کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی بەرەو داشکان*

17:49 - 1 خەرمانان 2717

مستەفا هیجری

سیاسەتی کۆماری ئیسلامی لەسەرەتای دامەزراندنییەوە هەناردەکردنی شۆڕشەکەی بووە، ئەوەش بە واتای فراوانخوازییە، لە هەموو ئەو ماوەیەدا ئەو رێژیمە کاری کردووە بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو سیاسەتە و لە زۆر بواریشدا سەرکەوتوو بووە، ئەو سەرکەوتنەش هەمووی لەبەر ئەوە نەبووە کە دامەزرێنەران و بەڕێوەبەرانی کەسانێکی زۆر شارەزا و هەڵکەوتوو بوون، بەڵکوو زۆرتر لەبەر هاتنەئارای کۆمەڵێک بەتاڵایی(خلا) لە ناوچەدا و قۆزتنەوەی ئەو بەتاڵاییانە بە قازانجی بەرەوپێشبردنی سیاسەتەکەیان بووە. رووخاندنی حکوومەتی تاڵەبان لە ئەفغانستان لە لایەن ئەمریکا، رووخانی حکوومەتی بەعس لە بەغدا وەک دوو دوژمنی بەهێزی ئێران لە ناوچە، خۆدوورگرتنی عەربستانی سعوودی لە دەستوەردانی لە عێراق و بەجێهێشتنی بۆ ئێران لە دوای هێرشی سەدام بۆ سەر کوەیت، لاوازی حکوومەتی ناوەندی سووریە و مەیداندارییان لە شەڕی سووریە و عێراق، پێکهاتنی ئەو بەتاڵاییانە بوون کە بۆ کۆماری ئیسلامی هەڵکەوتن بە بێ ئەوەی بۆخۆی هەوڵێکی بۆ پێکهێنانی ئەم دەرفەتانە دابێ، لە هەمووان گرنگتر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کاتی سەرۆکایەتی ئوباما بەتایبەت لە ماوەی چوار ساڵی دەوری دووهەمییەوە، بە لە پێشگرتنی سیاسەتی سازان لەگەڵ رێژیم و بە ئاکام گەیاندنی وتووێژی ١+٥ بەو هیوایەی کە ئەو سیاسەتە دەبێتە هۆی گۆڕینی سیاسەتی رێژیم، ئێران لەو سیاسەتە کەڵکی زۆری وەرگرت و نفووز و دەسەڵاتی خۆی لەو ناوچەیەدا پەرەپێدا.

بەڵام لە ٦ مانگی دواییدا و دوای هاتنەسەرکاری دوناڵد ترامپ گۆڕانێکی قووڵ لە سیاسەتی ئەمریکا و وڵاتانی ناوچە لە دژی بەرژەوەندی و پێشڕەویەکانی کۆماری ئیسلامی پێکهات کە بوو بەهۆی ئاڵۆزبوونی خەونەکانی رێژیم.

ئەو گۆڕانە قووڵانە چین؟

یەکەم: گۆڕان لە سیاسەتی ئەمریکا لە ئێستادا بریتییە لە گۆڕینی سیاسەتی رێژیم لە سەردەمی ئوباما، بەرەو( گۆڕینی رێژیم ) لە سەردەمی دوناڵد ترامپ.

هەرچەند داڕشتنی سیاسەتی ئەمریکا سەبارەت بە ئێران قەرارە لە کۆتاییەکانی ئەم ساڵی زایینی تەواو بێ، بەڵام لە ئێستاوە دەتوانین بڵێین سیاسەتی نوێ لەسەر گۆڕینی رێژیم یان لانیکەم لەسەر داکشاندنی رێژیم لە سەرەڕۆییەکانی لە ناوچە و کۆنتڕۆڵ‌کردنی توندی دادەڕێژێتەوە.

