کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی، پشتیوانی سەلەفی جیهادییەکان

17:21 - 8 پووشپەڕ 2717

مستەفا هیجری

ابوبکر البغدادی بۆ ماوەیەکی زۆر تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٣ فەرماندەی هەموو چالاکییە سەربازییەکانی ئەلقاعیدە لە عێراق بوو و لەو ماوەیەدا کردەوەی تیرۆریستی زۆری لە عێراق بەڕێوەبرد.

دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٠١١ی زایینی دەست و باڵی زۆرتر ئاوەڵە بوو بۆ پەرەپێدانی چالاکییەکانی، لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویی بەرانبەر بە ٢٠١٣ی زایینی دەستی بەسەر شاری رەققەی سووریەدا گرت و لەو کاتەوە وشەی الشام ی بە ناوی الدولة الاسلامیة في العراق زیاد کرد کە کورت کراوەکەی دەبێتە داعش.

لەم کاتەوە داعش لە سووریە دەستیدایە کردەوەی توندوتیژی زیاتر وەک سەربڕینی سەربازانی سووری و بەرتەسک کردنەوەی دەسەڵاتی دیکەی گرووپە تێرۆریستییەکان، ئەم شێوە هەڵسوکەوتە بوو بە هۆی شەڕ و کوشتار لە نێوان داعش و هێندێک لە تاقمە تێرۆریستییەکانی دیکە بەتایبەت تاقمی النصره. بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێرانی مافی مرۆڤ لە سووریە لە ماوەی ٣ مانگدا نزیک بە ١٧٠٠ کەس لەو شەڕانەدا کوژران. لەو ماوەیەدا داعش رایگەیاند کە رێبەرانی النصره خەیانەتکارن، هەر بۆیەش النصره لەلای ئەیمەن ئەلزەواهێری شکایەتیان لە ئەبووبکر بەغدادی کرد. زەواهێری بە دوای ئەو شکایەتە و بەمەبەستی کۆتایی هێنان بە شەڕی نێوان ئەو دوو تاقمە داوای لە بەغدادی و جولانی ( رێبەری النصره) کرد لە دادگایەکی شەرعیدا کە بەو مەبەستە پێکی دێنێ ئامادە بن، بەڵام بەغدادی لە فایلێکی دەنگیدا کە لە تەلەفزیۆنی ئەلجەزیرە بڵاو بوویەوە رایگەیاند کە ئەو تەنیا ئوسامە بن لادەن بە رێبەری خۆی دەزانێ و ئامادە نییە پەیڕەوی لە فەرمانەکانی الزواهێری بکات. بە دوای ئەوەدا و لەسەرەتای ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٠١٤ی زایینی جیابوونەوەی خۆی لە رێکخراوی ئەلقاعیدە راگەیاند. لەو کاتەوە داعش هاوکات لەگەڵ پەرەگرتنی هێز و دەسەڵاتی، پەرەی بە توندوتیژی و کوشتار و وێرانی زیاتر دا.

هۆی سەرەکی پەرەگرتنی خێرای داعش دەگەڕێتەوە بۆ پیلانێکی سەرکەوتووی رێژیمی کۆماری ئیسلامی بە یارمەتی هاوپەیمانەکانی لەشەڕی سوریەدا ( حیزبوڵڵای لوبنان، رێژیمی ئەسەد و نووری مالکی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق). پیلانەکە ئەوە بوو کە لەسەر پێشنیاری ئێران و بەمەبەستی نفووز و تا ئەندازەیەک کونتڕۆڵی هێزەکانی تێرۆریستی بەتایبەت ئەلقاعیدە ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی شارەزا و بەتوانا لە بوارە جۆراوجۆرەکان لە ئاوارەکانی ئەفغانی لە ئێران، حیزبوڵلا و عەرەبی عێراق و سووری نێردرانە نێو هێزەکانی ئەلقاعیدە بەتایبەت هێزەکانی داعش و هاندانی ئەو هێزە بۆ رووکردنە توندوتیژی و کوشتار و وێرانی زیاتر، بۆ ئەوەی سیمایەکی هەرچی دڕندەتر لەوان بە دنیا نیشان بدەن، ئەو دنیایەی کە لێبڕا بوو بەشار ئەسەد لە دەسەڵات لابدا.

