کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردەکانی ئێران پەرە بە خەباتیان بە دژی رێژیمی تاران دەدەن

11:51 - 16 پووشپەڕ 2718

جرۆزالم پۆست ـ سێز جی.فرانتزمەن

وەرگێڕان: ڕەزا فەتحوڵانژاد

شاری مەریوان لە قەراخ رووباری زرێبار و شاخە سەرزەوەکان لە رۆِژئاوای ئێران هەڵکەوتووە. لە سەرەتای جوولایدا، ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاخەکانەوە دابەزینە نێو ئەم شارە. لە ڤیدیۆیەکدا کە کوردەکان لە ئینتێرنێت بڵاویان کردووەتەوە، فەرماندەیەکی گرووپەکە دەردەکەوێت و بۆ سەدان دانیشتووی ئەم شارە دوان دەدات. وتەبێژێک لە تویتێکدا نووسیویەتی: "خەڵکی کوردستان ئامادەی راپەڕینن دژی رێژیمی ئیسلامی لە ئێران".

هەم سەرکوتی مافەکانی کورد لە لایەن رێژیمەوە و هەم ناڕەزایەتییەکانی ئەمدواییانە لە تاران هاندەری زیاتربوونی ئۆپۆراسیۆنی ئەم حیزبە بوون.

مستەفا هیجری، رێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا دەڵێ: "ئەمە بەو مانایە کە ئامادەبوونی پێشمەرگە لە کوردستانی ئێران لەم دواییانەدا زیاتر بووە و ئەوان زیاتر لە نێو خەڵکدا دەردەکەون".

لە ماوەی چەند حەوتووی رابردوودا، حیزبی دێموکرات دەستی کردووە بە ناردنی هێزەکانی بە شێوەیەکی ئاشکراتر بۆ ناوچە کوردستانییەکانی ڕۆژئاوای ئێران. ئەم ناوچە لە کوردیدا پێی دەگوترێ "ڕۆژهەڵات". ئەم حیزبە ئێستا دەڵێ پێشمەرگەکانی لە گوندوناوچەکانی دەورووبەری چەندین شاردا ئامادەن، لەوانە مەریوان، بانە و سنە.

سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی تانکی بۆ ناوچە بەڕێ کردووە تا رووبەڕووی راپەڕینی خەڵک ببێتەوە. بەڵام حیزبی دێمۆکرات پاشەکشە ناکات و دەڵێن لە ئۆپۆراسیۆن و تێکهەڵچوونە چەکدارییەکانی ئەمدواییانەدا، ئەندامانی سوپای پاسدارانیان کوشتووە. بەپێی راگەیەندراوێک، "هەڵۆکانی زاگرۆس"، لە 3ی جولایدا هێرشی کردە سەر پایگایەک لە نزیک پیرانشار.

حیزبی دێموکرات پشتیوانی لەو ناڕەزایەتییە بەربڵاوانەی کە لەم مانگانەی دواییدا تاران و ئۆستانەکانی تری ئێرانی هەژاندووە، راگەیاندووە.

لە کاتێکدا ئێران بەدەست داتەپینی ئابووری و لاوازی دراوەکەیەوە دەناڵێنێ، ئەم وڵاتە ئاوسانی ناڕەزایەتی و خەباتی چەکداریی زیاترە بە دژی رێژیم. نادڵنیایی ئابووری وێڕای تووڕەیی خەڵک لە بەفیڕۆدانی سامانی وڵات لە لایەن رێژیمەوە لە شەڕە دەرەکییەکاندا ناڕەزایەتیگەلێکیان لێکەوتەوە کە بۆ یەکەم جار کاریگەری لەسەر بازاڕی مێژوویی تاران دانا.

رێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان، مستەفا هیجری لە 11ی ژوئەندا لە واشینگتۆن بوو و لەوێ لەگەڵ شوورای پەیوەندییە دەرەکییەکان کۆبووەوە و چەندین چاوپێکەوتنی دیکەی هەبوو.

"لە دانیشتنەکانماندا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ، ئێمە باسی روانگەی خۆمان لەسەر ئێران بەگشتی و کوردستانی ئێران بەتایبەتی کرد و ئاڵوگۆڕی بیروڕامان کرد"، هیجری دەڵێت. "لە هەمان کاتدا، لەو بڕوادام کە ئامریکاییەکان هێشتا بەرنامەیەکی روونیان بۆ پشتیوانی لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێران نیە، یان لانیکەم ئەوەیان لەگەڵ ئێمە باس نەکرد".

حیزبی دێموکرات و گرووپەکانی دیکەی دژبەری رێژیم هیوادارن بەڕێوەبەرایەتیی دۆناڵد ترامپ هاوکات لەگەڵ بەهێزکردنی گەمارۆکان، زیاتر پشتیوانی لەوان بکات".

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پەمپێئۆ سوور بووە لەسەر دژایەتیی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و توندبوون لەرامبەر رێژیمەکە. ناوبراو لە 27ی ژوئەندا وتی: "ئێمە تاکتیکی بێکەڵکی سەرکوتکردن کە لە لایەن دەوڵەتەوە پێڕەو دەکرێت، شەرمەزار دەکەین". لە درێژەدا وتی: "خەڵکی ئێران بەدەست گەندەڵی، ناعەداڵەتی و بێ لیاقەتیی رێبەرانیانەوە ماندوو بوون".