کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی لە ژێر هەڕەشەی داعشدا نیە!

20:12 - 4 سەرماوەز 2715

ن . مستەفا هیجری

لەم ڕۆژانەدا ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری کاروباری دەرەوەی عێراق بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی دەزگای هەواڵگریی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند کە چەند وڵاتێک ـ کە یەک لەوان کۆماری ئیسلامیی ئێرانە ـ ئامانجی هێرشی داعشن.

هەر بەدوای ئەو ڕاگەیاندنەدا، هێندێک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران خەبەری جۆراوجۆریان لە پشتڕاست کردنەوەی ئەو خەبەرەدا بڵاوکردەوە :
ـ عەبدولڕەزاق فەزلی وەزیری ناوخۆ، لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنیی شەوی ٢ی سەرماوەزدا، باسی لە دۆزینەوەی چەند بۆمب لە خۆرهەڵاتی وڵات کرد کە بۆ تەقینەوە ئامادە کرابوون.

ـ ڕۆژی شەممە ٢٨ی خەزەڵوەر، ناوەندی خەبەریی دەوڵەتی (ایرنا) لە زمانی جێگری ئەمنییەتی ناوخۆی وەزارەتی ئیتلاعات، خەبەری دۆزینەوە و لەناوبردنی دوو تیمی تیرۆریستی لە خۆرهەڵات و خۆرئاوای وڵات ڕاگەیاند.

ـ ناوەندی خەبەریی خوێندکارانی ئێران (ایسنا) لە زمانی فەرماندەی گشتیی سپای پاسدارانەوە، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی بوونی پشتیوانی لە تاقمی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێراندا و لە ناوبردنی یەکێک لەو تۆڕانە ڕایگەیاند کە : باقی دیکەی ئەو تۆڕانە لەژێر چاوەدێریی‏ دان و ئەگەر پێویست بکات بەرخوردیان لەگەڵ دەکرێ. ئەو فەرماندەیەی سپا هەروەها ڕایگەیاند؛ لەوانەیە داعش بتوانێ هێندێک کاری بچووک بکا، بەڵام ناتوانێ لە ئێراندا هاوشێوەی ئەوەی لە وڵاتانی دیکەدا دەیکا، نائەمنی پێک‏بێنێ. ئەو چەند خەبەرە وەک نموونەیەکن و خەبەری لەم چەشنە زۆرن.

بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لەدەستی ئێمەدان، ئەم هەواڵە ـ هەڕەشەی داعش بۆ سەر ئێران ـ خەبەرێکی بەتەواوی سازکراوە و ئێران لە ئێستادا، نەک هەر لە لایەن داعشەوە مەترسی لەسەر نیە، بەڵکوو وەک پێشوو مۆرە نفوزییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و هاوپەیمانانی لە نێو ئەو گرووپە تیروریستییەدا زۆرترین دەسەڵاتیان هەیە و دەوری سەرەکی دەگێڕن لەو پیلانانەی کە ڕێژیمی ئێران پێیان دەسپێرێ لە دژی کورد، عەرەبی سوننە و شوێنەکانی دیکە کە ئێران مەبەستیەتی. کە وابوو مەبەستی کۆماری ئیسلامی لە سازکردنی ئەو خەبەرە چەواشەکارانە و بڵاو کردنەوەی لە زمانی وەزیری کاروباری دەرەوەی عێراقەوە چییە؟
ـ کۆماری ئیسلامی لە تەبلیغاتی خۆیدا وای نیشانداوە کە لە بەرەی دژی داعشدایە و لە دژی ئەو هێزە شەڕ دەکا، وەک بەڵگەی ئەو دژایەتییەش کوژرانی چەندین ئەفسەر و گەورە فەرماندەی خۆی لە شەڕی دژ بە داعش لە سووریە بە نموونە دێنێتەوە. (دیارە ڕووداوی کوژرانی ئەو ئەفسەرانە ناگەڕێتەوە بۆ شەڕ دژی داعش، بەڵکوو دەگەڕێتەوە بۆ هۆیەکی گرینگی دیکە کە لە کاتێکی گونجاودا ئاماژەی پێ دەکەین)، بەداخەوە تا ئێستا زۆر لایەنیش باوەڕیان بەو سیناریۆیە کردوە کە کۆماری ئیسلامی سازی کردووە.

لەم ڕۆژانەدا کە ئامریکا و ڕووسیەش گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی کە شەڕ لەو وڵاتە پێویستە کۆتایی بێت ( هەرچەند جارێ وادیارە لەسەر دەوری بەشار ئەسەد ناکۆکن) و بۆ ئەو مەبەستە هێندێک بەرنامەی کارییان ڕاگەیاندووە کە بە هاوکاریی نوێنەری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەیانەوێ لە چەند مانگی داهاتوودا جێبەجێی بکەن.