لە ئێستادا بەرجام(١) کۆسپێکە لەسەر رێگای زەخت هێنانی زۆرتری ئەمریکا بۆ سەر ئێران، چوونکە تا ئێستا ئاژانسی ئەتۆمی رایگەیاندووە کە ئێران بە قەراردادەکە پابەند بووە و بە باشی پێڕەوی لێکردووە، ئەمریکا لەو حاڵەدا نایهەوێ لەلایەن خۆیەوە بەرجام هەڵوەشێنێتەوە، لەبەر هاوکارە ئورووپاییەکانی، بۆیە دەیانەوێ ئێران لە ژێر زەختی زۆردا بۆ خۆی قەراردادەکە هەڵوەشێنێتەوە، بۆ ئەو مەبەستە زەخت بۆ سەر ئێران رۆژبەرۆژ زیاتر دەبێ، باب کورکر سەرۆکی کۆمیتەی پێوەندی دەرەوەی سنا دەڵی ئەگەر ئێمە رێککەوتنی ئەتومی سفت و سەخت بەڕێوەبەرین و لە ئێرانیش ئەوەمان بوێ، لەوانەیە ئێران لە ژێر ئەو زەختەدا پابەند نەبێ بە تەوافوقەکە، ئەودەم ئەوە ئەوانن (ئێران) کە تەوافوقەکەیان تێکداوە. کۆماری ئیسلامیش بە درێژەدانی سیاسەتە هەڵەکانی کەشێکی لەباری بۆ فشار هێنانی ئەمریکا خوڵقاند کە زەختی خۆی بخاتە سەر ئێران.

سپای پاسداران رۆژی ١٨ژوئەنی ٢٠١٧ چەندین مووشەکی هاویشت بۆ دیرالزوور لە سووریە، رۆژی ٤ی ژوئیە موشەکێکی بالستیکی تاقی کردەوە، ٢٩ی ژوئیەش مووشەکی سیمورغی هاویشتە بۆشایی ئاسمان.

بە دوای ئەو مووشەک هاویشتنانە، ئەمریکا نەک هەر کۆمەڵێک گەمارۆی خستە سەر ئێران، کە گرنگترینیان خستنی سپای پاسدارانە بۆ نێو لیستی تیرۆر، بەڵکوو ئێستا داوا دەکەن دەبێ هێندێک لە دامەزراوەکانی ئێران بپشکنن کە لە نێو ئەواندا دامەزراوەی چەک و مووشەکەکانی ئێرانە، رێژیم ئەو داوایەی بە توندی رەدکردووەتەوە. کورکر، دەڵێ: ئەگەر ئێران ئیزنی پشکنینی ئەو دامەزراوانە نەدات، ئەوکات مەجالی پێویست پێک دێ.
ئێستا ژمارەیەکی بەرچاو لە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی ترامپ لەو کەسانە پێکدێن کە بە جیددی خوازیاری گۆڕینی رێژیمی ئێرانن و، هەر دوو حیزبی کۆماری و دێموکراتیش لە کۆنگرە بۆ زەخت هێنان بۆ سەر رێژیم و پاشەکشە پێکردنی هاوڕان.

دووهەم: کۆسپەکان و ئاڵ‌وگۆڕەکانی بەردەم ئێران لە ناوچەدا

کۆماری ئیسلامی تێچوویەکی زۆریدا تا بتوانێ هیلالی شیعی کە بریتییە لە لکاندنی تاران بە دەریای مەدیتەرانە لە رێگای بەغدا، دمشق و بەیروت تەواو بکا، بەڵام ئەمریکا بە سازان لەگەڵ رووسیە ئەو پیلانەی رێژیمی پووچەڵ کردەوە، لەو سازانەدا ئەو دوو زلهێزە لە باشوور و باشووری خۆرئاوای سووریە ناوچەی ئارام و بێ شەڕیان پێکهێنا کە ئەمریکا ئیدارەی دەکا، لاورۆڤ لە وتووێژێکیدا باسی پێکهێنانی دوو ناوچەی دیکەی بەم شێوەی کرد، لەو سازانەدا کۆماری ئیسلامی پەراوێز خرا. ئێران پێشتر بەتەما بوو لەو ناوچەدا جێگر بێ و ئەو شوێنە بە باشوری لوبنانەوە گرێ بدا و مەترسییەکی دیکە لەسەر ئیسرائیل پێک‌بێنێ.

