کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ: کەڵکوەرگرتن لە تۆپی فسفۆڕی لە تۆپبارانەکانی کوردستان پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانه

12:52 - 28 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، لە ڕاگەیەندراوێکدا هێرشی تۆپخانەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران بۆ سەر سنوورەکانی کوردستان مەحکووم دەکات.

دەقی ئەو ڕاگەیەندراوە بەم چەشنەیه:

ڕاگەیەندراوی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، لە پێوەندی لەگەڵ کەڵکوەرگرتن لە تۆپی فسفۆڕی لە تۆپبارانەکانی کوردستاندا

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، جارێکی دیکە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی تۆپباران کرد، کە بەداخەوە دوو پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شەهید بوون و کەسێکی سڤیلیش بریندار بوو. لە ئاکامی ئەو تۆپبارانەدا ڕووبەرێکی بەرین لە دارستان و لێڕەوارەکان لە ئاگردا سووتان و زەرەر و زیانێکی زۆر بە خەڵکی ناوچەکە گەیشت.

بەپێی ڕاگەیەندراوێک که لە لایەن فەرماندەییی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بڵاو کراوەتەوە، لەو تۆپبارانەدا لە تۆپی فسفۆڕی کەڵک وەرگیراوە.

بەپێی ڕێککەوتنامەی ساڵی ١٩٨٠ی ژنێڤ، کەڵکوەرگرتن لە تۆپی فسفۆڕی لە شەڕدا و بەتایبەت لەو ناوچانەی کە خەڵکی سڤیلی لێیە، قەدەغەیە. چەکی فسفۆڕی "فسفۆڕی سپی" وەکوو چەکی کۆمەڵکوژ لە قەڵەم دەدرێت و کەڵکوەرگرتن لەو چەکە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانه.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی بە بیانووی بوونی حیزبە کوردییەکان بە توندی مەحکووم دەکات. هەروەها داوا لە دامەزراوە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مافە مرۆیییەکان دەکات، لە پێوەندی  لەگەڵ کەڵکوەرگرتن لە تۆپی فسفۆڕی لەو تۆپبارانەدا، لێکۆلێنەوە بکەن.

ڕابردووی ڕێژیمی تێرۆریستیی ئیسلامیی ئێران پیشان دەدات، کە ئەو ڕێژیمە بۆ گەیشتن بە ئامانجە نامرۆڤانەکانی خۆی کەڵک لە هەر شتێک وەردەگرێت. ڕووخانی ڕێژیم تەنیا ڕێگای ڕزگاریی خەڵکی ئێران و ناوچەکەیە.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ

١٨ی جولای ۲۰۱۸