کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕێکی سیاسی لە لایەن ناوەندی پشتگیریی لە خەباتی خەڵکی ئێران بەڕێوە چوو

12:11 - 6 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: لە لایەن ناوندی پشتگیری لە خەباتی خەڵکی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان کۆڕێکی سیاسی لەژێر ناوی "پێکهێنانی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بە دژی کۆماری ئیسلامی و ڕۆڵی کوردستان" بەڕێوە چوو.

ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ٤ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە لایەن ناوەندی پشتگیری لە خەباتی خەڵکی ئێران کۆڕێکی سیاسی بۆ "شەهریار نەقشبەندی" بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئاڵمانی لەژێر ناوی "پێکهێنانی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بە دژی کۆماری ئیسلامی و ڕۆڵی کوردستان" بەڕێوەچوو.

لەو کۆڕەدا کە نوێنەرانی زۆربەی حیزب و ڕێکخراوە ئێرانییەکانی تێدا بەشدار بوون، نەقشبەندی لە دەستپێکی قسەکانیدا ئاوڕی لەسەر هەڵسوکەوتی زاڵمانە و سەرکوتی گەلی کورد لە لایەن حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی سەد ساڵی ڕابردوودایەوە و بەتایبەت مێژووی پڕ لە جینایەتی کۆماری ئیسلامی و بەرەنگاری و خەباتی گەلی کورد لە پێناو دەستەبەرکردنی مافی ڕەوای خۆی باسێکی پێشکەش کرد.

ناوبراو لەو بارەوە وتی: "لە ماوەی نزیک بە سەد ساڵ و بەتایبەت لە دەستپێکی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە هەتا ئێستا کوردستان وەک سەنگەرێکی قایم و لەشکاننەهاتوو، مەکۆیەک و پشتیوانێکی بەهێز بووە بۆ سەرجەم هێزە دێموکرات و ئازادیخوازەکانی ئێران کە لەوێوە بە دژی ڕێژیمە دیکتاتۆرەکانی ئێران و بەتایبەت کۆماری ئیسلامی خەبات بکەن. بەرزیی ئاستی هۆشیاری خەڵکی کوردستان و دانەبڕانی هێزە خەباتکارەکان و بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حزووری بەردەوامی پێشمەرگە لە نێو خەڵکی خۆیدا وای کردووە، کە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات بە نیسبەت باقی شوێنەکانی دیکەی ئێران، ڕێکخراوتر و ئامادەتر بێ ، هەر بەو هۆکارەش کوردستان لە بەرانبەر زوڵم و زۆری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەگێڕێ، بەڵام بەداخەوە ئۆپۆزیسیۆنی ئێران نەیتوانیوە خەباتی خۆی ئاوێتە بە خەباتی گەلی کورد بکا، بۆ ئەوەی بە هەموومان بتوانین بەزوویی کۆتایی بەو ڕێژێمە تۆتالیتێرە بێنین".

شەهریار نەقشبەندی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئاماژەی بە ڕاسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێشەنگایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران  و سیاسەتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات لەهەمبەر ئۆپۆزیسیۆنی ئێران کرد و وتی: "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ماوەی ٤٠ ساڵە بە فیداکاریی بێوێنەوە بەرەنگاری کۆماری ئیسلامی بووەتەوە و لەو پێناوەدا خوێنی زۆری بەخشیوە. حیزبی دێموکرات باوەڕی قووڵی بە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی هەیە و لەسەر ئەو باوەڕەیە کە لەو ڕێژێمەدا هەرگیز هیچ ئاڵوگۆڕێک بە قازانجی گەلانی ئێران بەدی نایات، هەر بۆیە بۆ کۆتاییهێنان بە تەمەنی ڕێژمی کۆماری ئیسلامی و هێنانە سەرکاری حکوومەتێکی دێموکرات و سکۆلار لە هەموو شێوەکانی خەبات کەڵک وەردەگرێ و هاوکات ئامادەشە بەبێ دانانی هیچ پێشمەرجێک لەگەڵ سەرجەم ئەو حیزب و ڕێکخراوانەی ئێران کە باوەڕیان بە ئازادی، دێموکراسی و مافی گەلان هەیە گفتوگۆ بکا.

نەقشبەندی باسی لەوەش کرد لە دۆخی ئێستای کۆماری ئیسلامی کە کەوتووەتە لێواری هەڵدێڕەوە، پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو هەم لە ئاستی کوردستان و هەم لە ئاستی ئێران بە پێویست دەزانین و کاری بۆ دەکەین. لە کوردستان بە خۆشحاڵییەوە توانیومانە ناوەندێک بە ناوی "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران" پێک بێنین و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر لێک نزیک دەبینەوە و پێکەوە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا هاوکاری دەکەین و هیواخوازین کە لە ئاستی ئێرانیشدا بتوانین ناوەندێکی لەو جۆرە پێک بینین و وڵاتەکەمان لە دەستی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی نەجات بدەین و حکوومەتێکی دێموکراتیک کە لەودا مافی سەرجەم گەلانی ئێران و چینوتوێژە جیاجیاکان پارێزراوبێ، دابمەزرێنین.

لە کۆتابەشی کۆڕەکەدا شەهریار نەقشبەندی وڵامی پرسیار و تێبینی بەشداربووانی دایەوە.