لەوەتی ترامپ هاتووەتە سەرکار، بەپێچەوانەی دەوڵەتی ئۆباما، دەیان پایگای سەربازی و چوار فڕۆکەخانەی لە سووریە دامەزراندووە، لێواری سنووری عێراق و سووریەی خستووەتە ژێر چاوەدێری خۆی، کونتڕوڵی ئەو سنوورە گەورەترین کۆسپ بۆ تەواوکردنی هیلالی شیعەی ئێران پێکدێنێ و، رۆژبەرۆژ زیاتر فشار بۆ ئێران دێنن کە لە سووریە دەریپەڕێنن، هێندێک لە چاودێرانی سیاسی لەو باوەڕەدان کە لە ئەگەری شەڕی ئێران و ئەمریکا ئەو شەڕە لە سووریەوە دەست پێدەکا.

ئەگەر لەسەرەتای دەسپێکردنی شەڕەکانی سووریە و لە ئاکامدا نەمانی دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی ئەو وڵاتە لە زۆربەی بەشەکانی بۆشاییەکی گەورەی دەسەڵات لەو وڵاتە پێکهات و کۆماری ئیسلامی بوو بە گرنگترین دەسەڵات لەوێدا و بەدڵی خۆی لەوێ هەڵسوکەوتی دەکرد، بە هاتنە ناوەوەی رووسیە و بە دوای ئەودا ئەمریکا، پاشان بە هەڵبژاردنی ترامپ بۆ سەرکۆماری، رێژیمی کۆماری ئیسلامی رۆژبەرۆژ زیاتر کەوتە پەراوێزەوە. لەئێستادا ئەو وڵاتانەی لە سووریە بڕیاربەدەستن بەپێی گرنگایەتی بریتین لە رووسیە، ئەمریکا، ئیسرائیل و تورکیە. لە نێو ئەو وڵاتانەدا بێجگە لە رووسیە، هەر سێ لە وڵاتەکانی دیکە دژی هەژموونی و دەسەڵاتی ئێرانن، ئیسرائیل و ئەمریکا چەندین جار بە ئاشکرا رایانگەیاندووە کە ئێران دەبێ لە سووریە بچێتە دەرەوە. گومانی تێدا نییە کە رووسیەش بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆی لە سووریە و نزیک بوونەوەی لەگەڵ ئەمریکا، ئیسرائیل و توورکیە، هەمیشە ئامادەیە واز لە ئێران بێنێ، هەمووی ئەوانە بێجگە لە تووڕەیی و بێزاری ئۆپۆزسیونی بەشار ئەسەد لە نێوخۆی سووریە و عەربستانی سعوودی کە بە توندی دژی ئێرانن. بەم پێیە ئێران لە سووریە دەکەوێتە پەراوێزەوە و نیشانەکانی ئەم پەراوێزکەوتن و داشکانەی هەر ئێستا بەدیار کەوتوون،

