کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥٠%ی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاری ڕەهادان

12:53 - 12 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: بەوتەی نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیم، هێڵی هەژاری لە ئێستادا گەیشتۆتە ٦ میلیۆن تمەن و ٥٠%ی خەڵکیش تووشی هەژاری ڕەها بوون.

ئەندامێکی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاندووە: لەحاڵێکدا درووشمەکانی دەوڵەتی ڕوحانی بریتی بوون لە بنبڕکردنی هەژاریی ڕەها و نەهێشتنی بێکاری و دابین کردنی یەکسانی ئابووری بەڵام دەبینین کە لە یەک ساڵی ڕابردوودا نەتەنیا هەژاری ڕەها لە ئێران لەنێو نەچووە بەڵکوو بۆ ٥٠% هەڵکشاوە و نرخی هێڵی هەژاریش گەیشتووەتە ٦ میلیۆن تمەن.

ڕەسووڵ خزری وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە وتوویەتی: هێڵی هەژاری ٦ میلیۆنی بەو مانایە دێت کە هەر بنەماڵەیەکی چوار کەسی کە داهاتی مانگانەیان لەژێر ٦ میلیۆن تمەن بێت ناتوانن لانیکەمی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان دابین بکەن و لەباری جەستەیی و ڕۆحییەوە دەکەونە مەترسییەوە.

بەوتەی ناوبراو پێداویستییە سەرەتاییەکان بریتین لە: خۆراک، سەرپەنا، خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان، فێرکاری، سڵامەتی، ڕاگواستن و ... .

ئەم قسانەی خزری تەنیا چەند مانگ پاش لێدوانەکانی حسەین ڕاغفەر دێنە ئاراوە کە لە بانەمەڕی ٩٧ ڕایگەیاندبوو: هێڵی هەژاری ڕەها بۆ بنەماڵەیەکی چوار کەسی، ٤ میلیۆن تمەنە و بەم پێیەش ٣٣%ی خەڵکی ئێران تووشی هەژاری ڕەها بوون؛ بەواتایەکی تر لە ماوەی چوار مانگدا و پاش لێدوانەکانی ڕاغفەر وا دەردەکەوێت ڕێژەی ئەو کەسانەی کە کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژاری ١٧% زیادی کردووە..

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە خەڵکی ناڕازی بە دۆخی داسەپاو لەلایەن رێژیمەوە بەسەر ئێران، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە دانی درووشمی ڕادیکاڵی ڕووخان ڕژانە سەر شەقامەکان و لە چەندین شاری گەورەی ئێران و یەک لەوان تارانی پێتەخت، دژ بە تەواوییەتی کۆماری ئیسلامی هەڵوێستییان گرت کە توندوتیژی لێکەوتەوە.