کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورد و دەستووری نوێی تورکیە

17:29 - 6 خاکەلێوه 2717

ئەلبۆرز ڕووئین تەن

گۆڕینی دەستووری تورکیە کە گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی بە دوای خۆیدا دێنێت، لە بابەتە هەرە چارەنووسسازەکانی ئەمڕۆی وڵاتی تورکیەیە کە لە ١٦ی ئاوریل ڕێفراندۆم بۆ قبوڵ کردن یا ڕەد کردنەوەی بەڕێوە دەچێت. ئەو گۆڕانکارییە گرنگییەکی تایبەتی بۆ گەلانی تورکیە هەیە، چوونکە سیستمی چەندین ساڵە دەگوڕێت و بەشیکی تر لە دەستووری ساڵی ١٩٨٢ کە بە دەستووری کودەتای کەنعان ئەورەن ناسراوە دەگۆڕێت.

هەروەها گۆڕینی ئەو دەستوورە لە بەرنامەی هەموو پارتەکاندا هەیە و هەروەها بەشێک لەو دەستوورە لە ساڵانی ڕابردوودا گۆڕا کە هەندێک لەو گۆڕانانە بە سوودی کورد تەواو بوون. بەڵام گۆڕانکاریی ئەو جارە کە خۆی لە ١٨ ماددەدا دەبینێتەوە بۆ گۆڕینی سیستمی پارلەمانی بۆ سەرۆکایەتییە کە داخوازێکی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری ئێستا و دامەزرێنەری پارتی داد و گەشەپێدان و سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیەیە کە بە یەکێک لە کاریگەرترین سیاسەتمەدارانی تورکیە لە دوو دەیەی ڕابردوودا هەژماردەکرێت کە توانیویەتی هەموو هەڵبژاردنەکانی پازدە ساڵی ڕابردوو و بەر لەویشە وەکوو سەرۆک شارەوانیی ئیستانبول بباتەوە، هەروەها خاوەنی ویزونی تورکیەی ٢٠٢٣ یە کە دەیهەوێ لە سەدەمین ساڵیادی دامەزراندنی سیستمی کۆماری لە تورکیە، تورکیە لە بواری ئابووری و هێزەوە بخاتە ڕیزی ١٠ وڵاتی یەکەمی دونیا.

ئەو گۆڕینە و هێنانی سیستمی نوێ بە پێداویستییەکی ئێستای تورکیە و گەیشتن بەو ویزونە دەزانێت، هەر بۆیەش پارتی داد و گەشەپێدان سەرەتا لە ساڵانی پێشووو بە تایبەتی لە کاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ئاشتی هەوڵی ئەو گۆڕینە و زۆر گۆڕینی تری بە تایبەتی لەگەڵ هەدەپە دەست پێکرد، بەڵام بە نەتیجە نەگەیشتن و تەنانەت دوای سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردوو، بە دەست هینانی ٨٢ کورسی و دروست بوونی ناکۆکی لە نێوان ئەو پارتە و لەنێوچوونی پرۆسەی ئاشتی و دروست بوونی ئاڵۆزی لە تورکیە و باکووری کوردستان، چەند مانگێک بەر لە دەست پێشخەریی مەهەپە پارتی ڕەگەزپەرەستانی تورک و پرۆسەی دانانی ئەو گۆڕانکارییە پێکەوە لەگەڵ پارتی دادوگەشەپێدان دەستی پێکرد. بە ١٨ ماددە پاکەتی نوێ هێنرایە نێو پارلەمان و پەسند کرا.

ئێستاش لە مەیدانەکانی تورکیە و باکووری کوردستان بۆ پەسەند کردنی لە لایەن خەڵکەوە ڕێکلامی بۆ دەکریت و هەروەها دژبەرانی ئەو گۆڕینەش بۆ ئەوەی پەسەند نەکرێت، کە جەهەپە و هەدەپە و زۆر پارتی تر لە خۆ دەگرێت هەوڵ دەدەن.