لە عێراق

دوای پاشەکشەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تا ماوەیەک لەوەپێش ئەو وڵاتە زۆرتر مەیدانی تەڕاتێنی ئێران بوو، بەتایبەت دوای داگیرکردنی بەشێک لە عێراق بەهۆی داعش کۆماری ئیسلامی بە بیانوی شەڕ دژی داعش رۆژبەرۆژ جێ پێی خۆی قایمتر کرد. عەربستانی سعوودی دوای شەڕی سەدام حسەین لە کوەیت ٢٧ ساڵ بوو ئەو وڵاتەی بەجێهێشتبوو، ئێستا عەربستان زۆر بە جیددی گەڕاوەتەوە عێراق. ئەو کارەی سعوودییەکان لەگەڵ پێشوازی گەرمی سوننییەکان و تەنانەت ئەو شیعانەی کە ناسنامەی عەرەبی خۆیان پێش لە شیعە بوونیان دادەنێن و لە دەسەڵاتی ئێران لە عێراق ناڕازی بوون، بەرەوڕوو بوو. گەڕانەوەی عەربستان بۆ عێراق بە سەفەری عادڵ ئەلجووبەیر وەزیری کاروباری دەرەوەی سعوودیە دەستی پێکرد و بەدوای ئەودا سەفەری حەیدەر عەبادی سەرۆک‌وەزیرانی عێراق بۆ ریاز و چاوپێکەوتنی لەگەڵ مەلیک سەلمان پاشای سعوودیە، سەفەری ژمارەیەکی دیکە لە کاربەدەستانی پایەبەرزی حکوومەتی هەر دوولای بە دوادا هات، کە دواجار سەفەری وەزیری ناوخۆی عێراق بۆ عەربستان بوو و ئیمزا کردنی قەراردادی لێک‌تێگەیشتنی ئەمنییەتی، ئابووری، بازرگانی و کشت وکاڵ لە نێوان ئەو دوو وڵاتەی لێکەوتەوە.

بەتایبەت سازانی بەغدا و ریاز بۆ کونتڕۆڵی سنوورەکانیان و بەربەرەکانی دژی تیرۆریزم، نیشانەی لێک نزیکبوونەوەی بەرچاوی نێوان بەغدا و عەربستان بوو، ئێستا هەر دوولا خەریکن رێگای ئاسمانی نێوان دوو پایتەخت بکەنەوە، سعوودیەکان بەیارمەتی میسر ئێستا لە هەوڵدان عێراق بگەڕێننەوە نێو کۆمەڵگای عەرەبی بەمەبەستی دوورخستنەوەی لە ئێران.

خاڵی دیکەی جێگای سرنج لە داشکانی کۆماری ئیسلامی لە عێراقدا، بێجگە لە تووڕەیی گرووپەکانی سوننە و سیکولارەکان لە پەرەگرتنی دەسەڵاتی ئێران لە عێراق، تەنانەت گرووپگەلێکی شیعەش کە زیاتر لە باوەڕی ئایینیان، نەتەوەیین و خوازیارن تاقمە بیانییەکان وڵات بە جێ بێڵن.

یەک لەوان کەسایەتی خاوەن نفووز و دەسەڵاتی عێراقی موقتەدا سەدرە، ناوبراو کە ساڵانێک لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی بەرچاوی لێدەکرا، لەم ساڵانەی دواییدا وەک یەکێک لە گرنگترین کەسایەتییە ئایینییەکانی شیعەی عێراق بە ئاشکرا دژی دەستێوەردانەکانی ئێران لە عێراق وەستاوەتەوە. سەدر لە بەیانیەیەکی ٢٩ خاڵیدا کە ٢٠ی مانگی فێوریەی ٢٠١٧ وەک رێگاچارەی ئاشتی لە عێراق بڵاوی کردەوە، پێشنیاری هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی کرد و خوازیاری وەدەرنانی تەواوی ‌هێزە بیانییەکان (تەنانەت دۆستەکانی عێراق ـ مەبەستی ئێران)ه بوو، ئەو قسانەی موقتەدا سەدر بوو بەهۆی نیگەرانی و تووڕەیی کۆماری ئیسلامی. وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی رێژیم لە کۆبوونەوەی حەوتووانەی لەگەڵ رۆژنامەنووسان لە تاران هیوای خواست کە قسەکانی موقتەدا بە هەڵە وەرگێردرابێتەوە، یان بە نادروستی بڵاو کرابێتەوە.

