کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٥ی نۆڤامبر/ توندوتیژی دژی ژنان و رۆژێکی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردەیە + وتووێژ

20:27 - 3 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤامبر، رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، ماڵپەڕی کوردستان میدیا، وتووێژێکی لەگەڵ چەند چالاکێکی بواری ژنان پێک هێناوە.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەسەر داخوازیی کۆمەڵێک چالاکی بواری ژنان، لە کۆڕی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە رێکەوتی ٢٥ی نۆڤامبری ١٩٦٠ی زایینی (٤ی سەرماوەزی ١٣٣٩ی هەتاوی)ـدا، ٢٥ی نۆڤامبری وەکوو رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ توندوتیژیی دژی ژنان دیاری کرا.

لە دونیای ئەمڕۆدا، ئەزیەت و ئازاری جینسی، دەروونی، کۆمەڵایەتی و سیاسی، بێ حورمەتی، کوتان و لێدان، دەرکران لە ماڵ، پێشێلکردنی ئازادیی تاکەکەسی، لە نموونەی روون بەرچاوەکانی توندوتیژی لە دژی ژنان دێنە ئەژمار.

ماڵپەڕی کوردستان میدیا، وەکوو ماڵپەڕی فەرمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ زیاتر تاوتوێ کردنی پرسی تایبەت به مافی ژنان و پێشێلکاریی ئەو مافانە و هەروەها توندوتیژیی دژ بە ژنان لە کۆمەڵگای کوردستان‌دا، وتووێژێکی لەگەڵ چەند چالاکێکی بواری مافی ژنان پێک هێناوە.

دەقی وتووێژەکان بەم چەشنەیە:


11479.jpg
كەژاڵ نەقشبەندی

کوردستان میدیا: دۆخی ژنان و دەستپێڕاگەییشتنی ئەوان بە ماف و ویستەکانیان بە تایبەت لە کوردستان لە ئێستادا و لەم هەلومەرجە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

کەژاڵ نەقشبەندی: پرسی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان باسێکی تازە نییە و بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی بوونی هەبووە و هەیە ، بۆیە ساڵانێکی زۆرە رێکخراوەکان و چالاکانی مافی ژنان لە ئاستی نێونەتەوەيیدا خەباتی بۆ دەکەن کە لە کوردستانیش لە گەڵ دروست بوونی حکوومەتی کوردی و بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا ئەو پرسە لە لایەن ڕێکخراوەکان و چالاکانی ژنان دەستی پێکردووە و خراوەتە ڕوو . ژنان توانیویانە ئەم پرسە بە کۆمەڵگا بناسێنن و بیکەن بە یەکێک لە باسە سەرەکیەکانی میدیاکان ( ئەڵبەت ئەوەشمان لە بیر نەچێ کە ژنان بۆ زیاتر دەستەبەر کردنی مافەکانیان و سەرکەوتن لەو بوارەدا پێویستیان بە پشتیوانیی یاسا و دەسەڵات و راگەیاندن و پاڵپشتیی ئابوری هەیە ) . لە ئێستای کوردستاندا بە هۆی هێرشی داگیرکەرە توندڕەوەکانی ئیسلامی بە ناوی داعش ژنانی شوڕشگێر و ئازای کورد بە خەبات و تێکۆشان شان بە شانی پیاوانی شوڕشگێری کورد و بەرگری لە خاک و وڵاتیان نەک هەر بە کۆمەڵگای پیاو سالار، بەڵکوو بە جیهانیان سەلماند کە نە لاوازن و نە نیوەی پیاو بەڵکوو ئەتوانن ئازادی و یەکسانی بۆ گشت کۆمەڵگا دەستەبەر بکەن .
کوردستان میدیا: توندوتیژی بەرامبەر ژنان بە پێی رابردوو گۆرانی ئەرێنیی یان نەرێنیی پێوە دەبینرێ؟

