کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی راسانی رۆژهەڵات

22:22 - 15 رەشەمه 2717

کەریم پەرویزی

دوای نزیک بە یەک ساڵ تێپەڕین بە سەر کاتی ئاسایی خۆیدا، کۆنگرەی شازدەیەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە رۆژی یەکی رەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی دەستی بە کارەکانی کرد و دوای چوار رۆژ، کاری بەردەوام و چڕ و پڕ و بە شەو و بە رۆژ درێژەکێشانی کۆبوونەوەکان، لە ٤ی رەشەمەدا کۆنگرەی راسانی رۆژهەڵات هەموو ئەو بەرنامانەی بۆ کاری خۆی دانابوو بە سەرکەوتوویی و بە ڕێکوپێکی بە ئەنجامی گەیاندن.

دۆخی زەمانیی کۆنگرەی راسانی رۆژهەڵات، بەتایبەت نەمانی بەڵای داعش و هاتنی بەڵای حەشدی شەعبی و دوای رووداوەکانی کەرکووک و هێرشی تورکیە بۆ عەفرین و بانگهێشت کردنەوەی ئەسەد بۆ عەفرین و چەندین رووداوی گرنگی دیکە، هەرکام بەجیا هەڵگری شیکاری و لێکدانەوەی جیاوازە و هەوڵ دەدەین لە داهاتوودا بچینە سەر ئەو باسانە.

لەباری نێوەڕۆکی کارەکانی کۆنگرەشەوە، یەکەم کۆنگرەی دوای دەسپێکی قۆناخی نوێی خەبات واتە راسانی رۆژهەڵات بوو و بەرنامەکانی کۆنگرە لەوبارەوە و هەروەها هەنگاوەکانی حیزبی دێموکرات بۆ هاوکاریی نێو هێزە کوردستانییەکان، و پرس وبابەتە پێوەندیدارەکان بە رێکخستن و ئۆرگانیزاسیۆن و خۆتەیارکردنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەموویان گرنگیی تایبەت و جێگای تایبەتیان هەیە بۆ شیکردنەوەی زیاتر کە دەبێ لە دەرەتانی دیکەدا هەموویان باس بکرێن؛ بەڵام ئەوەی وەک ئەمەگدارییەک بەرامبەر بە هەموو ئەو کەسانەی رەنجیان بۆ پێکهاتنی کۆنگرە کێشا و هەموو ئەوانەی بە دڵەخورپەوە چاوەڕیی کۆنگرە و ئاکامەکانی بوون پێویستە لە چەند خاڵی کورتدا لێرە ئاماژەیان پێ بکەین:
یەکەم- سەرکەوتنی کۆنگرە لەباری بەڕێوەبردنی کارەکانی لە دۆخی ئەمنیەتیی تایبەتدا بوو. رەنگە زۆر وردەکاری و زانیاری لە دەرەتانێکی وەها کورتدا باس نەکرێن، بەڵام ئاماژەیەکی خێرا بەوە پێویستە کە لە دۆخی نالەباری ئەمنیەتیی دوای داگیرکردنی کەرکووک لە لایەن حەشدی شەعبیی سەر بە سپای پاسداران و پەرەگرتنی دەستێوەردانی گێرەشێوەنانەی سپای پاسداران لە عێراق بەگشتی و کوردستانی باشوور بەتایبەتی، وێنەیەکی گشتیی هەڕەشە ومەترسییە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەباتکارانی کوردمان بۆ دەربخا.

بەتایبەت لە کۆبوونەوە و رووداوێکی گرنگی وەکوو کۆنگرە و هی حیزبێکی جیددی و خاوەن مەترسی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیدا، زیاتر دۆخی ئەمنیەتیەکە بەرجەستە دەبێتەوە و ئەو هەواڵ و زانیارییانەش کە دەگەیشتن باسیان لەوە دەکرد کە کۆماری ئیسلامی بەهەموو شێوەیەک بەدوای ئەوەوەیە کە شوێن و کاتی کۆنگرە بزانێ و دەستی لێ بوەشێنێ و بە هاندانی هەندێک لە بیروڕاکان دەیهەویست بە شێوەی ناراستەوخۆ ئەو زانیارییانەی وەدەست بکەوێ کە بە وشیاریی حیزبی دێموکرات و هاوکاریی کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانی کە پێوەندیدار بەو کارە بوون، کۆنگرە بەوپەڕی ئەمنیەتی باشەوە لە سەر تواناکانی خودی حیزبی دێموکراتری کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.

