کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆتایی و دەسپێک

17:51 - 19 بانەمەڕ 2718

کەریم پەرویزی

رێژیمی ویلایەتی فەقیهی چەندین دەیە لەگەڵ کۆمەڵگای جیهانی درۆی کردبوو و بەرنامە ناوکییەکانی دەشاردەوە، تاکوو نوێنەری خامنەیی رۆیشتە عەمان و رایگەیاند ئامادەن لە بواری بەرنامە ناوکیەکانیاندا لەگەڵ شەیتانی گەورە دابنیشن و هەموو جیهان بینی کە بە چ شێوەیەک تەسلیم بوون و وایان دانابوو لە رۆژی ١٣ی ژووئیەی ٢٠١٥، لە ساڵرۆژی تیرۆری دوکتور قاسملوو لە شاری ڤییەن، لە هەمان شاردا رێککەوتن لەگەڵ رۆژئاوا واژۆ بکەن، بەڵام هەندێ گرفتی تێکنیکی بەرنامەکەی لێ تێک دان و لە دوو رۆژ دواتردا رێککەوتنیان ئیمزا کرد.

بەڵام چوونکە کۆماری ئیسلامی ئەو رێککەوتنەی تەنیا بۆ کات کڕین دەویست و لە بەشەکانی دیکەدا درێژەی بە سەرەڕۆیی و پشتیوانی لە تیرۆریزم و بەرنامەی مووشەکی و ...دا و ئیدارەی ئامریکاش گۆڕابوو و کۆماری ئیسلامی هێشتا حاڵی نەببوو کە ئیدارەیەکی دیکە لەسەر کارە! رۆژی ١٨ی بانەمەڕ دانڵد ترامپی سەرۆکی ئیدارەی نوێی ئامریکا بە ئاماژەکردن بە هەموو کارنامەی رەش و تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامی لە چوار دەیەی رابردوودا، رایگەیاند کە لە رێککەوتننامەکە دێتە دەر و گەمارۆی زۆر توندتر دەخاتە سەر کۆماری ئیسلامی.

هەرچەند ئەورووپاییەکان ئەم هەنگاوەی ئیدارەی نوێی ئامریکایان، پێ ناخۆش بوو و رایانگەیاند کە لە بەرجام دەمێننەوە و هەوڵ دەدەن بیپارێزن، لەولاوە رۆحانیی سەرۆکی کۆماری رێژیمی تارانیش هەمان قسەی ئەورووپاییەکانی دووپات کردەوە، بەڵام بەڕوونی دیارە کە دوو رێگا لەبەردەم ئەورووپاییەکان و رێژیمی کۆماری ئیسلامیدایە:

یەکەم- لەژێر گوشاری گەمارۆ ئابوورییەکان و گوشارە سیاسییەکاندا، ئەورووپا، کۆماری ئیسلامی ناچار بکا کە رێککەوتننامەکە بەربڵاوتر بکا. واتە هەم پەروەندەی مووشەکی و هەم دەستێوەردانەکانی لە ناوچە و هەم کێشەی لەگەڵ ئیسراییل و پەروەندی مافی مرۆڤیشی تێدا بگونجێنێ، شتێک کە دە ساڵ پێش ئەورووپاییەکان باسیان کردبوو و لەسەری رێککەوتبوون. 

دووهەم- لەژێر گەمارۆکانی ئامریکادا کۆمپانیا ئەورووپاییەکانیش ناچار دەبن لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ئامریکادا، ئامریکا هەڵبژێرنەوە و رێککەوتننامە بڕواتە نێو زبڵدانی مێژوو و لەگەڵ خۆیدا دونیایەک گرفت بەرەوڕووی کۆماری ئیسلامی بکاتەوە.

