کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناوەندی سیاسی و دەستەی کارگێڕی و ئۆرگانەکانی حیزب بەڕێوەچوو

12:52 - 20 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: لە چوارچێوەی کاروباری تەشکیلاتی حیزبدا کۆبوونەوەی ناوەندی سیاسی و دەستەی کارگێڕی و ئۆرگانەکانی حیزب بە بەشداری بەڕێز لێپرسراوی گشتی بەڕێوە چوو کە تێیدا بەڕێزیان ڕاپۆرتێکی سیاسی سەبارەت بە دواپێشهاتەکانی کوردستان، ئێران و ناوچە خستە بەرباس؛ بەمەبەستی ئاگادار کردنەوەی ڕای گشتی لە نێوەڕۆکی باسەکە لێرەدا دەقاودەق ئەم ڕاپۆرتە دەخەینە بەرچاوی ئێوەی خۆشەویست.

دەقی ڕاپۆرتەکە:

 ڕاپۆرتی سیاسیی لێپرسراوی گشتی بۆ کۆبوونەوەی بەرفراوانی ناوەندی سیاسی و دەستەی کارگێڕی و ئۆرگانەکانی حیزب

ڕێکەوتی ٢٤ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، لێپرسراوی گشتی حیزب لە کۆبوونەوەیەکی بەرینی ناوەندی سیاسی، دەستەی کارگێڕی و بەرپرسانی کۆمەڵێک لە ئۆرگانەکانی حیزب راپۆرتێکی سیاسی لەسەر دۆخی ئێران دوای کشانەوەی ئامریکا لە رێککەوتنی ناوکی کە بە ( بەرجام) ناسراوە، شپرزەیی ئابووری، بەردەوامی ناڕەزایەتی دەربڕینەکانی خەڵک کە بە چڕی لە زستانی ساڵی رابردووەوە لە شار و شارۆچکەکانی ئێران دەستی پێکرد، دوورەدیمەنی ئەم دۆخە دوای گەڕانەوەی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران و لەلایەکی دیکەوە زەختی ئامریکا لە سەر ئێران بە مەبەستی پاشەکشەپێکردنی هێز و نفووزی ئێران لە وڵاتانی ناوچە بە ئامانجی گەڕاندنەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر مێزی وتووێژ و ناچارکردنی بۆ ملڕاکێشان بۆ مەرجەکانی ئامریکا کە وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە ١٢ خاڵدا رایگەیاند، پێشکەش کرد. دوای باسێکی چڕ لەلایەن بەشدارانی کۆبوونەوە و خستنەبەرچاوی ڕا و تێبینییەکان، راپۆرتەکە پەسند کرا.

بۆ ئاگاداری رای گشتی و بەتایبەت ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات کورتەی ئەم راپۆرتە لە چەند خاڵدا بە ئاگاداری دەگەیەنین:

١ـ هەرچەند خەڵکی ئێران لە ئاکامی سیاسەتی هەڵەی ئابووری و سیاسی رێژیم بەرەوڕووی قەیرانێکی قووڵی ئابووری بوونەتەوە کە لە ئێستادا نیگەرانی بەدەستهێنانی سەرەتاییترین پێویستییەکانی ژیانی رۆژانەیانن، بەڵام قەیرانی ئابووری یەکێک لە دەیان قەیرانی دیکەیە کە خەڵک پێیەوە دەناڵێنن، نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکان وەک خەمۆکی، گیرۆدەبوون بە ماددە سڕکەرەکان، بێ هیوایی بە داهاتووی باشتر کە ئاکامی نەمانی شادی و دڵخۆشییە، نەبوونی ئازادییە سەرەتاییەکان و ... ئەو قەیرانانەن کە خەڵک لەگەڵیان دەستەویەخەن. ماوەی نزیک بە چل ساڵی رابردوو نیشانی داوە کە عەقڵیەتی دواکەوتوو و ناکارامەی ئەو رێژیمە و ئیدۆلۆژییە چەقبەستووکەی نەک هەر توانای چارەسەری ئەو قەیرانانەی ئەمڕۆیان نییە، بەڵکوو رۆژ بە رۆژ ئەو قەیرانانە زۆرتر قووڵتر دەبنەوە. هەر بۆیەش لە مانگرتن و رێپێوانەکانی ئەمساڵدا خەڵک بە دروستی لە دروشمەکانیاندا خوازیای گۆڕینی رێژیم بوون، چوونکە دەزانن خودی رێژیم سەرچاوەی هەموو نەهامەتی و ماڵوێرانییەکانی خەڵکە و بەبوونی کۆماری ئیسلامی لە دەسەڵاتدا هیوایەک بۆ چارەسەری قەیرانەکان بەدی ناکرێ.