بەڵام چەند رۆژ دوای ئەو قسانەی بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەدر لە وتووێژێکدا لەگەڵ الشرق الاوسط دەڵێ: لە چاوپێکەوتنەکەیدا لە جیدەی عەرەبستان لەگەڵ وەلیعەهدی عەرەبستان بۆچوونی وەک یەکیان بووە، لەوەش گرنگتر، سەدر عەرەبستانی سعوودی بە باوکی بەهێزی نەتەوەی عەرەب ناوبرد کە بۆ دامەزراندنی ئاشتی لە ناوچە تێدەکۆشێ. ئەو قسانەی موقتەدا سەدر لە کاتێکدایە کە ئێران و عەرەبستان لە دوژمنانەترین حاڵەتی نێوانیاندان.

لە نێوخۆی ئێران:

لە هەموو وڵاتێکدا سیاسەتی دەرەوەی حکوومەت دەرهاویشتەی سیاسەتی نێوخۆییەتی، بەو واتایە کە کاتێک سیاسەتی نێوخۆی رێژیم سیاسەتێکی سەقەتی دواکەوتووانەیە کە لەسەر بنچینەی ئیسلامی شیعەی ویلایەتی فەقیهی داڕێژراوە، ئەو سیاسەتە بێجگە لەباری تیۆری لەباری کردەییش ساڵانێکە ناتەباییەکانی لەگەڵ دنیای ئەم سەردەمە سەلمێنراوە و داکشانەکەشی ساڵ بە ساڵ زیاتر دەرکەوتووە، بەڵام لە ماوەی ٥ـ ٦ مانگی رابردوودا ئەو داکشانانە ئاشکراتر و خێراتر خۆیان دەرخستووە:

لەباری ئابوورییەوە، بازرگانی جیهانی هەر وڵاتێک ئاوێنەی ئاڵوگۆڕەکانی ئابووری نێوخۆیی و پێوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ جیهان و بەشێوەیەک دەتوانین بڵێین چۆنیەتی سیاسەتی دەرەکییەتی.

بە دوای بەڵێنی زۆر کە گوایە دوای بەرجام ئابووری وڵات گەشە دەکا، ئاماری بازرگانی ئێران لەگەڵ جیهان لە ماوەی چوار مانگی ئەو ساڵدا ئەو رۆژانە لەلایەن گومرکی ئێرانەوە بڵاکراوەتەوە. ئاکامی ئەو ئامارە بەکورتی ئەو راستییە نیشان دەدا کە هەناردەکردنی شتوومەکی(غەیرە نەوتی)زیاتر لە ٩% کەمی کردووە و، هاوردە کردنیش ٢٣% بە بەراوردکردن لەگەڵ هەمان ماوە لەساڵی رابردوودا، زیادی کردووە. ئەو رەوتە بۆتە هۆی ئەوەی باڵانسی بازرگانی جیهانی ئێران لەم ماوەیەدا بە پێچەوانەی پار، مەنفی بێ.

خاڵێکی گرنگی دیکە لەو ئامارەدا کە جێگای سرنجە ئەوەیە کە ئەو وڵاتانەی شتوومەکیان بۆ ئێران هەناردە کردووە بریتین لە چین، ئەماراتی یەکگرتوو، کورەی باشوور، تورکیە و هندوستان و ئەو وڵاتانەش کە شتوومەکی ئێرانیان کڕیوە تەقریبەن هەر ئەو وڵاتانەن.

ئەو ئامارانە ئەوە دەگەیەنن کە شەریکە بازرگانییەکانی ئێران هەر وڵاتانی ئاسیایی و ناوچەیین، هۆی ئەمەش بۆ ئەو راستییە دەگەڕێتەوە کە ناوەندە بازرگانییە نێونەتەوەییەکان و وڵاتانی خۆرئاوایی بەهۆی ریسکی بەرزی سیاسی ئامادە نین لە ئێران سەرمایەگوزاری بکەن، بە ێچەوانەی هیوا و ئاواتەکانی رووحانی لە کاتی ئیمزا کردنی بەرجام.