لە هەر دووحاڵەتەدا هەر کۆماری ئیسلامی لەژێر گوشار دەبێ و هەڕەشەی لەسەر دەبێ. لە حاڵەتی یەکەمدا کۆماری ئیسلامی دوای ماوەیەک گوشاری ئابووری و گەمارۆ ناچار دەبێ رێککەوتنی دیکە بکا، کە وێڕای هەموو گوشارە ئابوورییەکان و نارەزایەتییەکانی خەڵک، کە بەرەورووی کۆماری ئیسلامی دەبێتەوە و گرووپە تیرۆریستییەکانی لە ناوچە بێباوک دەمێننەوە و دەستی دەبڕدرێ، گوشاری باندە توندڕەوەکانی نێو رێژیمیش زۆرتر دەبێ و روون نییە کە داهاتوی رێژیم چ دەبێ، بەڵام ئەگەری زۆرە کە بەرەو حکومەتی نیزامیی پاسداران بڕۆن و لە دۆخێکی وەهادا کە گوشاری ئابووریی دەرەکی لەسەرە و رێککەوتنی نوێی ئیمزا کردووە و فەرماندە شەڕەنگێزەکانی سوپا لە نێوخۆی ئێران کراونەتەوە و خەڵکیش نارازییە، ئەورووپا و ئامریکاش بە ویستەکانیان گەیشتوون و کاریان زۆر بە مافی مرۆڤ و ئەو شتانە تا ماوەیەک نابێ و کۆماری ئیسلامی بۆ ماوەیەک دەمێنێتەوە و داهاتووی رێژیم بۆ ماوەیەک وەکوو کۆرەی باکووری لێ بێ. 

لە حاڵەتی دووهەمیشدا کە گەمارۆکان توندتر دەبن و ئەورووپاش ناتوانێ رێککەوتنەکە رابگرێ، کۆماری ئسیلامیش هەر باسی درێژەدان بە رێککەوتنەکە دەکا بەڵام بە کردەیی رێککەوتنێک نەماوە! لەو وەها حاڵەتێکدا گوشاری ئابووریی سەر خەڵک زۆرتر دەبێتەوە و کۆماری ئیسلامیش لە ناوچەدا هەوڵ دەدا پەرە بە دەستوپێوەندییەکان و کارە تێکدەرانەکانی بدا و زۆرتر بچێتە باوەشی رووسیە و لە نێوخۆش لە ئەگەری سەرهەڵدانی نارەزاییەکاندا سەرکوت و توندوتیژیی زۆرتر دەکاتەوە و بە راپەرینی بڕگە بڕگە و گوشاری گەمارۆکان و دۆخی شپرزەی ئابووری، داهاتووی ئێران بەرەو وێنێزووئێلایەکی بە هەڵاوسانی ئابووریی سەدان دەرسەد! دەچێ. 

بەڵام لەبەر هەزینەی زۆری ئابووری و گیانی و ...، ئەگەری هێرشی بەربڵاوی نیزامیی ئامریکا بۆ سەر رێژیمی ئێران کەمە، مەگەر ناوە بە ناوە بۆ لێدانی بنکە ناوکییەکانی وەکوو نەتەنز و فۆردۆ نەبێ.

لە هەردوو حاڵەتەکەدا، دۆخی ئابووریی ئێران بەرەو خراپیی زیاتر دەڕوا و نارەزاییەکانی خەڵک پەرە دەستێنن، بەڵام ئەگەری گۆڕینی رێژیم لە دەرەوە کەمە و لەو بەشەدا ئەرکەکە دەمێنێتەوە بۆ خەڵک و خەباتکارانیان. ئایا خۆیان رێک دەخەن و هەوڵ دەدەن کە سەرچاوەی نەگبەتیی ئێران کە رێژیمی ویلایەتی فەقیهییە لە کۆڵی بکەنەوە و لەگەڵ جیهاندا ئاشت ببنەوە یان لەبەر پەرتەوازەیی رێژیم هەروا درێژە بە مانەوەی دەدا تاکوو بە قەولی فارسەکان " از این ستون بە آن ستون فرجیست" لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەدا شتێک بۆ دەربازبوون بدۆزنەوە و رێژیمەکەیان بەردەوام دەبێ!

لە کوردستانیشدا هەروەها، زەمینەی نێوخۆیی و دەرەکی بۆ توندترکردنەوەی خەبات و رێکخستنی خەڵک لەبارتر دەبێتەوە و ئیدی رێکخراوە کوردییەکان وەکوو رێکخراوی چەکدار غەیرە یاسایی چاویان لێ ناکرێ بەڵکوو حوزووری هەر پێشمەرگەیەک لە نێو کوردستاندا وەکوو پەیامهێنەری ئازادی چاوی لێ دەکرێ، بەڵام بەو مەرجەی دۆخی پەرتەوازەی نێوماڵی کوردستان چاک بکرێ و پێکەوە بین.

داهاتوو زۆر نزیکە.