کەژاڵ نەقشبەندی: بێگومان کە کۆمەڵگا بەرەو پێشکەوتن بڕوات گۆرانکاریی موسبەت لە پرسی ژناندا ڕوو دەدات و توندوتیژی کەمتر دەبێ، ئەڵبەت ئەم گۆڕانکاریەش دەبێ کاری بۆ بکرێ و پێویستی بە بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیریی کۆمەڵگا و فێرکردنی بێ وەقفە هەیە و تەنیا تیۆری نەبێ و بەیانیە دەرکردن و قسەکردن بەڵکوو بە شێوەی پراکتیک هەوڵی بۆ بدرێت لە لایەن ڕێکخراوەکان و چالاکانی مافی ژنان و تاکە چالاکەکانی کۆمەڵگا بە ژن و پیاوەوە .
کوردستان میدیا: ئێمە لە بەرەبەری رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان داین، بە بۆنەوە ئەو پرسیارە لە ئارا دەبێت کە هۆکاری سەرهەڵدانەوەی ئەم توندوتیژییانە چین و لە کوێوە هەڵدەگیرسێن؟

کەژاڵ نەقشبەندی: لە پێوەندیی لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی توندووتێژی دژ بە ژنان هۆکار زۆرن بە رای من دوو هۆکاری سەرەکی هەیە :

١ ) بە یاسایی کردنی توندووتیژی لە نیو بنەماڵە و کۆمەڵگادا بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی کۆمەڵ و گۆمەڵگا لە لایەن دەسەڵاتی پیاوسالاری ودژە ژنەوە و گۆڕین و گریدانی یاساکان بە یاسای شەریعەتەوە.

٢ ) توندووتیژی خێزانی ، کە بە لێدان و توندووتیژی دایک و خۆشک لە نێوخێزان لە پێش چاوی مناڵدا ، کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە توندووتیژی لە ناو فکرو مێشکی ئەو منداڵدا بڕوێت و دوایی لە کاتی دروستکردنی خێزانی خۆیدا بە کردەوە دەریببڕێت کە ئەم جۆرێکە لە بەرهەمهێنانەوەی توندووتیژی .

11476.jpg
تووبا الیاسی

کوردستان میدیا: کاریگەرییەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان لە کۆمەڵگادا چییە؟

تووبا الیاسی: پێش هەموو شتێک گەلێک سوپاس بۆ ماڵپەڕی کوردستان مێدیا کە ئێمەی بە سەر کردووە. ئێمە توندوتیژی جەستەیی و توندوتیژی دەرونیشمان هەیە و هەرکام لەو تووندوتیژیانە بە گوێرەی خۆیان کاریگەری نەرێنییان لە سەر جەستە و باری دەروونی ژنان داناوە. لەو کۆمەڵگەیانەدا کە ژنان تووندوتیژیان دەرهەق دەکرێت کاریگەرییەکانی زۆر زەق و بەرچاون، وەک لێدان و ئازاری جەستەیی، خەتەنەی کجان بە شیوەیەکی نامرۆییانە، کوشتنی ژنان بە بیانووی پاراستنی ناموس و شەرەف و هتد....
تووندوتیژی دیکە بە شێوازی ئازاردانی دەروونییە بە ووتنی قسەی ناحەز و دەروون ڕوخێن کە ئەمەش ئاکامی خراپی دەروونی لێ دەکەوێتەوە وەک خەمۆکی و هەروەها بەشێک لەو ژنانەی کە خۆیان دەکوژن لە ئاکامی ئەو تووندوتیژییە دەروونیەیە.

هەربۆیە دەتوانین بڵێین تووندوتیژی ڕەگەزی دەرهەق بە ژنان دەبێتە هۆی ئەوەی کە ژنانی کۆمەڵگا لاواز باربێن و بڕوا بە خۆ بوونیان لە ئاستێکی نزمدا بێت، خۆکوژی ، خەمۆکی و هەروەها کۆمەڵگایەکی نائارام و نەخۆش بۆ مندالانی بەشێک لەو کاریگەریانەن کە تووشی کۆمەڵگا و ژنان دەبن لە ئاکامی تووندوتیژیدا.