بۆ ئەوەی بە تەواوی پێگەی موافق و دژبەرانی ئەو گوڕینە و پێگەی کورد لەو گۆڕینی دەستوورەدا شی بکەینەوە، سەرەتا چاوخشاندنێکی خێرا و کورت بە سەر ماددە نوێیەکانی ئەو دەستوورەدا دەکەین و بۆ ئەوەی بە بەرچاوڕوونییەکی تەواوەوە بابەتەکان تاوتوێ بکەین.

ماددەی یەکەم: ماددەی نۆیەمی دەستووری کۆماری تورکیە کە دەڵێ؛ دادوەری سەربەخۆیە، وشەی بێ‌لایەنی پێوە زیاد دەکات و بەو شێوەیە دێت: دادوەری سەربەخۆ و بێ لایەنە.

ماددەی دووهەم: ماددەی ٧٥ ی دەستووری پێشووو کە دەڵێ؛٥٠٠ ئەندامی پارلەمان بۆ ٦٠٠ ئەندام پارلەمان دەگۆڕێ.

ماددەی سێهەم: بەندی یەکەمی ماددەی ٧٦ی دەستووری پێشووو، ژمارەی ٢٥ مانگ بۆ ١٨ مانگ دەگۆڕێت ولە بەندی دووهەمدا، ڕستەی؛ ئەوانەی خزمەتی لەشکرییان نەکردووە بۆ هەڵاتوانی خزمەتی لەشکری دەگۆڕێت.

ماددەی چوارەم: ماددەی ٧٧ی دەستووری پێشووو دەگۆڕێ کە بەو شێوەیە دەبێ: هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری و پارلەمانی تورکیە پێنج ساڵ جارێک بەڕیوەدەچێت و ئەندام پارلەمان دەتوانێ بۆ جارێکی دیکەش خۆی هەڵبژێرێتەوە و ئەگەر بێتو لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری‌دا بەربژێر نەتوانێ زۆرینەی دیاریکراو بەدەست بێنێ، ئەوا قۆناغی دووهەمی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت.

ماددەی پێنجەم: ماددەی ٨٧ی دەستووری پێشووو دەگۆڕێ و بەو شێوەیە دەبێ: ئەرکەکانی پارلەمانی تورکیە یاسا دانان، یاسا گۆڕین و سڕینەوەی یاسا دەبێ. یاسای بوودجە و حیسابی دیاریکراو تاوتوێ دەکات و قبوڵی دەکات. چاپی پارە و ڕاگەیاندنی شەڕ و پەسەند کردنی ڕێککەوتننامە نێونەتەوەییەکان و بڕێاردان لە سەر بەخشینی گشتی و تایبەتی بە زۆرینەی سێ لە سەر پێنجی پارلەمان و هەروەها بەجێهێنانی ئەرک و مافەکانی تری دیاری کراو لە دەستووری تورکیەدا دیاری دەکات.

ماددەی شەشەم: ماددەی ٩٨ی دەستووری پێشوووی تورکیە بەو شێوەیە دەگۆڕێ: پاڕلەمانی تورکیە لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەی پارلەمان و تاوتوێ کردنی گشتی و لێپرسینەوەی پارلەمان و لە ڕێگەی پرسیاری بە نووسراو و وەرگرتنی زانیاری، ئەرکەکانی چاودێری کردنی خۆی بەڕێوەدەبات. لێکۆڵینەوەی پاڕلەمان بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتێکی دیاریکراو بۆ بەدەست هینانی زانیاری پێویستە. تاوتوێ کردنی گشتی بە مەبەستی تاوتوێ کردنی بابەتێکی دیاریکراوی چالاکییەکانی حکومەت و خەڵک لە دانیشتنی گشتی پارلەمانە. لێپرسینەوەی پارلەمان بۆ سەرۆک کۆمار و جێگرەکانی و وەزیرەکانە لە سەر ئەو بابەتانەی کە لە بەندی پێنجەم و شەشەمەم و هەفتەمی ماددەی ١٠٦ی دەستووردا دیاری کراوە، پرسیار بە نووسراو، پرسیاری ئەندامانی پارلەمانە لە سەرۆک کۆمارو جێگرەکانی و وەزیرەکان بە مەرجی وەڵامدانەوەی لە ماوەی کەمتر لە پازدە ڕۆژ دا.