دەرهێنانی جەرگی سەربازێکی کوژراوی سپای بەشار ئەسەد لەلایەن یەکێک لەو تیرۆریستانەی ئەلقاعیدە و خواردنی لە بەرانبەر دووربینی تەلەفزیۆنەکان کە لەوێ ئامادەبوون و بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە لە تەلەفزیۆنەکان و راگەیەنەکانی دنیا، هەموو لایەکی حەپەساند و شوێنەوارێکی زۆر گرنگی لە بیروڕای جیهان بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە بڕیاری لادانی بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتیان دابوو پێکهێنا کە یەک لەوان وڵاتی ئامریکا بوو، ئەوان بیریان لەوە کردەوە کە ئەگەر دوای بەشار ئەسەد ئەم وەحشییانە لە سووریە دەسەڵات بە چنگ بگرن چ کارەساتێک دەقەومێ؟ ئەوەش هاتنەدیی مەبەستی ئێران بوو لە خاوکردنەوەی بڕیاری لادانی ئەسەد لە دەسەڵات.

هەر بەپێی ئەم پیلانەی ئێران و بە مەبەستی بەهێزکردنی داعش لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٠١٣ی زایینی، داعش بڕیاری هێرش بۆ سەر زیندانەکانی عێراق و ئازادکردنی زیندانیەکانیدا و بە پێی فەرمانێکی نهێنی دەسەڵاتی بەغدا هیچ بەرنگاربوونەوەیەک لەو هێرشانەدا رووی نەدا و دەرگای هەموو ئەو زیندانانە شکێندران و زیندانییەکان کە زۆربەیان شەڕکەرانی ئەلقاعیدە بوون، ئازادکران. تەنیا لە زیندانی ناوەندی بەغداد ئەبوو غۆرەیب لەنێوان ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ کەس لە شەڕکەرانی بە ئەزموون و گرنگی ئەلقاعیدە لە زیندان ئازاد بوون و هەموویان چوونە ریزی داعش، ئەو زیندانییانە کەسانی پسپۆڕ و شارەزای زۆری لە بواری بۆمب دانانەوە، تەقینەوە و فەرماندەگەلی شەڕی چریکی و... تێدا بوو کە هەموویان چوونە نێو داعشەوە.

دەست بەسەرداگرتنی سەربازگەی گەورە و بەناوبانگی موسڵیش لەلایەن داعشەوە بە بێ هیچ بەرەنگارییەک بە بوونی ئەو هەموو فەرماندە و سەرباز و بەو هەموو چەک و تەقەمەنییەوە هەر ئەلقەیەک لە زنجیرەی ئەو پیلانە بوو کە داعشی کردە ئەو هێزەی کە بۆ ماوەی چەندین ساڵە لە بەرانبەر ‌هێزی یەکگرتووی هاوپەیماناندا خۆی راگرتووە.

ئەم پیلانەی رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە یارمەتیدان و بەهێزکردنی داعش دەسکەوتێکی گەورەی بۆ کۆماری ئیسلامی دەستەبەر کرد، ئەو دەسکەوتەش ئەوە بوو کە بەناوی شەڕ لەگەڵ داعش و بەرگری کردن لە حکوومەتی عێراق و سووریە لەبەرانبەر داعشدا، نەک هەر هێزێکی بەرچاوی خۆی لە سپای قودس لەو دوو وڵاتە جێگیر کرد، بەڵکوو نفووز و دەسەڵاتی خۆی لە هەموو جومگەکانی ئەو حکوومەتانەدا چەسپاند بە شێوەیەک کە لاوازی کردن ، سڕینەوەی ئەو دەسەڵاتە زۆر بە زەحمەتە و ماوەیەکی زۆر دەخایەنێ.