کوردستان میدیا: ئایا کاردانەوەی گشتی تا ئاستێک گەییشتووە کە چاوەڕوانی ئەوە بکرێت کە هەر تاکێک بۆ خۆی رووبەڕووی توندوتیژی ببێتەوە؟

تووبا الیاسی: پێم وایە زۆر ئاسان نییە مرۆڤ شتی موتلەق بڵێیت، جا بۆیە ڕەنگە دروست نەبێت ئەگەر بڵێین لە کۆمەڵگادا هەموو ژنێک ڕووبەڕوی توندوتیژی دەبێتەوە. بەڵام ئەگەر باسەکە تەنیا لە سەر کۆمەڵگای کوردستان بێت، من گومانم لەوەدا نییە کە توندوتیژی لە ئاستێکی بەرزدایە، بە شیوەیەک کە دەتوانین بڵیین لە ١٠ ژن ٩ ژن ڕووبەڕوی توندوتیژی دەنێتەوە.

کوردستان میدیا: دەوری باڵادەستیی ئایین لەو توندوتیژیانەدا تا چ رادەیەکە؟

تووبا الیاسی: بیروباوەڕی ئایینی تاقە هۆکاری چەوساندنەوەی ژنان نییە لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا. هۆکارەکانی تووندوتیژی دژی ژنان دەگەڕیتەوە بۆ کەمیی ئاستی تێگەیشتوویی و خویندەواری کۆمەڵگا، کولتووری چەقبەستووی دژی ژنان، سیستمێکی دیکتاتۆری کە لەوێدا مافەکانی ژنان وەک مافی مرۆڤ نەگونجاوە، خراپی باری ئابووری کۆمەڵگا و بنەماڵە، نەبوونی سیستمێکی ئازاد و دێموکرات و هەروەها ئایین کە ئەویش وەک هۆکارەکانی دیکە ڕۆڵی کاریگەری خۆی هەبووە لە چەوساندنەوەی ژناندا. بۆ ئەوەی کە بتوانین ڕۆڵی ئایین و هەروەها هۆکارەکانی دیکە کەم بکەینەوە، پیویستیمان بەوە هەیە کە ئاستی ڕۆشنبیریی تاکی کۆمەڵگا بە هەموو چین و توێژەکانیەوە بە تایبەت ئاستی زانیاری ژنان و شارەزابوونی ئەوان بە مافەکانیان بچێتە سەر و کار بکرێ بۆ جێگیر کردنی دێموکراسی و دانانی سیستمێکی عەدالەت و جیایی دین لە دەوڵەت.

هەروەها ژنان بۆ خۆیان ئەبێت ڕۆڵی گرینگ بگێڕن لە بەشداری کردنی سیاسەت و هەروەها هەبوونی دەستەڵات و نفووز لە نێو حکومەت و پەرلەمانی هەر وڵاتێکدا. ژنان ئەبێت ڕۆڵی خۆیان هەبێت لە بەڕیوەبردنی کاروباری کۆمەڵگادا و بەرپرسایەتی قەبووڵ بکەن، ئەگینا نابێت چاوەڕوان بن پیاوان ئەو مافانەیان بە دیاری بۆ بێنن.

سیمۆن دوبوارژنەی فەرەنسەوی دەڵێت هەبوونی مافی یەکسان پێویستیی بە تەحەمول کردنی ئەرکی یەکسان هەیە و ئەگەر ئەتەوێ ڕۆلت هەبێت ئەبێت ئەرکیشت هەبێت. جا بۆیە ژنان پێویستە خۆیان ئاڵا هەڵگری دروست کردنی سیستمێکی دێموکرات و دادپەروەر بن.

