کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کتێبێکی دیکە بە کتێبخانەی کوردی زیاد کرا

18:03 - 19 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: پڕ ناوەڕۆکترین فەرهەنگی مێژووی وێژەی کوردی، لە شاری سنە پەردەی لە سەر لادرا.

ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ١٨ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، پڕ ناوەرۆکترین فەرهەنگی وێژەی کوردی، لەژێر ناوی "فەرهەنگی زانستگای کوردستان" لە تالاری "مەولەویـ"ـی زانکۆی کوردستان لە شاری سنە ڕوونوێنی کرا.

ئەو فەرهەنگە "کوردی ـ فارسیـ"ـیە ٤ بەرگی لە خۆ گرتووە، کە ٩٣ هەزار "مدخلـ"ـی هەیە و لە ماوەی ١٠ ساڵدا لە لایەن گرووپی لێکۆڵینەوەی، کوردناسیی زانکۆی کوردستان بە سەرپەرەستیی "ماجد مەردووخ ڕۆحانی" کۆ کراوەتەوە.

ئەم فەرهەنگە ٩٣ هەزار "مدخل" ، ٨٦ هەزار و ٨٢٦ " لێکدراوی فرمانی و ناوی جیاواز"، گەردانکردن و شرۆڤەی ٥ هەزار و ١٧١ "چاوگ"، ١٥ هەزار و ٧٨٠ "شایەت و نموونە"، زیاتر لە ١ میلیۆن وشە، ٦ هەزار و ٤١٨ "بیاڤی واتایی" و ٢٦ هەزار و ٨٠٨ "سەردانکردنـ"ـی لە خۆ گرتووە.

ئەم فەرهەنگە بە بەشداریی شاعێران، نووسەران، مامۆستایان و هونەرمەندانی کوردستان ڕوونوێنی کرا.

بەشی لێکۆڵینەوەی کوردناسیی زانکۆی کوردستان، ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوی دامەزرا و هەتا ئێستە ٣٥ کتێبی لە بواری وێژەی کوردی چاپ کردووە.