شێوازی دەست پێکردن و ئەنجام دانی ئەو ئەرکانەی سەرەوە بە گوێرەی پێڕەوی نێوخۆی پارلەمان، یاساکانی پێوەندیدار دەبێت.

ماددەی حەفتەم: ماددەی ١٠١ی دەستووری پێشووو دەگۆڕێ و لەوێدا ئاماژە بە مەرجەکانی سەرۆک کۆمار دەکات کە دەبێ تەمەنی لە چل ساڵ بەرەو سەر بێت و ڕەگەزنامەی کۆماری تورکیەی هەبێت، و هەروەها ڕاستەوخۆ لە لایەن خەڵکەوە بۆ پێنج ساڵ هەڵدەبژێردرێت و دەبێ لە لایەن حیزبێکی سیاسی کە لە دوایین هەڵبژاردندا لانیکەم پێنج لە سەدی دەنگی بەدەست هێنابێت و سەدهەزار دەنگی هێنا بێتەوە بەربژێر دەکریت و هەر کەس تەنیا دو دەورە دەتوانێ ببێ بە سەرۆک کۆمار. هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە چەند قۆناغ پێکدیت، ئەگەر زۆرینەی دیاری کراوی بەدەست نەهێنابێت و هەروەها چۆنیەتیی هەڵبژرادنەکە بەپێی یاسا ڕێک دەخریت.

ماددەی هەشتەم: ماددەی ١٠٤ ی دەستووری پێشوو دەگۆڕێ و لەوێدا ئاماژە دەکات کە؛ سەرۆک کۆمار وەک بەرپرسی دەسەڵاتی جێبەجێ کردنە کە جێگرەکانی دیاری دەکات و کابینەی حکومەت دیاری دەکات و حکومەت بەڕێوە دەبات، سەرۆکی دەستەکانی باڵا دیاری دەکات و لە کار لایان دەبات و نوێنەرایەتیی خەڵک و دەوڵەتی تورکیە دەکات و ماددەکانی دەستوور بەڕێوەدەبات و بە پێویستی بزانێ لە دەستپێکی ساڵی نوێی یاسادانان لە پارلەمان قسە دەکات و هەروەها بڕیارنامە سەبارەت بە بابەتی جیاواز دەردەکات، بە ناوی پارلەمان سەرۆکایەتیی هێزە چەکدارەکان دەکات و سیاسەتەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتوەیی دادەڕێژێت و پەیوەندییەکانی تورکیە و وڵاتان ڕێکدەخات و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی قبول دەکات و... هتد.

ماددەی نۆیەم: ماددەی ١٠٥ی دەستووری پێشوو دەگۆڕێ و لەوێدا باس لە چۆنیەتی لێپرسینەوە لە سەرۆک کۆمار دەکات لە کاتێکدا تووشی تاوانێک بێت و ئەو چەندەش بە دەنگی زۆرینەی پارلەمان دەست پێدەکات و میکانیزمەکەی دیاری دەکات.

ماددەی دەیەم: ماددەی ١٠٦ی دەستووری پێشوو دەگۆڕێ، لەوێدا ئاماژە بە چۆنیەتی کار و دانانی جێگرەکانی و وەزیرەکان و وەکالەتەکانی لە لایەن سەرۆک کۆمار دەکات و هەروەها ئەگەر سەرۆک کۆمار نەتوانێ ئەرکی خۆی بە هەر هۆکار بە جێ بگەینێ، لە ماوە ٤٥ ڕۆژدا بۆ هەڵبژاردنی نوێ دەڕوات، ئەگەر پارلەمانیش کەمتر لە ساڵێکی نەمابێ، ئەوا پارلەمانیش نوێ دەکرێتەوە. هەروەها حەسانەی ئەندام پارلەمان دەدات بە وەزیر و جێگرەکانی کە لە دەرەوەی پارلەمان دیاری دەکرێت. هەروەها چۆنیەتی وەرگرتنی حەسانە و دەست پێکردنی لێپرسینەوە لە کاتی ئەنجام دانی تاوان دیاری دەکات.