بۆیە ئێستا رێژیمی ئێران نیگەرانی لاوازکردن و لەناوبردنی داعش لە ناوچە بەهۆی هێزە هاوپەیمانەکانی ئەمریکایە، لەبەرانبەر ئەو یارمەتیدان و بەهێز کردنەی داعشدا، ئەوانیش قەدری ئەو خزمەت پێکردنە دەزانن و لە بەرانبەردا هیچ کات بە شێوەی بەرنامەداڕێژراو هێرشیان بۆ سەر ئێران و ئێرانییەکان نەکردووە و هەر دوولا پێوەندییەکی گەرم وگوڕ و نهێنی لە ئاستی سەرەوەیاندا پاراستووە، تا ئەو رادەیەی کە سەرەڕای ئەوەی لەباری ئیدئۆلۆژییەوە هەرکام ئەویتر بە دوژمنی خۆی دەزانێ، بەڵام رێژیمی کۆماری ئیسلامی هیچ کاتێک کۆسپی بۆ تەبلیغاتی سەلەفی جیهادییەکان پێک نەهێناوە کە لە مزگەوتەکانی کوردستانی ئێراندا تەبلیغ بۆ بەرنامە و بیروباوەڕی خۆیان دەکەن و تەنانەت گەنجەکانی کوردستان هان دەدەن کە بچن لە پاکستان و زاهیدان لە مەدرەسەکانی سەلەفیەکاندا فێری ئیدئولۆژی و بیروباوەڕی ئەوان بن، یان بیاننێرن بۆ ریزەکانی داعش لە وڵاتانی دراوسێ، تەنیا ئەوە نەبێ کە جاروبار بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای جیهان و خەڵک، هێرشیان کردبێتە سەر هێندێک کۆڕ و کۆمەڵی ئەو سەلەفییانە لە کوردستانی رۆژهەڵات و چەند کەسێکیان بۆ ماوەیەک دەستگیر کردبێ و دوای ماوەیەکی کورت ئازاد کراون، کەسانێکیش لەو گرووپە کە دوای دەستبەسەر کردن زیندانی درێژخایەنیان بۆ بڕاوەتەوە یان تەنانەت چەند کەسێکیان لێ ئیعدام کراوە، کەسانێک بوون بەو شێوە پێوەندییەی نێوان داعش و ئێران ناڕازی بوون و بەم هۆیەوە لە ژێر رێکخستنی داعش دەرچوون، ئێستاش ژمارەیەک لەو کەسانە لە زیندانەکانی رێژیم دەستبەسەر و تەنانەت هێندێکیشیان حوکمی ئێعدامیان بۆ دەرچوو‌ە.

پێوەندی نێوان کۆماری ئیسلامی و تاقمە سەلەفیە جهیادییەکان هەر لە سەرەتای پەرەگرتنی ئەم تاقمانەوە دەستی پێکردووە، رێژیمی کۆماری ئیسلامی بە پەرەپێدانی ئەو پێوەندییانە توانیویەتی لەلایەکەوە پیلانی دەستدرێژییەکانی لە ناوچە و دووبەرەکی سازکردن لە نێو هەر گرووپێک کە بە پێویستی زانیبێ، بەرێتە پێش، لەلایەکی دیکەوە لەم رێگایەوە کونتڕۆڵی ئەو تاقمانەی بەدەستەوە گرتووە و خۆی لە زەرەری هێرشی ئەوان پاراستووە. بۆ نیشاندانی وەفادارمانەوە بەو پێوەندییانەش هەرکات ئەو تاقمانە رووبەڕووی تەنگانە بوونەتەوە رێژیم بە هەموو شێوەیەک یارمەتی پێ کردوون و لە فەوتان رزگاری کردوون.