11477.jpg
پەری رەشیدییان

کوردستان میدیا: دەستەڵاتداریی رێژیمی ئێران هەتا چەندە توانییەتی کاریگەری لە سەر چۆنیەتیی کردەوەی خەڵک لەناو کۆمەڵگادا بە تایبەت لەم بارەوە دابنێت؟

پەری رەشیدیان: لە هەر کۆمەڵگایەکدا تاکەکان بەپێی عورف و عادەتەکانی ئەم کۆمەڵگایە قسەیان کردووە، هەڵوێستیان گرتووە و ژیانیان کردوە؛ مرۆڤ لە دەستپێکی ژیانی خۆیدا لە ناو کۆمەڵگادا پەروەردە دەبێت و بە گۆیرەی ئەم کۆمەڵگایە فێری ژیان دەبێت.

لە کۆمەڵگای وڵاتە پێشکەوتووەکاندا هەرکەس وەک مرۆڤیکی تەواو چاوی لێ دەکرێت، هیچ جیاوازییەک لە نێوان ژن، پیاو، کەم ئەندام، هەژار، بیر و بڕوای جیاواز نییە، نەبوونی ماف نییە و هەر کامیان لە هەموو مافە و یاساکانی مرۆڤایەتیدا وەک یەکتر مافیان هەیە. کردەوەی ئەم مرۆڤانەش بە گۆێرەی یاسا، عورف و عادەتی ئەم کۆمەڵگایەیە. بەڵام لە وڵاتێکی وەک ئێراندا کە یاسا و نەتەوەکانی ئەم وڵاتە فێری ئێهانەت، بێڕێزی، دەستدرێژی، قەساس، بەردباران، لەسێدارەدان و... دەکات، مرۆڤ هیچ چاوەڕوانییەکی لە نەتەوەی ئەم وڵاتە نییە ئەرکی هەر وڵاتێکە کە بە یاسایە مرۆڤایەتی و سەردەمیانە کۆمەڵگای خۆی پەروەردە بکات، بەڵام بەداخەوە رێژیمی ئیسلامیی ئێران هەر لە دەستپێکی دەستەڵاتداریی خۆیدا دژی مرۆڤایەتی بوو. هیچ مافێک بۆ ئەم کۆمەڵگایە بە رەوا نابێنێت و مافەکانییان پێشێل دەکات.

لە پەروەردەی رێژیمی ئیسلامیی ئێراندا توندوتیژی هەیە. لەم ٣٥ ساڵەدا کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران هەموو گەلانی ئێرانی خستۆتە ژێر کاریگەریی زەخت و گوشاری خۆی و بە یاسای دواکەوتووی ئایینی مێشک و بیر و پەروەردەی سەقەت و ناسالم کۆمەڵگایەکی نەخوشی بار هێناوە. ئەم کۆمەڵگایە وای زانی کە ئەم حکومەتە کاتییە و نامێنێت و حکومەتێکی دێموکراتیک و کەسانێکی خاوەن بیر و هزری سەردەمیانە دینێتە سەر کار، ئەرکی هەر تاکێك ئەوەیە کە گەلی خۆی فێری باوەڕ بە خۆبوون و کەسایەتییەکی سەربەخۆ بکات، بەڵام ئەم رێژیمە بە هەموو هێزی خۆی هەوڵ دەدات ئەم کۆمەڵگایە رۆژ بە رۆژ وێرانتر بکات و کۆنتڕۆڵی کەسایەتی ئەوان بکات و بیخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی.

کوردستان میدیا: بە باوەری ئێوە ئایا توندۆتیژی و سەرەڕۆیی لە رۆژهەڵات ناوەڕاستدا دەتوانێت ببێتە فاکتەرێک بۆ زیاتربوونی تووندوتیژییەکان؟