ماددەی یازدەیەم: ماددەی ١١٦ی دەستووری پێشوو دەگۆڕێ، لەوێدا ئاماژە دەکات کە؛ پارلەمان دەتوانێ بە زۆرینەی سێ لەسەر پێنجی دەنگی ئەندامانی پارلەمان بڕیار بدات هەڵبژاردنی پارلەمان و سەرۆک کۆمار نوێ بکاتەوە. هەروەها سەرۆک کۆماریش دەتوانێ هەڵبژاردنەکانی پارلەمان نوێ بکاتەوە، بە مەرجی نوێ کردنەوەی هەڵبژاردنی خۆی، هەروەها لە کاتی نوێ کردنەوەدا ئەو دەورەی هەژمار دەکرێت.

ماددەی دوازدەهەم: ماددەی ١١٩ی دەستووری پێشوو بەو شێوەی خوارەوە دەگۆڕدرێت کە؛ لەوێدا چۆنیەتی ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە کاتی دیاریکراودا و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کاروباری حکومەت لە لایەن حکومەتەوە دیاری دەکات.

ماددەی سێزدەیەم: بە ماددەی ١٤٢ی دەستووری پێشوو بەندێک زیاد دەکات کە ئاماژە دەکات بە چۆنیەتیی دامەزراندنی دادگای لەشکری کە جیا لە دیسیپلینی لەشکری، دامەزراندنی ئەو دادگایانە دەبەستێتەوە بە هەبوونی شەڕ.

ماددەی چواردەهەم: وێڕای چەند گۆڕانکارییەک کە لە ماددەی ١٥٩دا سەبارەت بە چۆنیەتی دەستنیشان کردنی ئەندامانی ئەنجومەنی دادوەر و دۆزگەری گشتی کە لە سێزدە ئەندام پێک دێت لە لایەن سەرۆک کۆمارەوە کە سەرۆکی ئەو ئەنجومەنە وەزیری داد و هەروەها دوو ڕاوێژکاریەتی، هەروەها بەشێکی زۆری ئەو ئەندامانە لە ڕێگەی سەرۆک کۆمارەوە بە شێوەی سەربەخۆ و ناسەربەخۆ دیاری دەکرێن. هەروەها چۆنیەتی دەستنیشان کردنی ئەندامی نوێ لە کاتی نەمانی یەکێکیان دیاری دەکات.

ماددەی پازدەهەم: ماددەی ١٦١ی دەستووری پێشوو سەبارەت بە بوودجە دەگوڕێ و باس دەکات کە؛ سەرۆک کۆمار بوودجە و بەرنامەی یەک ساڵ بۆ هەموو وەزارەتەکان و دەزگاکان و دەستەکانی حکومەت دیاری دەکات و بۆ تاوتوێ کردن دەینێرێتە پارلەمان و لەوێ پەسەند دەکرێت.

ماددەی شازدە و حەڤدە و هەژدە بە گشتی چۆنیەتی گۆڕینی ماددەکانی دەستووری پێشوو بۆ گونجاندن لەگەڵ دەستووری نوێدایە کە ژمارەیەکی زۆر ماددە و بەند دەگۆڕدرێن، چوونکە سیستمی بەڕێوەبردنی تورکیە لە پارلەمانی بۆ سەرۆک کۆماری یا سەرۆکایەتی دەگۆڕێت.

ئەو ١٨ ماددە نوێیە بە ژمارە کەم بەڵام بە ناوەڕۆک زۆر بابەت لە تورکیە دەگۆڕێت. سەرەتا بە کورتی هۆکاری موافق بوون و دژبوونی هێز و لایەنە سیاسییەکانی گۆڕەپانی سیاسەتی تورکیە باس دەکەین.

