کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢ی ڕێبەندان لە وڵاتی سوئید پیرۆز کرا

19:17 - 2 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: ٧٢هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، لە شاری ستۆکهوڵم پێتەختی وڵاتی سوئید بەڕیوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە هاوئاهەنگیی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کورد و کوردستانی لە سوئید، بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەری دامەزراندنی کۆماری کوردستان، بە بەشداری جێگری سکرتێری گشتیی حیزب، ئەندامانی ڕێبەری حیزب لە دەرەوەی وڵات، نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی سوئید و نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی کوردستانی و سوئیدی و هەروەها هەزاران کەس لە کوردانی دانیشتووی وڵاتی سوئید ڕێوڕەسمێکی بەشکۆیان بەڕێوە برد.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەویی ئەی ڕەقیب لە لایەن کۆڕی سروودی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر کاکەبرا ئەلیاسی بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزب، وێڕای بەخێرهاتنی بەشداران و پێرۆزبایی ٧٢هەمین ساڵڕۆژی کۆماری کوردستان، لە خەڵکی مافویستی کوردستان، داوای لە حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد، پەیامێک بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان ٧٢هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان پێشکەش بکات.

شەرەفی لە وتەکانیدا لەسەر سێ ڕووداوی گرینگ قسەی کرد؛ یەکەمیان، داگیرکرانی شاری کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بوو، کە لەو بارەوە وێڕای دەربڕینی نیگەرانی، بە ئازارێکی ساڕێژنەبووی وەسف کرد، کە لە ئەنجامی سیاسەتی شۆڤینیانەی حکوومەتی ناوەندیی عێراقدا ڕووی دا.

دووهەمیان، ئەو بوومەلەرزەی کە هەردوو بەشی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستانی گرتەوە و بەپەرۆشەوە باسی لە زیان و خەسارە ماددی و گیانییەکانی ئەو ڕووداوەی دەکرد، کە لە ئاکامی ئەو کارەساتە سرووشتییەدا گیانیان لە دەست داوە، یان بریندار و بێماڵ و جێگە ماونەتەوە. هاوکات باسی لە ڕۆڵی کوردانی شارەکانی تری کوردستان کرد کە بە هانایانەوە چوون و بەو هەڵوێستەشیان وێڕای نیشاندانی هەستی بەرزی مرۆڤانە و نەتەوەیییانە ڕوو بە هاوخوێنەکانی خۆیان، پەیامێکی توندیان بە کۆماری ئیسلامیی ئێران دا، کە وەک بوومەلەرزەیەک پەیکەری ئەو ڕێژیمەی وەلەرزە خست.

سێیەمیان، ڕاپەڕینی ئەو دواییانەی خەڵکی ئێران بەگشتی و نەتەوەکانی نێو ئێران بەتایبەتی بوو. لەو بارەوە جەختی کردەوە، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەگەر لە ڕێگەی ئەشکەنجە و زیندان و هێزی سەربازییەوە، بۆ ماوەیەکی کورتیش بتوانێ دەنگی وەزاڵەهاتووی خەڵک بێدەنگ بکات، ئەوە لە داهاتوودا و دووبارە لەو چەشنە ڕاپەڕینانە سەرهەڵ دەدەنەوە، چوونکە خەڵک لەو ڕاستییە گەیشتوون کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، دژ بە هەموو بەها مرۆیییەکانە و مەبەست و ئامانجیشی سەرخستن و بڵاوکردنەوەی ئیدئۆلۆژی ڕێژیمەکەیەتی کە لەسەر حیسابی هاونیشتمانیانی ئێرانی و نەتەوەکانی ژێردەستی خۆیەتی.

شەرەفی لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، ئاوڕی دایەوە لە چۆنیەتی دامەزراندنی کۆماری کوردستان و گرێدانەوەی بە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە ئێستەدا.

شەڕەفی ئاماژەی بەو ئیرادە نەتەوەیییە کرد، کە لە نێو کۆڕی نیشتمانپەروەرانی کوردستاندا هەبوو و هەوێنی سەرەکیی دامەزراندنی کۆمار بوو. بۆ سەڵماندنی ئەو ڕاستییەش نموونەی بە دامەزراندنی پێشوەختەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد، کە بناغەدانەری کۆماری کوردستان بوو.

جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا باسی لە چۆنیەتی دامەزراندنی کۆماری کوردستان و گرێدانەوەی بە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە ئێستەدا کرد و لەوەش گرینگتر یەکیەتی و تەبایی نێوان ئازادیخوازانی کورد و هاوخەباتیی کوردەکان لە هەموو بەشەکانی کوردستان بوو.

لەبەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا ئەو پەیامانە خوێندرانەوە:

ـ پەیامی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان لە وڵاتی سوئید
ـ پەیامی تێکۆشەر کاک باباعەلی میهرپەروەر
ـ پەیامی هاوبەشی یەکیەتییەکانی لاوان، ژنان و کوردان
ـ فرێدریک ماڵم، ئەندام پارلەمانی سوئید لەسەر لیستی لیبڕاڵەکان.
ـ خاتوو مارگەرێتا سێدەرفێلت لە پارتی مۆردێرات
هەروەها ئەو برووسکانەش کە بۆ ئەو ڕێوڕەسمە نێردرابوون بریتین له:
ـ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی سوئید
ـ پارتی دێموکراتی کوردستان
ـ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
ـ پارتی سووسیالیستی کوردستان – باکوور
ـ پارتی ماف و ئازادی (هاکپار)
ـ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
ـ پارتی دێموکراتی کوردستان – باکوور
ـ کۆمەڵەی کوردی شاری ڤێسترۆس
ـ ڕێکخراوی دێموکراتیکی یارسان
ـ فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە وڵاتی سوئید لە لایەن کەیا ئیزۆل.
ـ کۆمەڵەی گوڵان
ـ یەکیەتیی ژنانی کوردستان لە سوئید
ـ بزووتنەوەی گۆڕان

لە بەشی دووهەمی ڕێوڕەسمەکەدا، هونەرمەندان کازۆ و ناسری ڕەزازی بە ئاهەنگ و شایی ڕێوڕەسمەکەیان ڕازاوەتر کرد.