پێشێل کردنی مافی مرۆڤ:

رێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە راپۆرتێکدا کە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١١ی گەلاوێژ بڵاوی کردوەتەوە ئاماژە بەوە دەکا کە لە ساڵی ٢٠١٣ی زایینیدا تا ئێستا دەزگای داد و دام‌ودەزگای ئەمنیەتی رێژیم سەرکوتی بەرگریکارانی مافی مرۆڤیان تووندتر کردووە.

هەروەها ئاماژە بەوە دەکا کە تۆمەتی بەشێک لە مەحکوومان پێوەندی گرتن لەگەڵ دامەزراوەکانی یەکیەتی ئورووپا، یان رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نادەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بووە، ئەو کەسانە بە تاوانی هەنگاونان بە دژی ئەمنییەتی وڵات مەحکووم دەکرێن، هەروەها ئەو مەحکوومانە پارێزەری بەرگریکارانی مافی مرۆڤ، نوێنەرانی سەندیکا کرێکارییەکان، چالاکانی مافی ژنان و نەهێشتنی لە سێدارەدان و بەرگریکارانی کەمایەتییەکانن.

ئەو راپۆرتە حەسەن رووحانی و دەوڵەتەکەی تاوانبار دەکا بەوەیکە تا ئێستا هەوڵێکی بەرچاو بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم پێشێلکردنانە کە ژێرپێنانی ئاشکرای مافی مرۆڤن، یان لانیکەم کەم کردنەوەیان، نەکردووە.

بێجگە لەو گرفتانەی کە ئاماژەمان پێکرد، هێندێک دیاردەی وەک بێکاری، نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکان، جورم و جینایەت و هەژاری هەروا لە پەرەگرتندا بووە، ئەوەش نەک هەر چاودێرانی بێگانە، بەڵکوو بەرپرسانی پلەبەرزی رێژیمیش پێداگری لەسەر دەکەن، کە هەرکام لەوانە بۆخۆی هەڵگری باس و بابەتی جیاوازن. بەڵام چەند دیاردەیەک کە دەرهاویشتەی ناکامییەکانی رێژیم و شکستهێنانی سیاسەتەکانی دەرەکی و نێوخۆیی رێژیم لە ماوەی ٥ـ ٦ مانگی رابردوودا بوون زۆر زەقتر بوونەتەوە، لەبەر گرنگی ئاکامەکانیان لە درێژماوەدا، پێویستە ئاماژەیەکی کورتیان پێ بکەین:
کێشەی نێوان باڵی بناژۆخواز بە سەرۆکایەتی خامنەیی لەلایەک و ئیسلاحخواز لەلایەکی دیکەوە بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی گرتووە، بەشێوەیەک کە لە سەرەتای پێکهێنانی رەوتی ئیسلاحخوازی تا ئێستا بێ‌وێنە بووە.

ئەو کێشانە ئەگەر بەردەوام بن، کێشەی ریشەیی و بیروباوەڕین و بە توندی قەیرانخوڵقێنن کە پێ‌بەپێی ئاستی شکستە سیاسییەکانی رێژیم زیاتر پەرەدەگرن، چوونکە هەرکام لە باڵەکانی رێژیم دەیهەوێ خەتای ئەو شکستانە و لە ئاکامدا وەزعی خراپی رێژیم و ژیانی پڕ لە کوێرەوەری خەڵک بخاتە سەر لایەنەکەی دیکە و خۆی بێتاوان نیشان بدا.