موافقەکان:

پارتی دادوگەشە پێدان و هەروەها مەهەپە کە وەک هێزی سەرەکیی موافقی ئەو گۆڕانکارییەن و داڕشتنی ئەو گۆڕانکارییەش لە لایەن ئەوانەوە کراوە، هۆکاری پێویست بوونی ئەو گۆڕانکارییەش بەو شێوەیە شی دەکەنەوە. سیستمی ئێستای تورکیە کە بەرهەمی کودەتای ساڵی ١٩٨٠ی سەرۆکی لەشکری تورکیە کەنعان ئەورەنە دەسەڵاتی جیبەجێ کردن لە نێوان دوو سەری سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیران کە حکومەت لە خۆ دەگرێت دابەش کردووە و دواتر خۆی بووەتە سەرۆک کۆمار، سەرۆک کۆمارێکی بە دەسەڵاتی زۆرەوە بە بێ بەرپرسیارەتی داناوە. هەروەها لە هەندێک بابەتەوە ئەگەر سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران هاوفکر نەبن کێشە دروست دەکات کە ئەو کێشانە دەبنە هۆی دروست بوونی گرفت لە سەقامگیریی وڵات بە تایبەت دوای گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە پارلەمانەوە بۆ هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ لە لایەن خەڵکەوە. ئەو چەندە بووە بە پێداویستییەکی زەرووری. هەروەها ئەو سیستمەی ئێستا خاوەنی زۆر گرفتی ترە کە دەبێتە هۆی دروست بوونی نالەباری لە بەڕێوە بردن و ڕۆتینی ئیداری و زۆر بابەتی تر کە ناتوانێ وەڵامدەرەوەی ئێستای تورکیە و پێشکەوتنەکانی و زۆر بابەتی تر بێت، هەر بۆیەش ڕەمزی پێشکەوتن و گەیشتن بە ئامانجەکانی ویزیونی ٢٠٢٣ ی تورکیە و پارتی دادوگەشە پێدان لە گرەوی ئەو گۆڕینەدا دەزانن. لێرەدا گوتەکانی سلێمان دەمیرل و تورگوت ئۆزالی سەرۆک کۆمارانی کاریگەری پێشوو لەمەڕ پێویستیی هەبوونی سیستمێکی لەو شێوەش وەک بەڵگەیەکی تر بۆ ئەو گۆڕینە دەهێنینەوە.

دژبەرەکان:

هەدەپە و پارتی جەهەپە و زۆر پارت و لایەنی تر لە خۆ دەگرێت، ئەوان گۆڕینی ئەو ١٨ ماددەیە بە گۆڕینی ڕێژیم دەزانن و تەنانەت باس لەوە دەکەن کە؛ لە کاتی پەسند کردنی ئەو گۆڕینە لە ڕێفراندۆمدا، دەبێتە هۆی دروست بونی حکومەتێکی تاکە کەسی کە یەک کەس بەڕێوەی دەبات، ئەوەش بە دیکتاتۆری لە قەڵەم دەدەن، تەنانەت ئەو دەسەڵاتانەی کە لەو دەستوورە نوێیەدا کە بۆ سەرۆک کۆمار دانراوە لە دەسەڵاتی پادشاش زیاتر دەزانن، بگرە بە تەواوی پارلەمان لاواز کراوە کە نەتوانێ چاودێری بە سەر حکومەتدا بکات. هەروەها بە دیاری کردنی ئەندامەکانی ئەنجومەنی دادوەری و دۆزگەری گشتی بە تەواوی دەست بەسەر دەسەڵاتی داد دا دەگرێت و هەر ئەو چەندەش وای کردوە کە ئەو گۆڕینە دیکتاتۆریەتی لێ‌بکەوێتەوە. هەروەها ئەو دەسەڵاتانەی کە سەرۆک کۆمار بۆ نوێ کردنەوەی پارلەمان بە فەسخ کردنی پارلەمان ناودەبەن و هەروەها دەسەڵاتی تری ڕەها لە دیاری کردنی سەرۆکی زۆر دەستە و دەزگا و هەروەها دەرکردنی بڕیارنامە لە کاتی بارودۆخی نائاسایی‌دا تورکیە بەرەو دیکتاتۆریەت و ڕێژیمی تاکە کەسی بڕیاردەر دەبات.

