کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کتێبی خۆری تاریک بە ئاسمانی کۆڵانە تەنگەبەرەکانەوە چاپ و بڵاو کرایەوە

16:46 - 19 خەزەڵوەر 2716

کوردستان میدیا: کتێبی خۆری تاریک بە ئاسمانی کۆڵانە تەنگەبەرەکانەوە بە زمانی نۆروێژی لە نووسینی سەننار ئەرەسزادە چاپ و بڵاوکرایەوە.

ئەم کتێبە لە دووتوێی ١٥٠ لاپەرەدا نووسراوە کە تێیدا نووسەر کەتوارەکانی ژیانی خۆی کردۆتە دەسمایەی ڕۆمانێکی ئەدەبی و سەرنج راکێش و ئەزموونەکانی ژیان و بەسەرهاتی خۆی کە وێنەیەکە لە ژیان و بەسەرهاتی نەوەی نوێی کوردستان، بە شێوەیەکی ڕەوان و جوان، گێڕاوەتەوە.

نووسەر هەروەها لەو کتێبەدا دەرفەتی بۆ خوێنەری نۆروێژی خوڵقاندوە کە باشتر لە ژیان و گوزەرانی خەڵکانی دیکە و بەتایبەتی ئازار و ژانەکانی ئەو کەسانە حاڵی بن کە وەک پەنابەر ڕوو دەکەنە ئەو وڵاتە.

بەڕێوەبەری دەزگای بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە لە نۆروێژ بەمەبەستی دەرکەوتنی بایەخی ئەدەبی ئەو رۆمانە کورتە پیناسەیەکی لەسەری نووسیوە کە دەقەکەی بەم چەشنەیە: ئەوە داستانێکی گیرا و سەرنج ڕاکێشە. بابەتەکانی وەک دۆستایەتی، دوژمنایەتی، شادی و خەم و پەژارە و عیشق و خۆشەویستی و ڕق و قین دەخاتە بەرباس. کتێبێکە بە شێوەیەکی زیندوو پێمان نیشان دەدات کە لە ناوچەکانی دیکەی ئەو دونیایەدا چ دەگوزەرێت و با لە ئێمەشەوە دووربن، چۆن پێوەندیان بە ئێمەوە هەیە.

سەننار ئەرەسزادە لە لاپەڕەی فەیس بووکی خۆیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە داهاتی فرۆشی ئەم رۆمانە پێشکە ش دەکات به ڕاسانی نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

ناوبراو ماوەیەک پێش ئێستاش ڕاپۆرتێکی لەسەر ئەو کچانەی کە لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە ڕفێندراون بەناوی (Kurderjenter kidnappet av Iransk etterretning) لە ڕۆژنامەیەکی بەناوبانگی نۆروێژی (فری هه تن ئورگانی حیزبی مارکسیست كۆمۆنيستی وڵاتی نۆ‌روێژ) بڵاو کردەوە.