با ئاماژە بە هێندێک لەو کێشە و جیاوازییانە بکەین:

ئەو کاتەی حەسەن رووحانی بۆ سەلماندنی درووستی سیاسەت و کردەوەکانی خۆی سەبارەت بە وتووێژی ئێمام حەسەن قسە دەکا، خامنەیی وڵامی دایەوە کە ئەوە چەواشەکاری مێژوو و کەسایەتی ئیمام حەسەنە.

ـ کاتێک سەبارەت بە ئاشتی ئیمام حەسەن قسەی کرد، خامنەیی وڵامی داوە و ئەو قسەیەی رەد کردەوە.

ـ حەسەن رووحانی لە هەوڵی وتووێژ لەگەڵ ئامریکا و بەرجامی ناوچەیی و نێوخۆییە، لە حاڵێکدا خامنەیی بە شێوەی رەها ئامریکا بە پەیمان شکێن دەزانێ کە نابێ وتووێژی لەگەڵ بکرێ و دژی بەرجامی ناوچەییشە.

ـ رووحانی تا رادەیەکی زۆر لایەنگری وتووێژ لەگەڵ رۆژئاواییەکان و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤە، خامنەیی دەڵێ ئەوە ئێمەین لایەنگری مافی مرۆڤین و رۆژئاواییەکانن کە مافی مرۆڤ پێشێل دەکەن.

ـ خامنەیی لە بواری فەرهەنگیدا زۆر بە توندی دژی بەرنامە فەرهەنگییەکانی دەوڵەتی رووحانییە.

ـ لە بواری ئابووریدا خامنەیی دژی کرانەوەی ئێران بە رووی دەرەوە و سەرمایەدانانی دەرەکییە، چوونکە ناوبراو لەو باوەڕەدایە کە زانستی ئابووری، رۆژئاواییە و لەسەر هێندێک گریمانەی غەیرە ئیسلامی دامەزراوە، بۆیە ئەو، پشتگیری لە ئابووری ناڕوونی ئیسلامی دەکات و ناوی ناوە ئابووری بەرگریکارانە(اقتصاد مقاومتی). ئەو جیاوازییانە و دەیان جیاوازی دیکە لە نێوان ئەو دوو باڵەدا لەماوەی دوای هەڵبژاردنی دووبارەی رووحانی و هێرش و بەرپەرچدانەوەی بۆچوونەکانی یەکتر قەت بە قەدەر ئەو ماوەیە شەفاف، هێرشکارانە( هەر یەکە بە شێوەی خۆی) و بەئاشکرا رووی نەداوە.

نیزیک بە مانگێک لەوە پێش لە نێوان فەرماندەرانی ئاستی سەرووی سپای پاسداران و رووحانی کۆبوونەوەیەک روویدا و هێندێک لە چاوەدێرانی سیاسی وایان لێکدایەوە کە ئەو کۆبوونەوەیە، کۆبوونەوەیەکی ئاشتی نێوان ئەو دوو باڵەیە، بەڵام هەر لە خوتبەی نوێژی هەینیدا دوای ئەو دیدارە، ئەحمەد جەنەتی بەرنوێژی‌کاتی نوێژی هەینی تاران جارێکی دیکە هێرشی کردە سەر رووحانی.

بێجگە لە درزی نێوان بناژۆخوازان و ئیسڵاحخوازانی دەوڵەتی، ماوەیەکە گرووپی ئەحمەدی‌نژادیش جارێکی دیکە سەری هەڵداوەتەوە، و بووەتە باسێکی گەرم لە نێو باڵە جیاوازەکان و کۆڕوکۆمەڵی نێوخۆ.

دەسبەسەرکردنی حەمید بەقایی یەکێک لە جێگرەکانی ئەحمەدی‌نژاد لە سەردەمی سەرکۆماری ناوبراودا بە تاوانی گەندەڵی و، قسەکانی توندی بەقایی دژی دەزگای داد دوای ئازادبوونی، هەروەها قسەکانی مەشایی لە دژی ئەو دەزگایە، هێرشی بێ‌وێنەن کە لە نێوخۆی وڵات کراونەتە سەر دەزگای داد، کە سەرۆکەکەی لەلایەن وەلی فقیهەوە دیاری دەکرێ.

