کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمپانیا بیانییەکان، بازرگانیکردنیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرتووە

12:37 - 21 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: دوای تێپەڕینی تەنیا چەند ڕۆژ لە جێبەجێکردنی خولی یەکەمی گەمارۆوەکانی ئامریکا لەسەر ڕێژیمی ئێران، کۆمپانیا باوەڕپێکراوە جیهانییەکان، هاوکارییەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕاگرت.

بە دەسپێکردنەوەی خولی یەکەمی گەمارۆوەکانی ئامریکا لەسەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، کە لە ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی گەلاوێژ دەستیان پێ کردەوە، دوای تێپەڕینی تەنیا چەند ڕۆژ لەم گەمارۆیانە، هەتا ئێستا چەند وڵات و کۆمپانیا چالاکییەکانی خۆیان لەگەڵ ئێران پچڕاندووە.

ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی٢٠ی گەلاوێژ، وەزیری دەرەوەی مەراکش بەپێی بەڵگەیەک بۆ ئەنجومەنی بانکداریی مەراکش، لە پێوەندیی لەگەڵ درێژەدان بە بازرگانی لە بواری دارایی و سەرمایەکانی ئێران هۆشداری داوە.

لە لایەکی دیکەوە کارلۆ کراستۆ، بەرپرسی کاروباری ماڵیی کۆمپانیا ئاڵمانی دوئێر؛ کە بەرهەمهێنەری پارچە میکانییەکانە، لە دوای هۆشداریی دانڵد ترامپ لەسەر خستنە ناو لیستی ڕەشی ئەو کۆمپانیانەی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هاوکاری دەکەن، ڕاگرتنی چالاکییەکانی لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند.

دوای ڕاگەیاندنی خولی یەکەمی گەمارۆوەکان لە لایەن ئامریکاوە، ژمارەیەک لە وڵاتان درێژەدان بە پەیوەندییە بازرگانییەکان یان ڕاگرتنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران  ڕاگەیاندووە، لەم نێودا کۆمپانیای سویسی "ئیشتادلەر ریل"، کۆمپانیای ماشینسازیی ئاڵمانی دایملەر، کۆمپانیای پژۆ و ڕنۆی فەڕانسە، کۆمپانیای نەوتی فەڕانسەییی تۆتاڵ و کۆمپانیای فڕۆکەسازیی ATR نموونەی ئەو کۆمپانیایانەن، کە هەتا ئێستا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرتووە، یان بە شێوەیەکی گشتی پچڕاندووە.

دوای هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام و دەسپێكردنەوەی خولی یەکەمی گەمارۆوەکان، وڵاتانی ناوچەکە لە ڕاستای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ئامریکا، چالاکییەکانی خۆیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرتووە و ئەم کارەش بووەتە هۆی لاوازبوونی ڕێژیم لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکەدا.