کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەمەن سکاڵای دژی ڕێژیمی ئێران تۆمار کرد

14:30 - 5 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: دەوڵەتی یەمەن دژی میلیشا نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لە شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵای تۆمار کردووە.

"خالید ئەلیمانی" وەزیری کاروباری دەرەوەی یەمەن باسی لەوە کردووە کە وڵاتەکەی بۆ پێشگرتن لە جەنایەتی میلیشا نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران هەڵوێستی جیددی دەگرێتە بەر، چونکە ئەو میلیشایانە ئەمنییەتی کەشتێڕانیی نێودەوڵەتییان لە دەریای سووردا خستووەتە مەترسییەوە.

ئەو بەرپرسە پلەبەرزەی یەمەن باسی لەوەش کردووە کە دەوڵەتی یەمەن بەرپرسیارەتیی کردەوە جەنایەتکارەکانی میلیشا نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لە باشووری دەریای سووردا دەخاتە ئەستۆی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و شۆرای ئەمنییەتەوە.

"ئەلیمانی" لە قسەکانیدا جەختی کردووەتەوە کە دەوڵەتی یەمەن هەتا ئێستا چەندین جار هۆشداری بە کۆمەڵگای جیهانی داوە کە پێش بە هێرشی میلیشا نیزامییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بگرن. ئێستا ڕێژیمی ئێران بە پشتیوانی لە میلیشا نیزامییەکانی خۆی لە یەمەن مەترسی بۆ سەر کەشتییە بازرگانی و نەوتییەکان دروست کردووە.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٤ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، میلیشا نیزامییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران تەقەیان لە کەشتییەکی نەوت هەڵگری عەرەبستانی سعوودی کرد.

هەتا ئێستا وڵاتانی عەرەبستان و ئەماراتی یەکگرتووی عەرەبی بە داخوازی ئامریکا، بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکەیان زیاتر کردووە و بەڵێنی قەرەبووکردنەوەی نەوتی ئێرانیان داوە، کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەم بارەوە، لە دژکردەوەیەکدا هەڕەشەی بەستنی گەرووی هۆرمۆز، "شوێنی گواستنەوەی بەشێکی زۆری نەوتی "ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست" دەکەن.

دوای ئەوەی کە ئامریکا داوای لە وڵاتانی جیهان کرد نەوت لە ڕێژیمی ئێران نەکڕن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هەڕەشەیان لە وڵاتانی جیهان کرد کە گەرووی هۆرمۆز دەبەستن.

"عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، لە دیدار لەگەڵ باڵوێز و بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو ڕێژیمە، بە فەرمی باسی لەوە کرد، کە ئەگەر ڕێگری لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بکرێت، ڕێگە نادەین نەوتی هیچ وڵاتێکی دیکە لە ناوچەکەدا هەناردە بکرێت.

بەرپرسانی  نیزامی و ئەمنییەتیی ڕێژیمی ئێران، جەختیان کردووەتەوە، لە کاتی ڕێگریکردنی ئامریکا لە فرۆشتنی نەوتی ئێران، ئەوانیش گەرووی هۆرمۆز دادەخەن و ڕێگە نەدان هیچ وڵاتێکی دیکە نەوت هەناردە بکات.