کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەرما، هۆکارێکی دیکەی دابەزینی ئاستی ئاوی گۆلی ورمێیە

11:54 - 22 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: ساڵانە بە هۆی گۆڕینی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی ئاستی گەرما لە وەرزی هاویندا، ئاستی ئاوی گۆلی ورمێ، یەک مێتر دادەبەزێت.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢١ی جۆزەردان، "حوجەت جەباری" جێگری تکنیکی پاراستنی ژینگەی ورمێ، لە پرێسکۆنفڕانسێکدا لە بارەی پێوەندیی گۆلی ورمێ لەگەڵ کەشوهەواوە وتی: "لەم ساڵانەی دواییدا بە هۆی کەمبوونەوەی بارینی بەفر و باران، بەکارهێنانی سەرچاوە ئاوییە ژێرزەوینییەکان و هەروەها  گەرمبوونی هەوا، ئاوی گۆلی ورمێ بە ڕێژەی ١.٣ میلیارد مێتری چوارگۆشە کەمی کردووە"

حوجەت جەباری لە درێژەدا وتبووی: "لە ڕۆژی ڕابردووەوە بە هۆی گەرمبوونی هەوا کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی گۆلی ورمێ دەستی پێ کردووە".

گۆلی ورمێ بە دووهەمین گۆلی ئاوی سوێر لە جیهاندا دادەنرێت، هه‌ڵه‌ی كارناسانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و لێدانی پرد و ئاوبه‌ند له‌سه‌ر ئەو گۆلە و كه‌مته‌رخه‌میی به‌رپرسان بووەته‌ هۆی ئه‌وه‌ی کە ڕه‌وتی ئارام و به‌ره‌به‌ره‌ییی مه‌رگی گۆلی ورمێی لێ بكه‌وێته‌وه‌.

گۆلی ورمێ قوربانی سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیمی ئێران کراوە و هەتا ئێستە بۆ بووژانەوەی ئەو گۆلە کە داهاتی سروشتی و سامانی نەتەوەیی کوردستانە هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ هەڵ نەگیراوە.

گۆلی ورمێ‌ نزیك بە ٤٠ ساڵە نیشانەكانی نەخۆشبوونی خۆی پیشان دەدات، بەڵام هیچ كام لە دەوڵەتە دەسەڵاتدارەكان هەتاكوو ئێستاش هیچ هەوڵێكیان بۆ چارەسەركردنی ئەم نەخۆشییە نەدۆزیوەتەوە؛ بەپێچەوانە ڕێژیمەكان بەبێ ‌مشووريی هەرچی زیاتر یارمەتی وشكبوون و فەوتانی خێراتری ئەم گۆلەیان داوە. بەپێی بۆچوون و بیردۆزیی پسپۆڕانی زەویناسی و كەشناسی، بە كردەوەی كارناسانە و بڕیاری پێویست لە لایەن حكوومەت و خەڵكی ناوچەكەوە، نزیك بە ٤٠ ساڵ كات پێویستە، هەتاكوو بەرزیی ئاوەكە بگاتە ئاستی دڵخواز و ئەم گۆلە ژیانی دووبارەی خۆی بەدەست بێنێتەوە. بەڵام بەداخەوە ئەو كردەوانەی كە تاكوو ئێستە لە هەمبەر ئەم پرسە دەبوو بکرایە،‌ بە هۆی ڕوانگەی ئەمنییەتیی ناپسپۆڕانەی ڕێژیم و بیرتەسكی هاوكات لەگەڵ زێدەڕۆیی لە ستراتیژیی شاراوەی ئەمنییەتیی كاربەدەستانی خۆجێی بێئاكام ماوەتەوە و ڕزگار كردنی شینایی ئاوی گۆلی ورمێ‌ لە حاڵی گۆڕان بەرەو تراویلكەیەكی بێئاكام دەڕوات.