پەری رەشیدیان: پێش ٣ هەتا ٤ ساڵ لەمەوەبەر هەموو کەس باسی بەهاری عەربیی دەکرد و خەڵکانی ئەو وڵاتانە هەستانەوە و بارودۆخی نەتەوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بەرەو باشتربوون برد. بەڵام بەداخەوە لە کاتێکی زۆر کورتدا ئەو بەهارە بوو بە پاییزی هەموو نەتەوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هەندێک فاکتەر بوونە هۆی ئەوەیکە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەردەم لە نێو ناکۆکی، شەڕ و ئاڵۆزیدا بن. نەتەوەکانی ئەو ناوچەیە بە دڕێژایی مێژوو لە شەڕدا بوونە و هەردەم سەرەڕای ماڵ وێرانی و لەناوبردن لە تەنیشت یەکدا دەژین. داگیرکەرانی کوردستان وەک تورک، فارس و عەرەب حاشایان لە بوونی نەتەوەی کورد کردووە و ئەوانیان ماڵ وێران و دەربەدەر و ژینۆساید کردووە.

شەڕ و ناکۆکی نێوان جوولەکە و عەرەب ساڵانێکی دوور و درێژە کە ئەو ناوچەیەی کردووەتە گۆڕەپانی زلهێزەکانی جیهان.

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هۆی سیستمی عەشیرەتی و عورف و دابونەریتی کۆن، بێسەوادی، هەژاری نەیتوانیوە رووی دێموکراسی ببینێت.

لەو ناوچەیە تەمرینی دێموکراسی نەکراوە، لەو ناوچانە هەر دەم دیکتاتۆرەکان دەسەڵاتیان بە دەستەوە بووە. ئەگەر ئەو دیکتاتۆرانە هەندێک ئازادی و ماف بدەنە ریکخراو، مرۆڤە رۆشنبیرەکان، قەت ئەو ناوچەیە نەدەبووە گۆڕەپانی خوێن رشتن. بەڵام بەداخەوە توندوتیژی لەو ناوچەیە رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت.

من ناچمە ناو ئەو باسە کە کێ پشتیوانیی لەو چەکدارانە دەکات، ئەگەر لەو ناوچەیە مافی ژیانێکی ئازاد دوور لە عورف و دابونەریتی کۆن هەبا، قەت ئەمڕۆ تراژدی شنگال رووی نەدەدا.

توندوتێژی زیاتر دەبێت، ئەگەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بیهەوێت پێش لە زیاتربوونی توندوتیژییەکان بگرێت دەبێت، رێز لە روانگە و هزری جیاواز بگرێت.
پرۆسەی دێموکراسی دوورودرێژە، دەبێ هەموو ئەو حکومەتانەی کە لەلایەن خەڵکی خۆیان هەڵدەبژێردرێن تەمرینی دێموکراسی بکەن و لە هەمان کاتدا گوتاری خۆیان فێری پەروەردەی درووست بکەن.

11478.jpgسەیران شەرەفی

کوردستان میدیا: رۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ بەرەنگاربوونەوەی رووداو یان رەوتێکی رادیکاڵ وەک امر بەمعروف و نهی از منکر چۆن دەبینن؟

سەیران شەرەفی: کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ده‌توانێت له پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی هه‌ر چه‌شنه بیرۆکه‌یێکی کۆنه‌په‌ره‌ستانه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ئێسلامیه‌وه ده‌وری کاریگه‌ری هه‌بێت. ڕه‌نگه خه‌ڵک نه‌توانن ئاشکرا دژایه‌تی پڕۆژه‌ی امر به معروف و نهی از منکر بکه‌ن، به‌ڵام ده‌توانن له ڕێگای جۆراوجۆر کاریگه‌ریی ئه‌و گۆشاره که‌م بکه‌نه‌وه. بو نموونه له ڕێگای ته‌بلیغ دژ به‌و ته‌رحانه و نافه‌رمانی مه‌ده‌نیه‌وه. واته خه‌ڵک هه‌رکات مه‌ترسییان له سه‌ر نه‌بوو هه‌وڵ بده‌ن له ئازادیه‌کانیان که‌ڵک وه‌رگرن. به‌م چه‌شنه ئه‌و ته‌رحه‌ی ڕێژیم به گشتی خه‌ساری که‌م ده‌کرێته‌وه و پڕۆژه‌ی کۆنه‌په‌ره‌ستانه‌ی امر به معروف و نهی از منکر به ئاکامه‌گڵاوه‌کانی ناگات. لێره‌دا گرینگ هه‌بوونی کۆمه‌ڵگه‌یێکی مه‌ده‌نی ئه‌کتیڤه. ئه‌مه‌ش کاتێک مویه‌سه‌ر ده‌بێت که ڕاده‌ی تێگه‌ییشتنی سیاسی و کولتووری زۆربەی خه‌ڵکی کۆمه‌ڵگا له ئاستێکی باشدا بێت. به‌رز بوونی ئاستی تێگه‌ییشتن ڕاسته‌وخۆ پلانه‌کانی ڕێژیم پووچه‌ڵ ده‌کاته‌وه. پێچه‌وانه‌که‌شی ده‌بێته هۆی گه‌ییشتنی ڕێژیم به‌ئامانجه گڵاوه‌کانی.