٢ـ  بە چوونەدەری ئامریکا لە رێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران کە بە رێککەوتننامەی بەرجام ناسراوە و گەڕانەوەی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران کە بەشێکی لە ١٥ی ئاگۆست و بەشی سەرەکییەکەی لە مانگی نوامبری ئەمساڵدا دەگەڕێتەوە سەر ئێران، کە بریتی دەبێ لە گەمارۆکانی سەر نەوت و گازی ئێران، رێژیمی کۆماری ئیسلامی بە چۆکدا دێنێ و ناچاری دەکا کە بگەڕێتەوە سەر مێزی وتووێژ و چوونەژێرباری مەرجەکانی ئامریکا و، جارێکی دیکە" پیاڵەی ژەهری شکست" بخواتەوە یان " نەرمییەکی قارەمانانە!"ی دیکە بنوێنێ.

ئەو سازانە لەسەر مەرجەکانی ئامریکا بێگومان دەبێتە هۆی لێدانی پەلوپۆی رێژیم لە ناوچە و کەم کردنەوەی رادەی نفووز و دەسەڵاتەکانی کە بە قازانجی خەڵکی ئێران بەگشتی و خەباتی حیزبی دێموکرات و باقی هێزەکانی ئوپۆزیسیۆنە کە بە شێوەی کردەیی درێژە بە خەبات دەدەن لە سەرانسەری ئێران و کوردستاندا؛ بەڵام ئەو سازانەش ئەگەر لە کورتماوەدا یارمەتیدەر بێ بۆ درێژبوونەوەی تەمەنی رێژیم، لە درێژخایەندا یارمەتیدەر نابێ، چوونکە وەک پێشتر باسمان کرد قەیرانەکانی رێژیم یەک و دوو نین، وەک چۆن دوای رێککەوتننامەی بەرجام کە گەمارۆکان لەسەر ئێران لاچوون و تەنانەت دەیان میلیارد دۆلار پارەی ئێران کە لە بانکەکانی ئامریکا و ئورووپا دەستی بەسەردا گیرابوو ئازاد کرا و گەڕاوە ئێران، ئاستی هەناردەکردنی نەوت گەیشتە ٢.٤ میلیون بەرمیل لە رۆژێکدا، بەڵام ژیان و گوزەرانی خەڵک خراپتر بوو و زۆرترین دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە لەو ماوەدا و لە زستانی رابردووەوە دەستی پێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە.

٣ـ ئەگەر بێت‌و رێژیم ئامادەیی وتووێژ لەگەڵ ئامریکا و ملڕاکێشانی بۆ مەرجە دیاریکراوەکانی نەبێ (کە ئێمە ئەو لایەنە زۆر بەدوور دەزانین) لە درێژماوەدا بەرگەی گەمارۆکان ناگرێ و دەکەوێتە دۆخێکی شڵەژان و لەژێر زەختی دەرەکی و خەڵک لە ناوەوە بەرەو رووخان دەچێ، خۆ ئەگەر بێت‌و وەک ئەوەی هێندێک لە هەڕەشەکانیان وەک دەسپێکردنەوە بە پیتاندنی ئۆرانیوم، یان گرتنی گەرووی هۆرمۆز و بڕینی رێگەی بارهەڵگرەکانی نەوت بکەن، تووشی زەختی زیاتر دەبنەوە و بە ئەگەری زۆر دەکەونە ژێر زەربەی سەربازیش لە لایەن ئامریکا و هاوپەیمانەکانیانەوە.

ئاکام

رێژیمی کۆماری ئیسلامی بەو عەقلییەت و سیاسەتەوە کە تا ئێستا لە دەرەوەی وڵات و لە ناوخۆی وڵات پێڕەوی کردووە، ناتوانێ خۆی لەژێرباری قورسی زەختەکانی سەری دەرباز بکا و رۆژبەرۆژ، دۆخەکەی خراپتر دەبێ و لە رووخان نزیکتر دەبێتەوە، خاڵی کۆتایی ئەم پرۆسەیە  واتە رووخانی رێژیم بەستراوەتەوە بەوەی کەنگێ لە ئێراندا ئاڵترناتیڤێکی دێموکراتیک پێک دێ کە بە بەرنامەیەکی گشتگیر مافی نەتەوە، ئایین و پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی دەستەبەر بکا و ببێتە جێی متمانە بۆ خەڵکی ئێران، دراوسێیەکانی و ئامریکا و، بە یارمەتی هەمووی ئەوان کۆتایی بە تەمەنی ئەو رێژیمە بێنن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئامادەکاری دەکا بۆ هەموو ئەو ئەگەرانە، بۆ ئەوەی بتوانێ لە ئاڵوگۆڕەکانی داهاتوودا بە هاوکاری هێزەکانی کوردی دژبەری کۆماری ئیسلامی مافە رەواکانی کورد لە رۆژهەڵات بە دەست بێنێ.