کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆشکی سپی بە دوای پێکهێنانی "ناتۆی عەرەبیـ"یە

12:57 - 6 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: گەڵاڵەی دامەزراندنی ناتۆی عەرەبی، بۆ بەرەنگاری لە هەمبەر دەسدرێژییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە لایەن ئامریکا و وڵاتانی عەرەبی خەریکە جێبەجێ دەکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، کۆشکی سپی بەنیازە، لەگەڵ وڵاتانی عەرەبستان، ئەمارات، قەتەر، بەحرەین، عومان، کوەیت، مسر و ئوردۆن هاوپەیمانیەتییەک لەژێر ناوی ناتۆی عەرەبی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دابمەزرێنێت.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، لەم ڕاپۆرتەدا باسی لەوە کردووە، کە ئامریکا بەتەمایە لەگەڵ ئەم وڵاتانە لە بواری بەرگریی مووشەکی، ڕاهێنانی چەکداریی و بەرەنگاریی لەگەڵ تێرۆریزم هاوکارییەکی قووڵ دروست بکات و لە هەمان کاتدا پێوەندیی ئابووری و دیپلۆماتیکی خۆی لە ناوچەکەدا پەرە پێ بدات.

ڕۆێتێرز لەم بارەوە نووسیویەتی: "ئەم هاوپەیمانەتییە کە لە لایەن بەرپرسانی کۆشکی سپی و وڵاتە عەرەبییەکانەوە بە "ناتۆی عەرەبی" ناودێر کراوە، گرژییەکانی نێوان ئامریکا و وڵاتە عەرەبییەکان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران زیاتر دەکاتەوە".

سەرچاوەکان دەڵێن: ئەم هەوڵە کە چەپکەوشەی "تاقیکردنەوەی هاوپەیمانەتیی ستراتیژیکیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، "مێسا"ی (MESA)"، بۆ دیاری کراوە، لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکەوێتە بەرباس.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز باسی لەوە کردووە، کە لە واشنگتۆندا، ڕێکەوتی ٢٠ و ٢١ی ڕەزبەر (١٢ و ١٣ی ئۆکتۆبر)، لەسەر ئەم هاوپەیمانەتییە کۆبوونەوە دەگیردرێت.

بیرۆکەی دامەزراندنی ناتۆی عەرەبی، لە یەکەمین سەفەری دانڵد ترامپ بۆ عەرەبستان، لە لایەن ڕیازەوە کەوتووەتە بەرباس، کە ئێستە بە کردەوە هەنگاوی بۆ هەڵدەگیردرێت.

ئەم هاوپەیمانەتییە لە ڕوانگەی بەرپرسانی ئامریکاوە هێندە گرنگە، کە یەکێک لە وتەبێژانی کۆشکی سپی، باسی لەوەی کردووە، کە "ناتۆی عەرەبی (مێسا) وەکوو چەپەرێک لە هەمبەر دەسدرێژی، تێرۆریزم و پاوانخوازیی رێژیمی ئێرانە و سەقامگیری بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگەڕێنێتەوە".