کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاوە سەرکەوت

01:47 - 16 پووشپەڕ 2717

کەریم پەرویزی

لە درێژەی حەماسەی کۆساڵاندا، ئەو کاتەی کە پۆلێک لە پێشمەرگە گیان لەسەردەستەکانی کوردستان، لە کۆساڵانی بارەگای خۆڕاگریی و حەماسەدا دژ بە بۆسە و پیلانەکانی هێزی ستەمکاری کۆماری ئیسلامی وەستانەوە و بەوپەڕی گیانبازییەوە پۆزەی سوپای دڕندەیان لە خۆڵ وەردا، دوو تێکۆشەر و دوو ئەوینداری ئازادی و گیانبازی رێگای ئازادکردنی خاکی کوردستان، بۆسەی دوژمنیان تێک شکاند و سەلماندیان کە ئیرادەیان زۆر بەهێزترە لەوەیکە دوژمن بە خەیاڵی خاو و بە هەموو چەک و تەقەمەنییەکەوە ئاگری لە شاخی کۆساڵان بەردا تا ئەو پێشمەرگانە بە چۆکدا بێنێ.

بەرپرسانی هێزی دژەئینسانیی پاسدارانی جەماران دەیانەویست کاوە بە چۆکدا بێنن ، بەڵام بەپێچەوانەوە کاوە سەرکەوت! لە شەڕی دەستەویەخەی نێوان تاریکی و رووناکیدا، لە پێکداهەڵپڕژانی دڕندەیی و جوامێریدا، لە شەڕی دژوار و تاقەت پڕووکێنی مەردی و نامەردیدا، ئەوە نەبەردی و بەهێزی و بڕوای پۆڵایینی کاوە و سەرکەوت بوو کە لە حەماسەی کۆساڵان و لە تراژێدیای بۆڕیەردا، مێژووی دەستەمۆ کرد و وەک چۆن لە کەتیبەکەی تەنگیوەردا بەسەر گاشەبەردەکانەوە رووداوی مێژووی هەڵکەندراوە، کاوە و سەرکەوت بە ئارەقەی ماندوویەتییان و بە خوێنی خولیای ئازادییان لە سەر دڵی گاشەبەردەکانی کۆساڵان داستانی حەماسەکەیان هەڵکەند.

کۆماری ئیسلامی وای بڵاو دەکردەوە کە هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بە تەنیا ماوەتەوە و خەڵک پاروە نانێکیشی نەداوە. هێزەکانی رێژیم وایان خەونی گولی دەبینی کە پێشمەرگەی دێموکرات ورەی بەرداوە و بڕوای تێدا نەماوە و بە بۆسەدانانەوەیەک هەموویان یان هەڵ دێن یان چۆک دادەدن بۆ تاریکی.

ئەوەی پیلان و شەڕی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ دەروون و بڕواکانی کورد و کوردستان بوو، بۆ ئەوە بوو کە خۆیان بە دەسەڵاتی رەها بەسەر هزرو مێشکی کوردستانەوە نیشان بدەن و هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتیش بە دۆڕاو و سووک و رووزەرد بە خەڵک بناسێنن تاکوو چیدی کەس هیوا لەسەر دێموکرات و پێشمەرگە و کاوە و سەرکەوت هەڵنەچنێ.

لە درێژەی پیلانەکانیاندا، هێزەکانی رێژیم شوێن پێی کاوە و سەرکەوتیان هەڵ گرت و رۆژی ١٥ی پووشپەڕی ١٣٩٥، لە مانگی پووشپەڕدا، لە مانگی پەیمانی نوێکردنەوەی رۆڵەکانی دێموکرات لەگەڵ رێبەری ناوداریان دوکتۆر قاسملووی نەمردا، ویستیان بە هێرشی لەناکاو و چاوەڕواننەکراو، کاوە و سەرکەوت وەک دوو کەوی بێدەرەتان دەسبەسەر بکەن و لەنێو رای گشتیدا بە زەبوونی نیشانیان بدەن تاکوو لە رۆحیەی شۆڕشگێڕانەی نەتەوەیەک بدەن و نەک شەڕێکی کورتی تاکتیکی، بەڵکوو لە شەڕی بەردەوامی داگیرکاری دژ بە رۆحیەی سەرهەڵدان و خۆڕاگریی کوردستاندا پەیکی سەرکەوتنی مەزن لێدەن.

رۆژی ١٥ی پووشپەڕ، لە شەڕی دەستەویەخەی شۆڕشگێڕی و تاوانباریدا، دوو نوێنەری ئازا و ئازاد و چاو پڕلە برووسکەی کۆڵنەدان و بەرخۆدان، مێژوویان پەلکێشی کۆساڵان و بۆڕیەر کرد و دووبارە دوژمنیان مایەپووچ کردەوە و لەو شەڕە بەتەواوی نابەرابەرەدا، دووئیرادەی بەرز و نارنجۆکێک بەسەر سەدان پاسداری تیرۆریست و جبەخانەی تاریکپەرستیدا سەرکەوتن، تاکوو دووبارە بسەلمێندرێتەوە کە ئیرادەی شۆڕشگێڕی و بەرزی مرۆیی زۆر بەهێزتر و بەرزترە لە چەکوچۆڵی دوژمنان.