کوردەکان:

بەشێک لە کورد لە چوارچێوەی پارتی دادوگەشە پێدان‌دا موافقی ئەو دەستوورەن کە ڕیژەکەی نادیارە، هەروەها بەشێکی کە خۆیان لە هەدەپەدا دەبیننەوە بە تەواوی دژی ئەو گۆڕینەن، چوونکە هەمان قسەکانی بەرەی دژبەر دەڵێنەوە. لە هەمان کاتدا نابێ لە بیرمان بچێت کە؛ لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا کە سەلاحەدین دەمیرتاش لە گوتاری حەفتانەی ئەندامانی پارلەمانی خۆیدا بە زەقی و بە کورتی لە ماوەی چەند چرکەدا گوتی؛ ناتکەین بە سەرۆک، ناتکەین بە سەرۆک، وەک یەکێک لە سەرسەختترین دژبەرانی ئەو گۆڕینە هەژمار دەکرێن. هەروەها بەشێکی تر بایکۆتی دەکەن و بەشیکی کەمیشی موافقن.

ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە کە؛ ئەو دەستوورە نوێیە هیچی بۆ کورد تێدا نیە، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەیە کە کورد بەشدار نەبووە لە نووسینی‌دا.

ناسیۆنالیستە تۆخەکانی تورکیە لەگەڵی بوون بۆ نووسینی لە دەستوورەکانی سەد ساڵی ڕابردوو، کە حکومەتی تورکیە هۆکاری سەرەکیی ئەو ستەمە بووە، بەلام ئەو ستەمەی ئەو جارە بەشێکی لە هەڵەی کوردەوە بووە، چوونکە دوای سەرکەوتن لە هەڵبژاردن و بەدەست هینانی ٨٠ کورسی دەیانتوانی سیاسەتی وا بگرنە پێش کە لەسەر نووسینەوەی یاسای وڵات کاریگەرییان هەبێ. ئەگەر بە گفتوگۆکانی نێوان هەدەپە و ئاکەپە با ئێستا دەستوورەکە کەمیش با هەندێک ماددەی بە قازانجی کورد دەبوو، چوونکە هێزی مەهەپە و هەدەپە بە ئەندازەی یەکترە. ئەوکات باس لە خواستەکانی هەدەپە دەکرا. بەڵام ئەمڕۆ باس لە خواستەکانی مەهەپە دەکرێ کە بۆ کورد لەوانەیە شتێکی تێدا نەبێت.

چوونکە هەموو مەرجەکانی مەهەپە ئەوەیە کە تورکیایەکی وا دروست بکرێت کە بە سودی کورد نیە.

چالاکوانان و سیاسەتوانانی کورد لەو ناوچەیە دەبێ بە خۆیاندا بچنەوە کە چی بووە و بۆچی بەو شێوە بەرەو پاش ڕۆیشتن ڕووی داوە، تا ببێتە دەرسێک بۆ داهاتوو. کورد ناتوانێ بە بێ شیکاریی ئەو ماوەیە هەنگاو بەرەو پێش هەڵبگرێت، هەر بۆیەش دەبێ ئەو سیاسەتە هەڵەی کە لە لایەنی کورد، بەڕێوەبراوە، لێ وردەبوونەوەی بۆ بکرێ.

هەروەها ئەگەر لە تورکیا دەستوورێک بنووسرێتەوە کە ڕەنگدانەوەی گرفتەکانی تورکیا نەبێت، ئەوا ئەمڕۆ، سبەی یا دووسبەی ئەو گرفتانەی ڕوودەدن و لە مێژووی تورکیادا هەبوون، دووبارە دەبنەوە. تورکیاش ناتوانێ بەبێ چارەسەری ئەو گرفتانە بگات بەو ئامانجەی کە بۆ خۆی داناوە.

بەکورتی بە قبول کردنی ئەو دەستوورە یا ڕەت کردنەوەی لە لایەن خەڵکەوە، سەرکەوتن و گەیشتن بە مافەکانی کورد لە گرەوی ڕێکخستن و یەکخستنی هێزی کوردە و مەرج نیە لە هێزیکدا بێت، دەتوانێ لە چەندین هێزی هەماهەنگیشدا بێت. هەر بۆیەش دەبی کورد بۆ ئەو چەندە تێبکۆشێت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.