جێگای ئاماژەیە کە لە یەک دوو رۆژی پێش دەسپێکی کۆنگرەدا دوایین شوێنی کۆنگرە بە ناچاری گۆڕانی بەسەردا هات و زانیاریی وردتر لەو بارەوە با بمێنێتەوە بۆ کاتێکی دیکە و مێژوویەکی دیکە، بەڵام سەرکەوتنی ئەم کۆنگرە لەم دۆخە پڕ مەترسییەدا کە بەداخەوە هەر حەوتوویەک دوای تەواوبوونی کۆنگرە، ماڵ و بنەماڵە و گیانی ئەندامێکی کۆنگرە کرایە ئامانجی کردەوەیەکی تیرۆریستی لە بنەسڵاوەی هەولێر، خۆی دەرخەری تەواوی دۆخە پڕ مەترسییەکەیە و شانازیی سەرکەوتنی کۆنگرە لەوەها دۆخێکدا زۆرتر دەکا.

دووهەم- باسێکی گرنگ و پڕ کێشە و پڕ لێدوان و بە هەڵوێستی جیاواز و دەنگ و رای زۆر جیاوازەوە لەسەر ئاڵوگۆڕ لە سیستمی حیزبی دێموکراتدا لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا لە نێو بەدەنە و رێبەریی حیزبی دێموکراتدا لەئارادا بوو. ئەم باسە گرنگە، راوەستان و خوێندنەوەیەکی جیددی بۆ کۆی گرفت و کێشە وکەموکووڕییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و گەڕان بەدوای رێگاچارەی ریشەییدا بوو و دوای زیاتر لە چوار دەیە، سەقامگیربوونی سیستمێکی رێکخراوەیی، حیزبی دێموکرات دەیهەویست ساختاری خۆی بگۆڕێ.

ئەم باسە گرنگە و رای جیاواز لەسەری، دۆستانی وەدڵەخورپە خستبوو و بزەی خستبووە سەر لێوی نەیاران و دوژمنانی هێنابووە سەرخەت تاکوو هانی وردوخاشکردنی حیزبی دێموکرات بدەن، بەڵام دوای چەند ساڵ لێکدانەوە وباسکردن، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆنگرەی شازدەی خۆیدا، گەیشتە کۆدەنگی و بڕیاری ئاڵوگۆڕی لە پێکهاتە و سیستمی خۆی دا و باسە پێوەندیدارەکانی گەیاندە ئاکام و بڕیاری کۆی لێکەوتەوە؛ ئەمە هەم زیندووبوونی ئەم حیزبە و هەم سەردەمی بوون و هەم دیالۆگی دێموکراتییانەی نێو حیزبی نەک بە دروشم بەڵکوو بە کردەوە سەلماند؛ ئەمە شانازییەکی مێژووییە بۆ کۆنگرەی شازدەیەمی حیزبی دێموکرات کە مێژووخوڵقاندن بە شێوازی دێموکراتیکی نیشان دا.

سێهەم- دوای چەند ساڵ لە دەسپێکردنی راسان و هەڵسەنگاندنی خاڵە بەهێز و لاوازکانی ئەم قۆناخە نوێیە لە خەبات، کۆنگرەی شازدەیەمی حیزبی دێموکرات بڕیاری درێژەدان و پەرەدان بە راسانی رۆژهەڵاتی دا کە ئەمەش لە داهاتوودا نیشان دەدا کە لە خاڵە وەرچەرخانە مێژووییەکاندا دەس هەڵێنانەوە ئاساییەکان بۆ دەنگدان، دەتوانێ رەوڕەوی مێژوو بگۆڕێ.

کۆنگرەی راسانی رۆژهەڵات بەسەرکەوتنەوە کارەکانی تەواو کرد و بڕیارە پێویستەکانی پەسند کرد و کردیە بەرنامەی کار بۆ داهاتوو، رێبەرایەتی و کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموکرات دەتوانن لە مێژوودا وڵام بدەنەوە کە ئایا هەنگاوی کردەییان بۆ سەلماندنی ئەو شانازییانە ناوە یان نە؟ ئەوە دەمێنێتەوە بۆ داهاتوویەکی نەک زۆر دوور.