کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گڕکانی گەل

15:07 - 3 رەشەمه 2715

کەریم پەرویزی

ساڵی ١٣٧٧ی هەتاوی، لە زستاندا دوای ئەوەی سەرۆکی رێکخراوێکی کوردیان لە بەشێکی دیکەی کوردستان دەسبەسەر کرد و بە شێوەیەیک لە راگەیاندنەکانەوە نمایشیان کرد کە سووکایەتی بە کورد و خەباتی کورد بوو و هەموو نەتەوەی کورد هەستیان بە ئەوپەڕی ستمەلێکراوی خۆیان کرد، لە کوردستانی رۆژهەڵاتدا دژ بەو دەسبەسەرکردنە و سووکایەتی بە هەستی نەتەوەییە خۆپیشاندانیان کرد.

لە خۆپیشاندانەکانی رەشەمەی ١٣٧٧ی هەتاوی، واتە ١٩٩٩ی زاییندا، ئەوە ژمارەیەک گەنجی هەڵچوو و بزۆز نەبوون کە رژابوونە سەرشەقام بەڵکوو هەستی بریندارکراوی نەتەوەیەک بوو کە لە تلویزیۆنەکانەوە سووکایەتیی بە بیرو ناسنامەی نەتەوەیی بینی و تەواوی ئێش و ئازارەکانی دەیەکانی رابردوو کە لە لایەن دەسەڵاتە جۆربەجۆرەکانەوە لە ئێران و عێراق و تورکیە و سووریە بە دژی کرابوون وەبیر هاتەوە و لە یەک وێنەی دەسبەسەرکراویی سەرۆکی رێکخراوێکدا خۆیی بە دیلی و سووکایەتی پێکراوی بینیەوە و نەیتوانی لە ماڵەوە دابنیشێ و هاتە نێوەڕاستی گۆڕەپانی شار.

نەتەوەی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات، لە زۆر بڕگەی مێژووییدا سەلماندویە و دووپاتە و چەندپاتەی کردۆتەوە کە لەگەڵ ئازارەکانی برا و خوشکەکانی لە بەشەکانی دیکەدا ئازار دەکێشێ و لە خۆشی و سەرکەوتنەکانی ئەواندا شایی دەکا و شایی بەخۆیە. کاتێک کە لە ١٩٩١دا دوای راپەڕین، ئەرتەشی سەددام هێرشی کردەوە بۆ کوردستان و کورد لە کوردستانی باشوور بە کۆڕەو بەرەو رۆژهەڵات ئاوارە بوون، ئەوە نەتەوەی کورد لە شار و گوندەکانی کوردستان بوون کە خانوو و نانەکەیان لەگەڵ میوانە ئاوارەکانیان دابەش کرد، هەرچەند دواتر هەندێک لە بەرپرسانی ئەوان هەر سپاسی میوانداریی کۆماری سێدارەی ئیسلامییان دەکرد!

یان لە چەسپاندنی فیدرالیزم لە باشوور دا لەگەڵ براو خوشکەکانیان هەڵپەڕین و شاییان کرد، لە ماڵوێرانی و ئاوارەیی شەنگالدا بە پیری کورد لە باشوور هاتنەوە، لە هێرشی تیرۆریستان بۆ کۆبانێدا تا ناو کۆبانێش چوون بۆ بەرگەری لە خاک و نەتەوەکەیان، لە ئاوارەبوونی خەڵکی جەلەولا و خانەقین و گەرمیاندا لە ژێر هێرشی داعشدا بەباوەشی ئاوەڵاوە یارمەتیی برا و خوشکەکانیان دا، هەرچەند لە رووداوانەدا لە لایەن هەندێک کەسەوە سپاسی سپای پاسدارانی سەرکوتکەری خەڵک و کۆماری سێدارە کرا!

ساڵی ١٣٧٧ی هەتاویش کە خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات خۆپیشاندانیان کرد و دوایە رێرەوی خۆپشاندانیان بەرەو دژایەتیی کۆماری ئیسلامی گۆڕی، دامودەزگای داپڵۆسێنەری ئیسلامیی تاران، ئەوەی دڕندەیی لەدەستیان دەهات بە دژی خەڵك کردیان، بەتایبەت لە ٣ی رەشەمەی ١٣٧٧ لە سنەدا و لە ورمێ و دەوروبەری زانکۆی ورمێدا، خۆپیشاندانی خەڵک بە گولە و ئاگر و ئاسن وەڵام درایەوە و دەیان کەس بێسەروشوێن کران کە ئێشتاشی لەگەڵ بێ بنەماڵەکانیان نازانن چییان لێ بەسەر هات.

٣ی رەشەمە رۆژی دەربڕینی رقی پیرۆزی خەڵک لە ستەمکاری بوو و ستەمکاران بە کوشتار بەرەوڕویان بوونەوە، بەڵام بەداخەوە کە دووبارە ئەو هەستە نەتەوییە لە لایەن رێکخراوێکی دیارەوە بە باشی وەر نەگیرا و گوترا کە ئەوە دەستی ئیمپریالیزم و سەهیۆنیزمی لە پشت بووە!

زۆرجار و بە درێژایی مێژوو دەسەڵاتدارانی سەرکوتکەر هەوڵی بێدەنگ کردنی چەوساوەکانیان داوە و بەتایبەت بە نیسبەت نەتەوەی کوردەوە دوای دابەشبوونی ئەم خاک و نەتەوەیە بە سەر چەند وڵاتدا، حاکمانی تاران و بەغدا و دەمشق و ئانکارا وایان نواندوە کە تازە کورد بووە بە تۆز و بەدەم باوە لە مێژوودا ون بووە. وایان نواندوە کە توانیویانە کە کوردستان بە چۆکدا بێنن و بوونی سیاسیی نەتەوی کورد بسڕنەوە و ئەوپەڕەکەی لە گۆرانی و هەڵپەڕکێدا بمێنێتەوە! بەڵام نەتەوەی کورد دووبارە و دووبارە، لە ناکاودا بە راسان و راپەڕینی نەتەوەیی وا دوژمنانی تووشی سەرسووڕمان کردوە کە تا چەندین ساڵ لە حەپەساویدا ماونەتەوە کە ئەمە بۆ وای لێ هات؟.

رۆژی ٣ی رەشەمەی ١٣٧٧ی هەتاوی لەو رۆژە مێژوویانە بوو کە دوژمنانی کورد و کۆماری سێدارەی ئیسلامی ئێستاشی لەگەڵدا بێ بە حەپەساوی و سەرسووڕمانەوە لێی دەڕوانن، چونکە نەتەوەی بەئیرادە و شۆڕشگێڕی کورد بەوانە ناسڕێتەوە و دەنگی بۆ هەتاهەتایە کپ ناکرێ. وەکوو گڕکانێکە کە لەناکاودا کڵپە دەکا و مێژوو دەخولقێنێ.