کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورتەیەک لەسەر ریشەی نەورۆزی جامانە و خاکی‌پۆشەکان

17:47 - 6 خاکەلێوه 2718

ڕەزا فەتحوڵانژاد

ناسینی ریشەی نەورۆزی جامانە و خاکی‌پۆشەکان کە یەکێک لە باشترین وەڵامەکانی زنجیرە تیرۆرە سەرلەنوێ دەسپێکراوەکانی بەرەبەری نەورۆزی ئەمساڵ بە دژی کادر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لە لایەن رێژیمی تارانەوە بوو، دەتوانێ یارمەتیدەر بێت لە بەرەوپێشبردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازانە و رزگاریخوازانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دەکرێ بڵێین ریشەی نەورۆزی جامانەکان لە مێژووی پتر لە حەوت دەیە خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا و خەباتی حیزب و رێکخراوەکانی دیکە بە بارتەقای قورسایی خۆیانە، بەڵام ناکرێ خۆمان لەو پرسیارە نەدەین هۆکاری چییە ئەمە تەنیا دوو نەورۆزە، شکۆیەکی پڕشۆڕشگێڕانە و بەو جۆرەی کە شایستەیەتی بڕاوە بە باڵای نەوڕۆزدا؟

بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ژێئۆپۆلتیکی کوردستان زۆرترین کاریگەری لەسەر سەخت و دژواربوونی خەباتی کورد بۆ رزگاری لەژێر داگیرکەر لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا هەبووە. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕووی پشت‌قایم‌بوونی بە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە درێژایی چوار دەیەی رابردوو بە چەندین هەنگاو بەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا زاڵ بووە، بەڵام ئەوەی وای کردووە رێژیمی تاران بتوانێ درێژە بە داگیرکاری، سەرکوت و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی ئەو بەشە لە نیشتمانی کوردان بدات چ نەبووە جگە لە زاڵبوونی هاوکێشە نێونەتەوەیی و ناوچەییەکان و رێککەوتنی بەرەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە دەیەی یەکەمی لەسەرکاربوونی ئەو رێژیمە و رێککەوتنی نەنووسراوی زلهێزەکانی سێ دەیەی رابردوو لەسەر مانەوەی رێژیم. کێشەی کورد، کێشەی ئەو بەناو نەزمە بووە کە لە پلەی یەکەمدا دابینکەری بەرژەوەندیی زلهێزەکانە و هۆکاری بەرچاوی بە داگیرکەرمانەوەی داگیرکەر و بە ژێردەست مانەوە و تەنانەت توانەوەی بندەستەکانە. مێژوو شایەتی ئەو راستییە دەدات کە بەگشتی تەنیا نەتەوە خەباتگێڕ و مافخوازانەکانن کە دەتوانن لەو نەزمەدا جێی خۆیان بکەنەوە و رێگەی گەیشتن بە ئارمانە باڵا مرۆڤتەوەرەکانیان واڵا بکەن.

دوو فاکتەری دەرگیر بۆ بردنەسەرەوەی رادەی گڕوتین و ئاستی کاریگەری خەباتی نەتەوەی بندەست، سیاسەتی بەجێ و بڕیاری شۆڕشگێڕانەیە بە جۆرێک کە نەبوون یان کاڵبوونی هەر کامیان، لاوازی و رەنگە لەنێوچوونی خەباتەکەی لێبکەوێتەوە. سیاسەتی ئیدارەی رەوتی خەبات شتێک نییە بە پڕوپاگەندە و هەراوهوریا و مل‌ئەستوورکردن بچێتە پێشەوە، بەڵکوو هونەرێکە لە هەڵبژاردنی باشترین بژاردە، هونەرێک کە لەلایەکەوە ئاوێتەی بڕیاری شۆڕشگێڕانە و پرەنسیپی ئەخلاقییە و لەلایەکی دیکەوە لە پێناو ئامانجی باڵای مرۆڤتەوەرانەیە. پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان ئەو ماکانەدا، هێڵێکی جیاکەرەوەیە لە نێوان ئەم سیاسەتە لەگەڵ سیاسەتی ماکیاویلیستی کە بنچینەکەی بەڕێوەبردنی وڵاتە بە هەر نرخێک و ئەوەی ناکرێتە بنەما تێیدا ئامانجی بەرز و مرۆڤتەوەرانەیە. ئەم هێڵکارییە لەوێڕا گرینگییەکی پڕڕەنگی هەیە کە بزانین گەر سیاسەتی ماکیاویلیستیمان پێ باش بێت، ئەوا ئەساسەن خەبات و هەوڵدان بۆ رزگاری نەتەوەیی لە مانای خۆی بەتاڵ دەبێتەوە.

