هەر لە تەمەنی مێرمنداڵییەوە بە هۆی ڕەوانشاد کاک سادق کاوه، برا گەورەکەیەوه، کە خەباتکار و سیاسی بووە، لەگەڵ خەباتکارانی ئەو سەردەمە ئاشنا دەبێ.

ئەو تێکۆشەرە بە هیمەت و تێکۆشانی خۆی دەبێتە خوێندەوار و نووسەر. لە گوندی ئاڵیاوێ، ماڵەکەیان دەبێتە بنکەیەک بۆ تێکۆشەرانی دێموکرات. خۆی دەڵێت: "یەک دەهات و یەک دەڕۆیشت". سەرەڕای ئەوەی تەمەنم کەم بوو، کاتێک کادرەکان دەهاتنەوه ناوچە، منیان لەگەڵ خۆیان دەگێڕا.

 کاک سەعید هەر زۆر زوو دەبێتە جێگای باور و متمانەی کادرەکانی دێموکرات. لە تەمەنی ١٦ ساڵانەدا، لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی باڵای ئەودەمی دێموکرات لە گوندی ئاڵیاوێ، وەک ئەندام و باوەڕپێکراو ئاگادار بووه و کاری بۆ ڕاپەڕاندوون. لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا، کاتێک زۆربەی کادرەکانی حیزبی لە لایەن ڕێژیمەوە دەگیرێن، کاک سەعید دەرفەتی بۆ دەڕەخسێت و دەڕواتە باشووری کوردستان و  ژیانی دوور لە خێزان، کەسوکار و تێکەڵاوی لەگەڵ شۆڕش و خەباتی شاخ، هەر لەو کاتەوه دەست پێ دەکات.

بە ڕووخانی ڕێژیمی شا، ئەو خەباتکارە ماندوویینەناسە دیسان وەک کادرێکی بەئەزموونی ڕۆژانی سەختی خەبات دێتەوه مەیدان. کاک سەعید بە پێشنیاری شەهید دوکتور قاسملووی نەمر، کە دەفەرمێت: "کاک سەعید دووجار حیزبی لە هەڵدێر ڕزگار کردووه، لە کۆنگرەی حیزب وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵدبژێردرێ و گەلێک بەرپرسایەتی باڵای حیزبی هەبووه".

ناوبراو لە خەباتی دوورودرێژی خۆیدا لەگەڵ زۆرێک لە سەرکردە بەناوبانگەکان وەک: "جەلال تاڵەبانی و مەلا مستەفا بارزانی" هاوکاری کردووه.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای بەداخبوونی خۆی بۆ لەدەستدانی ئەو تێکۆشەرە گەورەیە، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.