کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی هۆشداری بە وڵاتانی ڕۆژئاوا دا

14:35 - 5 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بە نیسبەت ڕوانگەی جیاوازی ئورووپا و ئامریکا دژ بە ڕێژیمی ئێران نیگەرانی خۆی دەربڕی و داوای کرد کە دژی ڕێژیمی ئێران هەنگاوی جیددی هەڵبگرن.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، "ئەنوەر قرقاش" وەزیری دەرەوەی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە سەفەری خۆیدا بۆ بریتانیا لە لێدوانێکدا باسی لەوە کرد کە وڵاتەکەی ئامادەگیی ئەوەی هەیە بەرپرسیارەتیی ئەمنییەتی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا وە ئەستۆ بگرێت، چونکە ئەو وڵاتە نایهەوێ تەنیا پشت بە ئۆپراسیۆنی بریتانیا و ئامریکا لە ناوچەکەدا ببەستێت.

ناوبراو وێڕای ئەوەی کە بە نیسبەت ڕوانگەی جیاوازی ئورووپا و ئامریکا دژ بە ئێران نیگەرانی خۆی دەربڕی، داوای کرد کە دژی ڕێژیمی ئێران هەنگاوی جیددی هەڵبگرن.

قرقاش ڕوو لە ئامریکا جەختی کردەوە کە گەمارۆی ئابووری قورس دژی ڕێژیمی ئێران پەسند بکرێت هەتا پێش بە چالاکییە تێکدەرانەکانی ئەو ڕێژیمە بگیردرێت.

وەزیری دەرەوەی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە قسەکانیدا پرسی مووشەکە بالستیکییەکانی ڕێژیمی ئێران و دەستێوەردانەکانی ئەو ڕێژیمە خستە بەر باس.

لەو پێوەندییەدا، باڵوێزی عەرەبستانی سعوودی لە ئامریکا لە وتارێکدا باسی لەوە کردووە دەبێ هەموومان بۆ ستراتیژییەکی هەمەلایەنە و گشتی دژی چالاکییە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران بە ئەنجامێک بگەین و جێبەجێی بکەین.

باڵوێزی عەرەبستانی سعوودی باسی لەوەش کردووە کە ڕێککەوتنی ناوکی و گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ڕێژیمی ئێران پێشی بە چالاکییە تێرۆریستییەکانی ئەو ڕێژیمە نەگرتووە، بۆیە کۆمەڵگای جیهانیی دەبێ دژی ئەو ڕێژیمە بووەستێتەوە.