نموونەیەکی بەرچاوی ئەو سیاسەتە بەجێ و شۆڕشگێڕانەی حیزبی دێموکرات کە یەکێک لە بەردەکانی بناغەی نەورۆزی جامانەکانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی لە نێوەڕاستی دەیەی نەوەدی سەدەی رابردوو، کۆماری ئیسلامی هەلومەرجی ناسکی هەرێمی تازەخودموختاری باشووری کوردستانی قۆستەوە بۆ ئەوەی رێبەرایەتیی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵات بخاتە هەلومەرجێکەوە کە بووژانەوە و بەهێزبوونەوەی بۆ هەمیشە بکرێتە ئەستەم و نەلواو. ئەم حیزبە لە کاتێکدا دەیتوانی بۆ بەردەوامبوون لەسەر شەڕی چەکداری بکەوێتە داوی شەڕی براکوژییەوە یان پێشنیاری ئانکارا و بەغدا بۆ گواستنەوەی بنکەکانی قەبووڵ بکات، بڕیاری راگرتنی خەباتی چەکداری دا، بڕیارێک کە نەتەنیا ئەخلاق لە سیاسەتی تێدا رەچاو بوو، بەڵکوو بڕیاری شۆڕشگێڕانەی تێدا بەرچاو بوو، بەتایبەت لەوێڕا کە رێبەرایەتیی ئەو حیزبە دەیزانی پێ دەنێتە قۆناخێکی ئەستەم و تاقەت‌پڕووکێنەوە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خاڵەی کە زۆربەی ئەو بزووتنەوە رزگاریخوازانەی سەدەی بیستەم کە ناچار بە لەبەرگرتنی خەباتی چەکداری ببوون، بە راگرتنی خەباتە چەکدارییەکە بە جۆرێک لاواز ببوون کە هەستانەوەیان نەلواو بووە.

هەر لە نێوەڕاستی ١٩٩٦ەوە تا بەهاری ٢٠١٥ کە حیزبی دێموکرات بڕیاری گەڕانەوەی بەشێک لە هێزەکانی بۆ شاخ دا، حیزبی دێموکرات بە چالاکی فرەڕەهەندی، سەرەڕای نەبوونی هیچ دەرفەتێکی چالاکی پێشمەرگانە لە نێوخۆی وڵات، نەتەنیا توانی ئاڵای خەبات شەکاوە رابگرێت بەڵکوو دەکرێ بڵێین توانی ئاستی خۆشەویستی و نفووزی جەماوەری حیزب بەرەوسەرتریش ببات. بەڵام پشتیوانی جەماوەری بەتەنیا ناتوانێ لە هاوکێشە سیاسییەکاندا بە رادەی پێویست وەدیارت بخات، بۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش نزیک بە بیست ساڵ، لە بڕیارێکی شۆڕشگێڕانەدا کە هاوسەنگی سیاسەتی بەجێ بوو، بەسەر دیواری بڕیاری نێوان رابردوو و داهاتوودا سەرکەوت، دیوارێک کە کۆماری ئیسلامی، بە قۆستنەوەی هەلی رازیبوونی جەمسەرە جیاوازەکان بە مانەوەی و بە کڕینی لایەنی جیاواز بە پارەی تاڵانکراوی سەروەت و سامانی ئێران و خودی کوردستان، ڕۆژ نەبوو بیر لە پتەوترکردن و بەرزکردنەوەی نەکات.

لە نەورۆزی ٢٠١٦دا، بەڕێز مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات بڕیاری ئەم حیزبەی بۆ دەسپێکردنی چالاکی پێشمەرگە لە نێوخۆی وڵات راگەیاند و بەمەش قۆناخێکی نوێ و پڕ لەسەروەری دەستی پێکرد بە ناوی راسان.

بەردەوامی ڕاسان بۆ ماوەی دوو ساڵ و چالاکی پێشمەرگە لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان هەر لە ماکۆوە تا کرماشان (لە ئیلام زۆربەی چالاکییەکان پتر تەبلیغاتی بوون، لەبەر باری جیۆگرافی) لە تەنیشت سەلماندنی ورەی بەرز، ئیمانی پۆڵایین، لەخۆبردوویی و گیانفیدایی پێشمەرگەکانی دێموکرات کە شەهیدبوونی ژمارەیەک لە باشترین ڕۆڵەکانی جەرگەی خەباتی بەدواوە بوو، بوونە هۆکارگەلێک کە دۆست و دوژمن بۆ جارێکی دیکەش بزانن کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەنگەری لەگیران نەهاتووی ئازادی و رزگارییە.

لە ١٣٨٥ەوە بۆ ماوەی چەند ساڵی یەک لەدوای یەک، لە ٢٢ی پووشپەڕەکان، ساڵڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور قاسملووی نەمردا، لەسەر داوای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، خەڵکی لانیکەم پێنج شاری کوردستان بە تێکڕایی و سەداسەد و خەڵکی شارەکانی تری ڕۆژهەڵات بە ڕادەی بەرچاو، دووکان و بازاڕەکانیان داخست، بەپیربانگەوازچوونێک کە مێژووی ئەم نەتەوە زوڵملێکراوە بە ئاوی زێڕ دەینووسێتەوە. گرینگە بزانین یەکێک لە جیاوازییە بەرچاوەکانی مانگرتنەکانی ٢٢ی پووشپەڕ لەگەڵ نەورۆزی جامانەکان لەوەدایە کە دووهەمینیان لە هەلومەرجێکدا بەڕێوە چووە کە بڕیاری ڕاسان دراوە و هەستانەوە سەر پێی ڕۆژهەڵات لە خۆزگەوە بووەتە راستییەکی حاشاهەڵنەگر ئەویش لە کاتێکدا کە دێوەزمەی رێژیمی تاران نەک لە هەناسەدان نەکەوتووە، بەڵکوو لانیکەم لە رووی ناوچەییەوە زیاتر کەوتووەتە دەست وەشاندن.

خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات شایانی سەمای جامانە لە نەورۆزی جامانە و خاکی پۆشەکاندایە، چون خاوەن بزووتنەوە و خەباتێکی پڕسەروەرین، چون سیاسەتە ماکیاویلیستی و لە ئەخلاق داماڵڕاوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان کردووەتە بڵقی سەر ئاو و کەپووری بەناو ستراتیژیستی نیزامی و لە ڕاستیدا نۆکەرانی دەرباری ئایدیۆلۆژی ترس و تۆقاندنیان لە زەوی داوە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.