ئەحمەدی‌نژادیش هەر لەو بۆنەیەدا باس لە دەسپێکی سەردەمێکی نوێ(دورە جدیدی شروع شدە است) دەکا و هەڕەشە دەکا کە راستییەکان بە خەڵک دەڵێ. ئێستا ئەحمەدی نژاد و هاوکارە هەرەنزیکەکانی لە سەردەمی سەرکۆماریدا هەرکام بە کۆڵێک پەروەندەی گەندەڵی لە بەردەم لێپرسینەوەدان، بەڵام دەنگیان زۆر دلێرە و بەبێ‌ترس دژی دەزگای داد وەستاونەتەوە، ئێستا لەم بارەوە ئەو پرسیارە لە ئارادایە کە داخۆ دزگای داد لێکۆڵێنەوە لەو پەروەندانە دەکا و سزای پێویست بۆ تاوانباران دیاری دەکا یان لە ترسی هەڕەشەکانی ئەحمەدی‌نژاد بێدەنگی لێدەکەن؟

درزی نێوان باڵەکان گەورە بووەتەوە و گەورەتریش دەبێتەوە، ئەگەر بۆ ماوەیەکیش بە هەر هۆیەک ئەو باڵانە بێدەنگ بن، بەڵام هەر سەرهەڵدەداتەوە. شوێندانەری ئەو کێشانە و قسەکردنیان لەسەر یەکتر شوێندانەری باشی هەیە:

یەکەم ـ خەڵکی ئێران باشتر و زیاتر حکوومەتێک دەناسن کە نزیک بە ٤٠ ساڵە حوکمییان بەسەردا دەکا و چۆن بناخەی ئابووری، سیاسی و تەنانەت ئەخلاقی ئەو کۆمەڵگایەی هەڵتەکاندووە.

دووهەم ـ ئەو وەڵامە جەنگیانە ورە دەدا بە خەڵک کە ئەوانیش دژی پێشێلکردنی مافەکانیان بێنە دەنگ، بەتایبەت وەڵامە جەنگییەکانی سەرکۆمار لە دژی وەلی‌فەقیهە.

دوورەدیمەنی کۆماری ئیسلامی ئێران

بەپێی ئەو لێکدانەوەیە هەلومەرجی ئێران لە دەرەوە و ناوخۆ ئەگەر هاوپەیمانی عەربستانیشی لە تەنیشت دابنێن، دوورەدیمەنی داهاتووی ئێران ئێرانێکی شکستخواردوو لە دەرەوە، لەباری ئابووری و سیاسی پەراوێزخراو، لەنێوخۆ بەرەوڕوو لەگەڵ گرفت و ناتەبایی و ناڕەزایەتی کەڵەکە بوو کە رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێ.

لەو حاڵەتەدا ئەگەری سەرهەڵدانی خەڵک دژی رێژیم بەهۆی دژواربونی باری گوزەرانیان و نەبوونی ئازادییەکان، یان بەدەستپێشخەری و دنەدانی لایەنی دەرەکی، ئەگەرێكی چاوەڕوان کراوە.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
*ئەم وتارە وەک بەشێک لە راپۆرتی سیاسی نووسەر بۆ حەفدەهەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە کە بە هێندێک دەستکارییەوە بڵاو دەکرێتەوە.

١ـ بەرجام (برنامە جامع اقدام مشترک) لە ئێران بە قەراردادێک دەگوترێ کە وڵاتانی ١+٥ سەبارەت بە پێشگرتن لە ئێران سەبارەت بە هەوڵەکانی بۆ بەرەوپێش بردنی بەرنامە ناوکییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە ئیمزایان کرد.