بۆ نموونە پاش هێرشەکەی بەهاری ٢٠٠٣ی زایینی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەنسارولئیسلام لە لایەن ئەمریکا و یەکیەتی نیشتمانی کوردستان و رووخانی ئیمارەتەکەیان، بە شپرزەیی خۆیان گەیاندە کوردستانی ئێران، لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە پەنادران و بە پشتیوانی و یارمەتییەکانی ئێران دوای چەند مانگ خۆیان رێکخستەوە.

پێوەندی ئێران لەگەڵ ئەلقاعیدە و یارمەتییەکانی بەو رێکخراوە لە هەموو بوارێکدا بۆ هەموو لایەک ئاشکرایە، ئێران پەناگایەکی قایم و جێی متمانە بۆ ئەندامانی بنەماڵەی بن لادن بوو و هێندێک لە هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە بن لادەن بۆ خۆشی زۆرجار کە هێرشی بەهێزی لەسەر بووە هاتووەتە ئێران و لەلایەن رێژیمەوە جێگا و رێگای مانەوەی بۆ دابین کراوە.

بۆیە پێویستە دنیا لەو راستییە بگا کە ئەگەر رێژیمی کۆماری ئیسلامی بە پرۆپاگاندە کردن دەیهەوێ وا نیشان بدا کە لەلایەن داعشەوە لە مەترسی هێرش کردندایە و تەنانەت جار نە جارێک رادەگەیەنێ کەسانێکی سەر بە داعشی لە سنوورەکان دەستگیر کردووە و پرۆپاگاندەیان پێوە دەکا، زیاتر لە شانۆگەرییەک نییە. تەنانەت رووداوەکانی رۆژی ١٧ی جۆزەردانی ئەمساڵی تاران کە لەودا هێرش کرایە سەر مەجلیسی رێژیم و قەبری خومەینی، بۆ خۆی دەیان پرسیار و گومانی لەسەرە. بەڵام بە دوای ئەو بەرنامەیەدا سەدان کەس لە کوردەکانی ئێران لە تاران و شارەکانی دیکەی کوردستانی ئێران بە بیانووی پێوەندییان بە هێرشکەرەکانی تاران دەستگیر کران و خرانە زیندانەوە.

ئێستا رێژیمی کۆماری ئیسلامی بە نیازە چالاکی سیاسی و چەکداری کورد بە دژی رێژیم، بەناوی کەسان و گرووپگەلی بەستراوە بە داعش بە دنیا بناسێنێ هەر بەو ناوەش سزای قورسیان بدا.

ئەمانە هەموویان نیشانەی پیلانێکی نوێی رێژیمی کۆماری ئیسلامین بۆ سەرکوت و زەبروزەنگی زیاتر بۆ سەر نەتەوەی کورد و باقی نەتەوە بندەستەکان و، لەلایەکی دیکەشەوه وادەنوێنێ چوونکە شەڕ لەگەڵ داعش دەکا، لە مەترسی هێرشی ئەو تاقمەدایە، ئەوە لەحاڵێکدایە کە بە شاهیدی مێژووی ئەو چەند ساڵەی شەڕی داعش لە سووریە و ئەوانەی شاهیدی مەیدانەکانی شەڕ بوون، رێژیمی کۆماری ئیسلامی لەو ماوەیەدا هیچ شەڕێکی لەو وڵاتە دژی داعش بەڕێوە نەبردووە و هیچ کەسێکی لە شەڕی دژی داعش نەکوژراوە، بەڵکوو سەرجەم کوژراو و بریندارەکانی لە سووریە کە چەند هەزار کەسێکن، لە شەڕی دژی ئوپوزیسیۆنی سووریە کوژراون، کە ئەو شەڕەش بۆ خۆی لە قازانجی داعشدایە چوونکە داعشیش لە دژی ئۆپوزیسیۆنی سووریە لە شەڕدایە. بە واتایەکی دیکە لە سووریە، کۆماری ئیسلامی و داعش لە یەک بەرەدا شەڕ دژی دژبەرانی رێژیمی ئەسەد دەکەن.