کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری کوردستان و ناسینی کۆمەڵگەی کوردەواری

14:59 - 3 رێبەندان 2717

جەماڵ فەتحی

کۆمەڵناسیی سیاسی کە یەکێک لە لقەکان یان ژێرکۆمەڵی زانستە سیاسییەکانە، هەڵسووکەوتە کۆمەڵایەتییەکان تاوتوێ دەکات و خوێندنەوەکانی ئەم زانستە زیاتر لەسەر کردەوە و تێگەیشتنە کۆمەڵایەتییەکانە و بەگشتی پێوەندییەکانی نێوان کۆمەڵگا و دەسەڵات لە بابەتە سەرەکییەکانی ئەم زانستەیە.

هەرچەندە ئەم زانستە ئەزموونێکی دوور و دڕێژی هەیە و مێژووەکەی بۆ سەردەمی ئەفلاتوون و ئەرستوو دەگەڕێتەوە، بەڵام وەکوو تێئۆرییەکی زانستی کەمتر لەبەرچاو گیراوە، هەتا ئەوەی کە لە سەدەی ١٩هەم بەملاوە کە زانستی سیاسی لەگەڵ بیر و هزری ڕێبازی پۆزیتویزم سەری هەڵدا دوابەدوای ئەم گۆڕانکارییە، زانستێک بە ناوی کۆمەڵناسیی سیاسی هاتە گۆڕێ کە نە کۆمەڵناسی بوو و نە سیاسەت، بەڵکوو پێوەندییەکانی ئەم دوو بەشە تاوتوێ دەکات.

زاناگەلێک وەکوو: ئاگۆست کێنت، مارکس و ماکس وبێر و .... کە لە سەرەتا لەسەر کۆمەڵگا و سیاسەت و ئابووری توێژینەوە و خوێندنەوەیان هەبووە، بەگشتی هەموویان لەسەر دوو بابەتی گرنگ واتە کۆمەڵگا و سیاسەت خوێندنەوەیەکی هاوبەشیان هەبووە، واتە هەر هەموو لەسەر ئەو باوەڕە بوون، کە سیاسەت زانستە و کۆمەڵگاش بە تێئۆری و زانستی سیاسییەوە بەڕێوە دەچێت؛ بۆیە هەر هەموویان لە سەر ئەساسی کۆمەڵگایەک کە تێدا ژیاون سیاسەتیان شرۆڤە دەکرد.

بە دوور لە شرۆڤەی ئاکادمیانە و بەراوردکارانە، ٧٢ ساڵ پێش ئێستە پێشەوای کورد (قازی محەممەد) کە یەکێک لە بەرچاوترین و هەڵکەوتەکانی کۆمەڵگای کوردەواری بووە، بە تێڕوانینێکی وردبینانەوە هەست بەوە دەکات، کە کۆمەڵگای کوردەواری و ئەو دەسەڵاتەی کە بە سەریدا زاڵ بووە، پێوەندییەکی گرژ لە نیوانیاندا قەوارەی گرتووە و ئەو پێوەندییە کە لەم بوارەدا دروست بووە، پێوەندییەکی ڕەوا و دڵخواز نییە، بەڵکوو بە هۆی گوشار و زەبری چەک و پارەی نەتەوەی باڵادەست بەدی هاتووە.

واتە ئەگەرچی پێشەوا لە باری مەودا و ڕەگەزییەوە لەو زانایانە دوور بووە و ڕەنگە لە بواری شێوەی جیهانبینیشەوە کەمترین نزیکایەتییەک لە نیوانیاندا ببیندرێت، بەڵام لە باری شێوە ڕوانینیان سەبارەت بە پێوەندی کۆمەڵگا و سیاسەت تێڕوانینکی نزیک و هاوشێوەیان هەیە.

