کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەک لەسەر سێی ئێرانییەکان لە ژێر هێڵی هەژاریدان

11:47 - 25 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی شۆرای شاری تاران ڕایگەیاندووە، کە هەژاریی لە ئێراندا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ قەیرانیتر دەبێت.

موحسێن هاشمی، بەرپرسی شۆرای شاری تاران، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە دانیشتنیکدا لە ژێر ناوی "بەڕیوەبەریی شار و خەسارە کۆمەڵایەتییەکان" باسی لەوە کردووە، کە بە هۆی دابەزینی نرخی دراوی ئێران، هەڵاوسان زۆرتر بووە و هەژاریی لە ئێراندا قەیراناو‌یتر دەبێت.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم، پەرەسەندنی هەژاریی لە ئێرانی بە سونامی ناو بردووە و وتوویەتی: خەسارە کۆمەڵایەتییەکان بە هۆی هەژاریی لە حاڵی پەرەسەندندان و دەبێ "زەنگی مەترسی" بۆ بەرپرسان و خەڵک لێ بدرێت، پێش ئەوەی لە کونترۆڵ دەربچێت.

ناوبراو، ئاماژەی بە گەمارۆوەکان و هاتنەدەروەی ئامریکا لە بەرجام کردووە و وتوویەتی: ئەوان هەناردەکردنی نەوتی ئێران دەکەنە ئامانج و پێشبینی کردووە، ڕێژیم بۆ دابینکردنی بوودجە لەگەڵ کێشەی جیدی بەرەوڕوو دەبێتەوە.

خاڵی جێگەی ئاماژە لە وتەکانی بەرپرسانی ڕێژیم ئەوەیە، لەم ساڵانەی دواییدا وەکوو پێشتر ناتوانن، قەیرانەکان بشارنەوە و ئاماری هەڵە بە خەڵک بدەن و خۆیان باس لە گرفتەکان دەکەن، بەڵام هیچیان پێشنیاریکیان بۆ چارەسەریی قەیرانەکان نییە.

لە لایەکی دیکەشەوە دەستیان کردووە، بە تاوانبارکردنی یەکتر و هۆشداریدان و بەردەوام باس لەوە دەکەن، کە بەرپرسان دەبێ ئاگادار بن، لە حاڵێکدا خۆیان بەرپرسن و لە ڕاستیدا دەیانەوێت لە ژێر باری بەرپرسایەتی و چارەسەریی قەیرانەکان دەربچن.