کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمپەینێک بۆ پشتیوانی لە هیدایەت عەبدوڵڵا پوور دامەزرا

15:04 - 9 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی ومافی مرۆڤی، بۆ پشتیوانی لە هیدایەت عەبدوڵاپوور زیندانیی سیاسی مەحکووم بە ئێعدام، کەمپەینێکیان وەڕێخست.

لە دوای حوکمی دژە مرۆڤانەی بەرپرسانی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم، بۆ ئێعدام کردنی هیدایەت عەبدوڵاپوور، کەمپەینێک لەژێر ناوی پشتیوانانی هیدایەت عەبدوڵاپوور پێکهێنراوە کە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو حوکمەی بێ دادگاکانی ڕێژیم دەکەن.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕێکەوتی ٢٨ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە، دادگای ئینقلابی شاری ورمێ هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، بە ناوی هیدایەت عەبدوڵاپوور کوڕی ئەبووبەکریان، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ دووهەم جار، بە ئێعدام مەحکووم کرد.

مانگی ڕەشەممەی ساڵی ٩٥ی هەتاوی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، حوکمی ئێعدامی بۆ هیدایەت عەبدوڵاپوور و حوکمی ١٠٠ ساڵ زیندانی بۆ حاسڵ عەزیزی، محەممەدزاهید فەرامەرزی، یەعقووب بائیکەرام، جەلال مەسرووری، کەمال مەسرووری و سدیق بائیکەرام دەرکرد.

ماوەیەک پیش ، دۆسیەی ئەو ٧ هاووڵاتییە کوردە بە مەبەستی پێداچوونەوە بۆ لقی دووی دادگای پێداچوونەوە پارێزگای ورمێ، نێردرابوو.

ئەم هاووڵاتییانە کە تەنیا تاوانیان کورد بونیانە، پاش حەماسەخوڵقێنی قارەمانانی دێموکرات، لە گوندی قەرەسەقەڵی شنۆ لە جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی دەسبەسەر کران.