ئەگەرچی زانایان و بیرمەندانێک وەکوو مارکس و ئاگۆست و .... لە ناودڵی ئورووپا کە هەزاران ساڵە خاوەن دەسەڵاتی خۆجێی خۆیانن، سەر هەڵدەدەن و تەنیا ڕێگای ڕزگاریی کۆمەڵگا لە دەست دیکتاتۆرەکانەوە، بە دەربازبوون لە قۆناغی ناپیشەیی بۆ قۆناغی پیشەیی دەزانن. ئەم بیرۆکە بەشێک لە تێڕوانین و مکانیزمەکانی پێشەوا قازی محەممەدیش بووە، بەڵام بە هۆی نەبوونی دەسەڵاتی کوردی و قورغ بوونی داهاتەکانی کۆمەڵگا لە دەست دەسەڵاتی خۆسەپێنی ناوەندەوە، دەربازبوون لە قۆناغی ناپیشەیی بۆ پیشەیییەوە پێش هەموو شتێک بە مەرجی بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات و کیانی کوردی جێبەجێ دەکرا، بۆیە چارەسەریی پرسی نەتەوەیی لە لای پێشەوا قازی محەممەد و کۆمارەوە پێشمەرجێک بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی دادپەروەر و گەشەسەندوو بووە.

ئەگەر بە باوەڕی مارکس، ڕزگاربوون لە دەست سەرمایەداری و دیکتاتۆرییەتی کۆمەڵگا بە شۆڕشی چینایەتی بە ئاکام دەگەیشت، بە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵگای دواکەوتووی کوردستان بە قۆناغی پیشەیی نەگەیشتبوو و زیاترین داهاتی کوردستان لەسەر کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی سونەتی بوو، مکانیزمی ڕزگاربوون لە ڕوانگەی پێشەواوە جیاواز لەگەڵ مکانیزمەکەی مارکس و هاوبیرەکانی بوو، لەبەر ئەوەی کە ئەم کۆمەڵگایە لەگەڵ کۆمەڵگایەک وەکوو ئورووپا کە شۆڕشێکی مەزن بە ناوی شۆڕشی پیشەیی تێدا کرابوو و چەندین قۆناغ لە پێش کوردستانی ئەو کات و ئێستەش بوون بەراورد نەدەکرا. بۆیە لە سەرەتا ڕزگار بوونی کۆمەڵگا لە ژێر دەسەڵاتی داپڵۆسێنەری ناوەند و پاشان ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی لە کۆمەڵگای نەریتی و ناپیشەیی کوردستانی دەخواست، چونکە مێشکی تاکی کورد بە هۆی ژێردەستە بوونی چەند هەزار ساڵە و فورمی خێلەکیی بوونی کۆمەڵگاکەش بۆ ئەو مەبەستە ئامادە نەکرابوو و ئەم پرۆسەیە پێویستی بە پشتیوانیی دەسەڵاتێک هەبوو، کە لە ناخی ئەو کۆمەڵگا ستەملێکراوە هەڵقوڵابێت و لەگەڵ دەرد و ڕەنجی تاک بە تاکی کۆمەڵگەی کوردستان ئاشنا و ناسراو بایە.

قازی محەممەد ئەگەرچی لە مێژوودا وەکوو ڕێبەرێکی قارەمان و یەکەم سەرکۆماری کوردی لە قەڵەم دەدرێت، بەڵام بە هۆی خوێندنەوەی قووڵی لە کۆمەڵگای خۆی و سیاسەتی داگیرکەرانی کوردستان و هەروەها دیاری کردنی جۆر و شێوازی حکوومەتی داهاتووی کوردستان لە فورمی حکوومەتێکی دێموکراتێکدا، دەکرێت بڵێن یەکێک لە زانا و پیتۆڵە بلیمەتەکانی سەردەم خۆی بووە، کە تێڕوانییەکانی زۆر داهاتووبینانە و کراوە بووە، کە پاش ساڵانێکی زۆر هێشتا ڕێبازەکەی زیندوو و بەردەوامە و دەیان کەسایەتی بلیمەت و زانا وەکوو د. قاسملوو و د. شەرەفکەندی و هەزاران ڕووناکبیر و خوێندەواری نوێگەرای لە خۆ گرتووە و سیاسەتەکانی کۆمار و هەڵوێستە سیاسییەکانی پێشەواش هێشتا بۆیان کۆن نەبووە و ئەمەگناسانە درێژەدەری ڕێگاکەین.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.