کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵەی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات خۆپیشاندانێکیان بەڕێوە برد

12:34 - 28 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: کۆمەڵەی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەبەردەم کۆنسوولخانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان خۆپیشاندانێکیان بەڕێوە برد.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، کۆمەڵەی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەبەردەم کونسوولخانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری مونشێن بە مەبەستی پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی کورد و مەحکوومکردنی هەڵسوکەوتی دڕندانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەهەمبەر گیراوانی کورد خۆپیشاندانێکیان بەڕێوە برد.

لە خۆپێشاندانەکەدا کۆمەڵەی کوردی باکووری کوردستان "کۆمکار" و پارتی چەپی ئاڵمان بە مەبەستی پشتگیری لە خەباتی رەوای گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشدارییان کرد و پەیامیان خوێندەوە.

لە درێژەی ئەو خۆپیشاندانەدا، پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان بە هەر دوو زمانی ئاڵمانی و کوردی خوێندرایەوە. جنایەتەکانی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە گەلانی ئێران و بەتایبەتیش گەلی کورد، دۆخی نالەباری زیندانیانی سیاسی لەنێو چاڵە ڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی و ئازار و ئەشکەنجەدانی زیندانیان، سەپاندنی حوکمی ناڕەوای لە سێدارەدان، حەپسی درێژماوە و هەڵاواردن لە نێوان بەندکراوانی ئێران بە گشتی بەشێک لە ناوەڕۆکی پەیامەکە بوون.

کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ ئاڵمان له درێژەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بە تەشەنەکردنی خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی ئێران و مانگرتنی شارەکان بە هۆی دۆخی نالەباری ژیان و گوزەران، سەرەڕۆیی و دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە و جیهان و هەروەها وەرزی نوێی خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد کە بە ڕاسانی ڕۆژهەڵات ناسراوە دژی ئەو ڕێژیمە تۆتالیتر و دژە مڕۆڤە کرد.