کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانی میوانی سفرەکانی خەڵکه

12:37 - 14 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: ڕەوتی  گرانیی شتومەکە سەرەکییەکان لە ئێراندا، ڕووی لە هەڵکشانە و خەڵکی ئێران و بەتایبەت کوردستانی ڕۆژهەڵات، لەگەڵ کێشەی جیددی بەرەڕوو بوونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، گرانی لە سیستمی ئابووریی ئێراندا، لە جیاتی کۆنتڕۆڵکردن، ڕووی لە هەڵکشان بووە و لە دوای پەسەندکردنی گەمارۆوە ئابوورییەکانیش دژی ڕێژیمی ئێران نرخی کەلوپەلە سەرەتایییەکان چەند قات بەرز بووەتەوە.

دابەزینی بەهای ڕیاڵ لە بەرانبەر دۆلاردا، یەکێک لە سەرەکیترین هۆکاری گرانبوونی نرخی خۆراک لە ئێراندا لە قەڵەم دەدرێت و لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، ڕیاڵ یەک لەسەر سێ، بەهای خۆی لە دەست داوە.

پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەگەرچی گونجاوترین شوێنی بەرهەمهێنانی خۆراکیان لە بەشی وەرزێڕی و ئاژەڵداریدا هەیە، بەڵام به هۆی نابەرپرسیارەتیی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، بەشێک لە بەرهەمی خەڵکی کوردستان لەنێو دەچێت و ئەو بەشەکەی دیکەشی لە ڕووی ناچارییەوە هەرزانفرۆش دەکرێن.

لە بازاڕەکانی کوردستاندا، نرخی کەلوپەلی سەرەتایی وەک: گۆشت، برنج، ڕۆن، مریشک و شیرەمەنی بەردەوام ڕووی لە هەڵکشانە.

هەروەها هەندێک لە دووکانداران کەڵکاژۆ لەو دەرفەتە دەگرن و کەلوپەلی خۆراکی بە چەند قات گرانتر بە خەڵک دەفرۆشن؛ لە لایەکی دیکەوە گرانفرۆشی و نەبوونی چاوەدێریی بەسەر نرخی شتومەکەکان لە لایەن ڕێژیمەوە خۆی هۆکارێکە بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان.

خەڵکی کوردستان بە نیسبەت گرانیی خۆراک و شتومەکەکان، ناڕەزایەتی دەردەبڕن و داوایان کردووە، کە کاربەدەستانی ڕێژیم ئەگەر ناتوانن کێشەی ئابووری چارەسەر بکەن، وادەی پووچ و بێبنەماش نەدەن، چونکە خەڵک لە کوردستاندا لەگەڵ دوو دیاردەی گرانفرۆشی و گرانی بەرەوڕوون.

هاوکات کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەگەرچی وەک جەمسەرێکی بەرهەمی میوە ئەژمار دەکرێت، بەڵام نرخی میوە و تەڕەکاڵ لە بازاڕدا ڕێکۆردی هەیە. بۆ نموونە یەک کیلۆ شووتی بە ٣ هەزار و ٥٠٠ تمەن، یەک کیلۆ تەماته ٥ هەزار تمەنه، ئەوەش لە کاتێکدایە کە دووکانداران دەڵێن، ئەو نرخە لە دووکانێک بۆ دووکانێكی دیکە جیاوازه.

گرانبوونی سەرەکیترین پێداویستییەکانی خەڵک وەک نان، شیرەمەنی، قەند، چا و ..... کێشەیەکی زۆری بۆ خەڵک دروست کردووە. ئەو کێشانەش لە جیاتی چارەسەرکردنیان تەنیا لە نێوان وادە و بەڵێنیی کاربەدەستانی ڕێژیمدا هەڵاوسراو ماونەتەوە.

بەڕێوەبەریی و سیاسەتداڕێژی بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران، نرخی دەوا و دەرمان، گەمارۆوە ئابوورییەکان و کێشەگەلی دیکە بووەتە هۆی گرانی لە ئێران و کوردستاندا.