کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕێکی ئەدەبی بۆ بەرز راگرتنی یادی مامۆستا هەژار لە زانکۆی پەیامی نووری بۆکان بەڕێوە چوو

20:48 - 9 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: بنکەی ئەدەبی زریان لە زانکۆی پەیامی نووری بۆکان کۆڕێکی مۆسیقا و ئەدەبی بۆ بەرز راگرتنی یادی مامۆستا هەژار بە بەشداریی خوێندکارانی ئەو زانکۆیە بەڕێوە برد.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٦ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی، بنکەی ئەدەبی زریان لە زانکۆی پەیامی نووری بۆکان کۆڕێکی مۆسیقا و ئەدەبی بۆ بەرز راگرتنی یادی مامۆستا هەژار بە بەشداریی خوێندکارانی زانکۆکانی مەهاباد و بۆکان لەو زانکۆیە بەڕێوە برد.

لەو کۆڕەدا چەندین مامۆستای زانکۆ و خوێندکار بابەت، شێعر و پەخشانیان پێشکەش کردوە.

لەو پەیوەندییەدا لەلایەن بنكەی ئەدەبی زریان چەندین كەسایەتی و نوسەر و شاعیر شاری بۆكان و شارەكانی دیكەی كوردستان بۆ ئەو كۆڕە بانگهیشت كرابوون؛ بەڵام لە لایەن بەرپرسی زانکۆی پەیام نووری بۆكان و حەراستی ئەو زانکۆیە ئیزنی بەشدارییان پێ نەدرا.

هەروەها لەو کۆرەدا لە كاتی قسە كردنی نوینەری بۆكان لەلایەن خوێندكارانەوە ناڕەزایەتی سەبارەت بە نەهێشتنی هاتنە ژوورەوەی شاعیران و نوسەرانی شاری بۆكان نارڕەزایەتییان نیشان داوە و بۆ ماوەیەك قسەكانیان پێ راگرت.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە زانکۆکان و هەموو شوێنە ئەدەبییەکان کاتێک سمینار یا کۆڕیک بۆ بۆنەیەکەوە بەڕێوە دەچێت بەردەوام لە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەو کۆڕ و سمینارانە دابووە و تەنانەت زۆر جاریش تێکهەڵچوونی هێزەکانی رێژیم و خەڵکی لێکەوتووەتەوە.

عەبدولڕەحمانی شەرفکەندی کوڕی حاجی مەلا محەممەد لە ساڵی ١٢٩٩ی هەتاویدا لە مەهاباد لە دایک بووە و لەوێ خوێندوویەتی. لە ساڵانی سەرەتایی ژیاندا لە لای باوکیدا و دواتر لە مەکتەبخانەکاندا و لە بە دەست چەند کەس لە مامۆستا ئایینیەکان، دەرسی گوڵستان و بووستانی سەعدیی خوێندوە. لە ساڵی ١٣١٩ی هەتاوی دەستی بە شیعر وتن کردووە و شیعرەکانی ئەحمەدی خانی، وەفایی و مەلای جزیری کاریگەری لە سەر ھەستی بووە.

ئەندامی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان بووە. ئەو باوەڕێکی زۆر بە تینی بە ئامانجەکانی ژ.ک. بووە چون لە دوای ئەو ھیچ کات لە ھیچ حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسیدا بە فەرمی نەبووەتە ئەندام. ھەژار لە کۆماری کوردستان‌دا دەوری ھەبووە و لەگەڵ ھێمن لەلایەن کۆمارەوە بە «شاعیری نەتەوەیی کوردستان»ناسراون. دوای تێکچوونی کۆماری مەھاباد لە ساڵی ١٣٢٥ی هەتاوی مەجبوور بە جێ‌ھێشتنی وڵاتی ئە‌بێ و ماوەی ٣٠ ساڵ لە باشووری کوردستان و دواییش لە شاری بەغدا نیشتەجێ بووە. لەدوای بە ئاکام نەگەشتنی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٣٥٤دا ڕۆشتە شاری کەرەجی ئێران و تا کۆتایی ژیانی لەوێ مایەوە.

مامۆستا هەژار لە ڕێکەوتی ٢ ی ڕەشەمەی ١٣٦٩ لە شاری کەرەج ماڵ ئاوایی لە ژیان ئەکات و  دوای مردنی تەرمەکەی بەرەو موکریان ھێندرایەوە و له گۆڕستان (باغ فردوس)ی شاری مەهاباد نیژرا

بەرهەمەکانی مامۆستا هەژار

ــ بەیتی سەرە مەڕ، لە ١٣٥٤ لە شام چاپیکردووە، چێشتی مجێور، یادداشتەکانی خۆیەتی، ئاڵە کۆک، بەیتی سەرە مەڕ، مەم و زین، ھەر بە ھۆنراوە لە کورمانجییە وەریگێڕاوەتەوە بۆ سۆرانی، بۆ کوردستان، دیوانی ھەژار١٣٤٤، شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی، لە فارسییەوە بۆ کوردی، چوارینەکانی خەیام، مێژووی ئەردەڵان، یەک لە پەنای خاڵ و سیفری بێ بڕانەوە، نووسینی عەلی شەریعەتی، لە فارسییەوە بۆ کوردی،دایە، باوە، کێ خراوە؟، شەرحی دیوانی مەلای جزیری، بیرەوەریەکانی ژیان، قورئان بە کوردی، ھۆزی لە بیرکراوی گاوان، نووسینی دوکتۆر مستەفا جەواد، لە عەرەبییەوە کردوویەتیە کوردی، فەرەنگی ھەنبانە بۆرینە «کوردی بە کوردی و فارسی» ، تاران،١٣٧٠ ، دیوانی شێخ ئەحمەدی جزیری، دەق و مانا لێکدانەوە؛ چوارینه‌كانی خه‌ییام. له‌فارسییه‌وه‌وه‌ریگێڕاوه‌ته‌سه‌ر زمانی كوردی.
بەرهەمە فارسییەکانی هەژار ئەمانەن
تاریخ سلیمانیه (مێژووی سلێمانی)
روابط فرهنگی ایران و مصر (پەیوەندیە کولتورییەکانی نێوان ئێران و میسر)
قانون در طب،نوسراوەی ئیبن سینا لە عەرەبییەوە بۆ فارسی
آثارالبلاد و اخبارالعباد زکریا قزوینی لە عەرەبییەوە بۆ فارسی

گادەر.د