کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کتێبی ئینسانێک بە پێوە لە نووسینی دوکتور فرێدریک تێسۆ ڕوونوێنی کرا

16:46 - 10 خەزەڵوەر 2716

کوردستان میدیا: کتێبی ئینسانێک بە پێوە لە نووسینی دوکتور فرێدریک تێسۆ، دۆستی نزیکی دوکتور قاسملوو لە شاری سلێمانی ڕوونوێنی کرا.

ڕۆژی یەکشەممە هەیئەتێکی کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێکەوتی ٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی بەشداری لە ڕێوڕەسمی ڕوونوێنی کتێبی نوێی فرێدریک تێسۆ، دۆستی نزیکی شەهید دوکتور قاسملوو، لە ناوەندی چاپەمەنیی غەزەلنووس لە شاری سلێمانی، کرد.

لەو ڕێوڕەسمەدا هەیئەتێکی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات لە شاری سلێمانی بە سەرپەرەستیی تاهیر مەحموودی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات بەشداریان لەو ڕێوڕەسمەدا کرد.

لە میانەی ئەو ڕێوڕەسمەدا تاهیر مەحموودی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات سێ بەرگ کتێب، کە لەسەر ڕوانگە و نووسراوەکانی دکتور قاسملووە نوسرابوون یا وەڕگێڕدرابوونەوە سەر زمانەکانی دیکە پێشکەش بە دوکتور تێسۆ کرد.

دوکتور فرێدریک تێسۆ بە بەشداری نوسەران، ئەندامانی ناوەندەنی چاپەمەنی غەزەلنووس و ژمارەیەک لە وەگێڕانی کورد ڕوونوێنی لە سەر کتێبی ئینسانێک بە پێوە کرد.

لە سەرەتای ئەو ڕێوڕەسمەدا دوکتور تێسۆ خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە دووبارە خۆی لە کوردستان و نێو دۆستانی کۆنی‌دا دیتەوە و هیوای خواست کە بتوانێت هەمیشە لە نێو ئەو دۆستانە دابێت و هەر دەم خزمەت بە گەلی کورد بکات.

پاشان دوکتور تێسۆ گوتی کە ئەم کتێبە پێشکەش بە دکتور قاسملو و شەڕەفکەندی دەکەم کە دۆستی هەرە گەورە و مامۆستای من بوونە.
پاشان ناوبراو باسی ئەوەی کرد پێم خۆش بوو ئەو کتێبە و زۆر نوسراوەی دیکە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات چاپ و بڵاو بکەمەوە بەڵام دۆخی سیاسی لە ئێران و ڕێژیمی ئێران ئەو دەرفەتەی لە هەموو کەسێک ئەستاندووە و سەرکوتی خەڵک دەکات.

دوکتور تێسۆ هەروەها باسی ئەوەی کرد کە ئێستا باشترین دەرفەتە بۆ سەربەخۆیی کوردستان و دەبێ ئەو دەرفەتە لە دەست نەدەین چونکە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژئاوایی پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەن و دەزانن کورد دۆستی ڕاستەقینەی ئازادی و دێمۆکراسییە.

هەروەها باسی لەوە کرد من نەک یەک دەوڵەتی کوردستان بەڵکوو دەڵێم کورد شایانی ئەوەیە کە لە هەر بەشێک لە کوردستان خاوەنی دەوڵەتی خۆی بێت و ئیدارەی خۆی بکات.

دوکتور فرێدریک تێسۆ لە کۆتایی دووبارە جەختی کردووە کە خۆشحاڵم خۆم لە کوردستان دەبینمەوە.