کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمتر لە ٥٠ ساڵی دیکە ئاوی ئێران بە تەواوەتی وشک دەبێت

12:00 - 18 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: بە وتەی بەرپرسی پاراستنی ژینگەی ئێران، قەیرانی ئاو لە ئاستێکدایە کە هەتا ٥٠ ساڵی داهاتوو ئاوی ئێران تەواو دەبێت.

عیسا کەلانتەری، بەرپرسی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران ڕایگەیاندووە، کە قەیرانی ئاو لە ئێراندا زۆر مەترسیدارترە لەوەی کە باس دەکرێت و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ قەیراناویتر دەبێت؛ لە خۆشبینانەترین حاڵەتدا هەتا ٥٠ ساڵی دیکە ئێران ئاوی دەبێت.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم، زۆرجار لەسەر قەیرانی ئاو لێدوان و هوشداریی داوە، بەڵام پیشنیارێکی زانستی بۆ چارەسەر کردنی ئەو قەیرانە لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیم نەدراوە و بە کردەیی هیچ هەنگاوێک لەو ڕاستایە هەڵنەگیراوە.

پێشتر عیسا کەلانتەری لە چەند لێدوانێکدا ڕایگەیاندبوو کە ٧٠ لەسەدی کێشەکانی ئێران لە قەیرانی کەمئاوییەوە دەس پێدەکەن، هەروەها باسی لەوە کردبوو کە ٥٠ میلیۆن ئێرانی بە هۆی کەمئاوی ناچار دەبن کۆچ بکەن و قەیرانی ئاو، ئێران لەنێو دەبات.

ناوبراو لە لێدوانێکی دیکەشدا هۆکاری سەرەکی قەیرانی ئاوی بۆ سیاسەتە هەڵەکانی بەرپرسانی ڕێژیم گەڕاندبوویەوە، بەڵام هەندێک لە بەرپرسانی ڕێژیم وەک عەلیڕەزا ڕەحمانیی فەزڵی، وەزیری نێوخۆی ڕێژیم، خەڵکی ئاسایی بە تاوانباری ئەم دۆخە دەناسێنێ و دەڵێ: خەڵکی ئێران نازانن ئاو بەکار بهێنن.