لەم وەزعەدا ئێران دەیەوێ بە ڕاگەیاندنی ئەو خەبەرە، کە لەژێر هەڕەشەی داعشدایە، سەنگی خۆی لەلای کایە بەدەستانی سەرەکیی یەکلاکردنەوەی شەڕی سووریە، قورستر بکا و بەشێکی زیاتر لە ئامانجەکانی خۆی لەو ئاڵوگۆڕەدا بپێکێ. بۆئەوەی بە یەکلابوونەوەی دۆخی سووریە، ئەو هەموو یارمەتییە دارایی، سەربازی و سیاسییەی کە بۆ پارێزگاری لە بەشار و حکوومەتەکەی کردوویە مایەپووچ دەرنەچێ. کۆماری ئیسلامی بۆئەوەی هەڕەشەی داعش لەسەر خۆی بە دراوسێ و دنیاش بسەلمێنێ دەبێ چاوەڕوان بین لەو ماوەیەدا خەبەری لەناوبردنی هێندێک گرووپی وەهمیی داعش لە سنوورەکانی ئێران، یان دەستبەسەر کردنی کەسانێک بە بیانووی بوونی پێوەندییان بە داعشەوە بڵاو بکاتەوە ـ وەک ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕایانگەیاند ـ تەنانەت بە دوور نازانرێ کە هەر بۆ ئەو مەبەستە هێندێک تەقینەوە ساز بکا، کەسانێک کە خۆی مەبەستیە، لە نێوخۆی ئێراندا تیرۆر بکا و تاوانەکەی بخاتە سەر ئەستوی داعش و ...هتد .

ـ خاڵێکی دیکە کە لەو پێوەندییەدا جێگای سەرنجە ئەوەیە کە، هەرچەند هاندانی ڕووسیە لە لایەن کۆماری ئیسلامی بۆ دەستێوەردانی جیددی لە سووریە بە قازانجی مانەوەی بەشار ئەسەد شوێندانەر بوو، بەڵام بەو دەستێوەردانە، ڕووسیە لە جیاتیی ئێران بوو بە یاریکەری سەرەکی لە یەکلاییکردنەوەی دۆخی سووریە لە ناو هێزەکانی ناوچەدا و ئێران خەریکە لەو پێوەندییەدا گرینگی خۆی لەدەست دەدا، بە تایبەت کە وادەردەکەوێ ڕووسیە زۆریش بێ‏مەیل نەبێ لەو کایەیەدا لەگەڵ ئەمریکا بسازێ و بەو چەشنە ئێرانی هاوپەیمانی بە کردەوە ببێتە هۆی وەرگرتنی ئیمتیاز بۆ ڕووسیە لەو کایەدا و ئێران هەستی بەو مەترسییە کردبێ، بۆیە پێویستی بەوەیە خۆی زیاتر دەربخا وەک لایەنێک کە گوایە مەترسیی هێرشی داعشی لەسەرە، چوونکە لەگەڵ داعش لە شەڕدایە.

ـ لە ڕاستیدا نیگەرانیی کۆماری ئیسلامی نەک لە هەڕەشەی داعش بۆ سەر وڵاتەکەی، بەڵکوو لە کۆتایی هاتنی شەڕی داعش لە ناوچەدا و تەنانەت لە ناوچوونی داعشە، داعشێک کە لە سەرەتای پێکهاتنیەوە یارمەتیی زۆری لە لایەن ئێرانەوە پێکراوە و بۆتە هۆیەکی سەرەکی بۆ دەسەڵات‏بەدەستیی ئەو ڕێژیمە لە ناوچەدا، بەتایبەت لە عێراق و سووریە.

لە بەرەکەتی پێکهاتنی ئەو ڕێکخراوەوە کۆماری ئیسلامی توانیویەتی هێزێکی بەتوانا بە ناوی حەشدی شەعبی لە عێراق پێک‏بێنێ و ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتری بکات و ئامانجەکانی خۆی پێ بپێکی، لە سوورییەش بە هەزاران کەس لە هێزی سەربازیی و سپای پاسداران جێگیر بکا بە بیانووی شەڕ لەگەڵ داعش و، وەک بە ئاشکرا ڕایانگەیاندووە سووریە بۆ ئەوان لە پاریزگای خوزستانی ئێران گرینگترە و ئێستا بە وڵاتی خۆیانی دەزانن.

ئێستاکە دوورە دیمەنی کۆتایی شەڕی داعش و لە ئاکامدا گۆڕانی هاوکێشە سیاسی ـ نیزامییەکان لەو ناوچەیەدا دەرکەوتووە، لەوەبەدوا، ئێران ئەو هێز و دەسەڵاتەی لەو وڵاتانەدا بە چ بیانوویەک دەپارێزێ؟ ئەوە گەورەترین نیگەرانیی ئێرانە لەو ئاڵوگۆڕا