کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە شاری پاوه

12:32 - 19 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری پاوە، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٧ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، کاک "محەممەد موئمێنی" کوڕی "محەممەدموئمێن موئمێنی"، خەڵکی شاری نۆدشه سەر بە بەشی نەوسوودی پاوەی هەورامان، لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

کاک محەممەد مۆئمێنی ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی، پێوەندی بە حیزبەوە کرد و لە ڕیزی تەشکیلاتی حیزبدا خەباتی دەکرد. ساڵەکانی ٤٦ـ٤٧ لەگەڵ ٥ هاوڕێی دیکە که لە باشووری کوردستان، لە لایەن ساواکەکانی ڕێژیمی شاوە لە گوندەکانی "زەڵم و ئەحمەدئاوا"، لە دەورووبەری خورماڵ دەگیرێن و دەبردرێنەوە ئێران و چەند کەسیان بە ٦ ساڵ و چەند کەسێکی دیکەش به ٤ ساڵ زیندان مەحکووم دەکرێن، کە کاک محەممەد ٤ ساڵ زیندانی دەکرێت.

کاک محەممەد و هاوڕێیانی دوای ئازادکرانیان لە زیندان چەند ساڵێک پێش شۆڕشی گەلانی ئێران و سەرکەوتن بە سەر ڕێژیمی پاشایەتیدا لە خەبات و تێکۆشانی خۆیان بەردەوام دەبن، سەرەئەنجام ساڵی ٥٧ی هەتاوی پاش ئاشکرابوونی خەباتی حیزبی دێموکرات، سەرجەمیان وێڕای کاک محەممەد، تێکەڵ بە ڕیزەکانی حیزبەوە بوون و لە کۆمیتە شارستانی هەورامان و هێزی شاهۆدا دەستیان بە خەبات کردەوە.

ئەو تێکۆشەرە هەتا ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی، هەتا کاتی هێرشی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ سەر ناوچەی هەڵەبجه و گیرانی ئەو ناوچەیە و کیمیابارانی شاری هەڵەبجه و دەورووبەری، لە ڕیزی پێشمەرگەکانی هێزی شاهۆدا مایەوە، بەڵام کاک محەممەد هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی هەر وەفادار بە ڕێبازی خۆی مایەوە.

تەرمی ناوبراو لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاک ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.