کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەیهان کەلهوڕ، هەروا لە مۆڵەتی بەڕێوەبردنی کۆنسێرت لە ئێران بێبەشە

17:51 - 19 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: ئیدارەی ئەماکینی رێژیمی ئێران، مۆڵەتی بەڕیوەبەبردنی کۆنسێرتی کەیهان کەلهوڕ، هونەرمەندی ناسراو و جیهانی کوردی دەرنەکرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بە نەدانی مۆڵەتی بەڕێوەبردنی کۆنسێرتی کەیهان کەلهوڕ، ئەم مووزیک‌ژەنە ناودارە کوردە پاش چەند ساڵ، هەروا لە بەڕێوەبردنی کۆنسێرت لە ئێران بێبەشە.

نەدانی مۆڵەتی بەرێوەبردنی کۆنسێرتی ئەم هونەرمەندە ناسراوە کوردە لەلایەن ئیدارەی ئەماکین لە حاڵێکدایە کە ئێدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی رایگەیاندووە کە مۆڵەتی کۆنسێرتی کەیهان کەڵهوڕی داوە و بڕیار بووە کە ئەمڕۆ سێشەممە رێکەوتی ١٩ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی ئەم کۆنسێرتە بەڕێوە بچێت.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی موسیقی ما، ئێدارەی ئەماکین نەدانی موڵەتی بەڕێوەبردنی کۆنسێرتی کەیهان کەلهوڕی بۆ هۆکاری ئەمنییەتیگەڕاندووەتەوە.

کەیهان کەلهوڕ لە ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی، لە بنەماڵەیەکی کورد و خەڵکی کرماشان لە دایکبوو. ناوبراو لە تەمەنی ٥ ساڵییەوە بە شێوەی ئازاد چووە بواری فێربوونی مووزیکەوە. لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا بە شێوەی تایبەتی دەستی بە موسیقی کرد و لە ١٣ ساڵیدا لەگەڵ ئورکێستری رادیۆ و تەلەڤزیۆنی کرماشان دەستی بە کار و چالاکی کرد.

کەڵهوڕ لە ١٧ ساڵیدا لە وڵاتی ئیتالیا نیشتەجێ بوو و پاشان بە مەبەستی درێژەدانی خوێندن رووی کردە وڵاتی کانادا و لە رشتەی ئاوازدانەری لە زانکۆی کارلتون ئوتاوا خوێندنی تەواو کرد.

کەمانچە، سازی تایبەتی و تەنبوور و سێتار، سازی دووهەمی کەیهان کەلهوڕن.