کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمپانیای "ماهان"ی مالزی خرایە لیستەی گەمارۆکانی ئامریکاوە

19:16 - 19 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکا، کۆمپانیایەکی گەشت‌وگوزار و موسافرەتیی مالێزی بەهۆی هاوکاری کردنی شرکەتی ماهان ئەیری ئێران، خستە لیستەی گەمارۆکانییەوە.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٨ی پووشپەری ١٣٩٧ی هەتاوی، وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکا، ڕایگەیاند کە شرکەتی خزمەتگوزاری و سەیرانی ماهان کە ئۆفیسی لە مالێزییە، وەکوو بەشی فرۆشتنی فرۆکەوانی ماهان چالاکی کردووە و بەو هۆیەوە گەمارۆ دەدرێت.

شرکەتی ماهان ئەیر، لە ساڵی ٢٠١١، بە تاوانی خزمەتگوزاری بە هێزەکانی سپای پاسداران و گواستنەوەی چەک و هێزەکانی سپای پاسداران بۆ لوبنان و سوریە و ئاسانکاری و پاڵپشتی لە هێزی تێرۆریستی سپای قودس و پاڵپشتی لە تێروریزم لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، خرایە لیستەی گەمارۆکانی ئامریکا.

ستیڤێن منوچین، وەزیری خەزێنەداری ئامریکا لەو پەیوەندییەدا، باسی لەوە کردووە کە: هەڵوێستی ئامریکا لە پەیوەندی لەگەڵ نەخش و پاڵپشتی شرکەتی ماهان ئەیر لە تێرۆریزم، بە تەواوەتی روونە و ئەو کردەوەی وەزارەتی خەزێنەداری لە بەرامبەر ماهان ئەیر، هەڵگری ئەو پەیامەیە کە شرکەتە هەوانەوەردییەکان دەبێ بە زووترین کات پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ماهان ئەیر بپچڕێنن و ئەگەر درێژە بە پەیوەندییەکانیان بدەن، لەگەڵ غەرامەی قورس بەرەوڕوو دەبنەوە.

دوای کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام و دووبارە هاتنەئارای گەمارۆکان بەدژی ڕێژیمی تاران، بەشێکی بەرچاو لە کۆمپانیا ئورووپاییەکان، بازرگانی و پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ ئێران ڕاگرتووە.