کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣٠٠ کارێز لە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری وشک بوونە

12:42 - 6 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: قەیرانی ئاو لە ئێراندا، پارێزگا پڕئاوەکانیشی گرتەوە و ٧٠ لەسەدی پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری، ئاستی پاشکەوتی ئاوی بە شێوەی بەرچاو دابەزیوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی نێوخۆی ئێران، پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری کە یەکێک لە پارێزگا پڕئاوەکانی ئێرانە، لەگەڵ قەیرانی کەمئاوی بەرەوڕوو بووە و ژینگە و خەڵکی ئەو پارێزگایە لەگەڵ مەترسی بێئاوی بەرەوڕوون.

بارودۆخی کەمئاوی لەو پارێزگایە هەتا ئاستێک پێش چووە، کە لە ئامارەکانی ڕێژیمدا هاتووە، کە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری بووەتە حەوتەمین پارێزگای وشکی ئێران و زیاتر لە ٣٠٠  کارێز لەو پارێزگایە وشک بوونە و ٥٦٠ کارێزی دیکەش ئاستی ئاویان بە شێوەی بەرچاو دابەزیوە و بەرەو وشکبوون دەچن.

لەو پەیوەندییەدا، بەرپرسی ئاو، خاک و کاروبارە موهەندسییەکانی ئیدارەی جەهادی کشاوەرزیی پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری، باسی لەوە کردووە، کە ٧٠ لەسەدی کارێزەکانی ئەو پارێزگایە، بەشێوەی بەرچاو و مەترسیدار ئاستی ئاویان دابەزیوە و ئاماژەی بەوە کردووە، کە وەرزێڕی لەو پارێزگایە بە هۆی وشکبوونی کارێزەکان، لەگەڵ قەیران بەرەوڕوو دەبێت.

لە بەشی ئاوی خواردنیشدا، ئەو پارێزگایە تووشی کێشە بووە و بەرپرسی گشتیی ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی گوندەکانی ئەو پارێزگایە، ڕایگەیاندووە: ئاوە ژێرزەوینییەکان بە هۆی کەمبارین، کەم بوونەتەوە و سەرچاوەکانی دابینکردنی ئاوی گوندەکان وشک بوونە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم ئاماژەی بەوە کردووە، کە سەرچاوەی دابینکردنی ئاوی ٢٠ گوندی چوارمەحاڵ و بەختیاری، لە درێژەی ئەمساڵدا وشک بوونە و ٥٠ گوند بە تانکێر ئاوی خواردنیان بۆ دابین دەکرێت.

لە بەشێکی دیکەدا، یەحیا حەسەنپوور، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری هۆزەکانی پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری، باسی لەوە کردووە، کە کەمئاوی لە ناوچە کۆچەرییەکان، یەکەمجارە بەدی دەکرێت و ئاماژەی بەوە کردووە، کە ٣٠ لەسەدی کانییەکانی ئەو پارێزگایە، کە دابینکەری ئاوی خواردنی هۆزە کۆچەرییەکان بوون، بەتەواوەتی وشک بوونە.

قەیرانی ئاو لە ئێراندا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرە دەستێنێت و ڕێژیم کە خۆی هۆکاری سەرەکیی ئەو قەیرانەیە، لە چارەسەرکردنی دۆش داماوە و تەنانەت بۆ لەنێوبردنی ناوچە غەیرە فارسەکان کەڵکئاژۆی سیاسی لێ وەردەگرێت.