کوردستان میدیا: لە کۆتاییدا پێمان خۆشە کە بزانین رێوشوێنی گونجاوی ئێوە بۆ کەمکردنەوە و یا خۆ بنبڕکردنی توندوتیژیی دژبەژنان چییە و ئایا هەوڵەکانی چەن ساڵی رابردوو لەم بوارەدا توانیویەتی کاریگەریی هەبێت؟

سەیران شەرەفی: توندووتیژی دژ به ژنان له کۆمه‌ڵگای دواکه‌وتوودا زۆرە، له به‌ر ئه‌وه‌ی که ژنان مافه‌کانی خۆیان ناناسن، تا بتوانن داکۆکی لێبکه‌ن. سه‌ره‌تا پێویسته که ژنان ماف و ئازادیه‌کانیان بناسن و بزانن که نابێت له هیچ بوارێکدا به ده‌ره‌جه دوو حێساب بن و دەبێ له ناو ماڵ و له کۆمه‌ڵدا مافی به‌رانبه‌ر له گه‌ل پیاویان هه‌یه. پاشان گرنگه که ژنان له باری ئابووریه‌وه داهاتی خۆیان هه‌بێت تاکوو به پیاو به‌ستراوه نه‌بن. ئه‌مه‌ش بۆ چوونی ژنان بو نیو بازاڕی کار ئێمکانی ده‌بێت. به‌ڵام من ڕه‌نگه هه‌موو ژنان به هۆی بوونی منداڵ نه‌توانن کار بکه‌ن. له‌و حاڵه‌دا ده‌بێ ژنان مافه‌کانیان وه‌ک دایک و مودیری بنه‌ماڵه و ڕاهێنه‌ری منداڵ بناسرێت.

من پێم وایه له‌و چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا، ژنان هه‌نگاوی باشیان به‌ره‌وپێش هه‌ڵگرتووه، به‌ڵام ئه‌و هه‌نگاوانه به‌س نین. پێویسته په‌روه‌رده‌ی ژنان زیاتر بێت و به‌رنامه‌ی زیاتر بو ناساندنی مافه‌کانیان دابڕێژرێت. کێشه‌ی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه که ئه‌و به‌رنامانه ئه‌گه‌ر له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه سه‌رپە‌ە‌رستی نه‌کرێن، زه‌حمه‌ته سه‌رکه‌وتنیان هه‌بێت. هه‌ر بۆیه تا کاتێک حکوومه‌تی دواکه‌وتووی دژی مافی ژنان له ده‌سه‌ڵاتدا بن، ناکرێت چاوه‌ڕوان بین ژنان به مافه‌کانیان بگه‌ن. ئه‌و مافانه‌ی که نه‌کرابن به یاسا، ناتوانن کاریگه‌ریشیان هه‌بێت. به‌و حاڵه‌ش پێم وایه ژنانی کوردستان هه‌نگاوه‌کانیان به‌ره‌و پێشه‌وه‌یه و وه‌ک زۆر وڵات به‌ره‌و دوا ناگه‌ڕێنه‌وه.