کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەڵدا و ڕاسان

22:17 - 30 سەرماوەز 2717

کەریم پەرویزی

وێکچوونێکی زۆر لە نێوان ئۆستوورەی یەڵدا و هزری راساندا هەیە کە رەنگە شۆڕش و سەرهەڵدان لە نێو بیر و بڕوای نەتەوەی کورددا لەو رەگانەوە تێراو ببن کە لە چوارچێوەی تێڕوانینی مێژووی کەلتووری، بەرامبەر بە جیهان و ژیانەوە سەرچاوە دەگرن.

شەوی یەڵدا، یان لە کوردەوەاریدا کە بە شەوچلە دەناسرێ، گەر لە پێناسە سروشتییەکەی گەڕێین کە گۆڕانە لە سرووشتدا و کورتی و درێژیی شەو و رۆژ، گۆڕانیان بەسەردا دێ، لە کەلتووری خەڵکی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بە شەوێکی گرنگ دەناسرێ، کە لە کۆنترین بڕواکانی خەڵکانی رەسەنی مێزۆپۆتامیا و زاگرۆسنشینانەوە سەرچاوە دەگرێ.

لە بیرکردنەوەی زاگرۆسنشیناندا کە کوردان خاوەنی راستەقینەی هەمان میراتی کەلتووری و مێژوویی و رەگەزین، لە درێژترین شەوی ساڵدا شەڕێکی قورس و ململانێیەکی توند لە نێوان تاریکی و رووناکیدا روودەدا و لە دوای ئەو شەوە لە نێو ئەشکەوتێکەوە میترا دێتە ژیان و لە نێو ئەشکەوتە تاریکەکەوە سەر دەردێنێ و ئاوەدانی و ژیان بۆ جیهان دێنێ.

ئەمە چرا و مەشخەڵی هاندەر و هیوابەخشی خەڵکی ناوچە و بەتایبەت کورد بووە کە لە دوای هەر بێدەنگییەکی درێژخایەن، هەر تاریکییەکی چڕ و ئەنگوستەچاو، لە دوای هەر تەنگەتاوییەکی مێژووییەوە؛ سروودی سەرکەوتن، رووناکی و ئازادی و هیوا لەدایک دەبێ.

شەوی یەڵدا کە لە ئۆستوورە و کۆنەستی مێژووی گەلێکدا بۆتە هەنبانەی مانابەخشین و مانازایی، لە رەوتی مێژوودا لەگەڵ رووداوی دیکەش تێکەڵ بووە و هەمووکات ماناکانی پڕبایەختر و قورستر بووە.

لە بڕگەیەکی هەستیاری مێژووی کورددا، ساڵی ١٣٠٩ی هەتاوی، ١٩٣٠ زایینی، لە هاویندا شۆڕشی کورد تێک دەچێ و رێبەری شۆڕش، کە رێبەری بزاڤێکی نەتەوەیی بووە بە تیری خەیانەت و درۆ شەهید دەکرێ؛ دوای شەهیدبوونی سمکۆی شکاک، کوردستان دەکەوێتە ژێر تەمی خەم و بارقورسیی خەیانەت و بێدەنگییەکی تاڵ و بریندارکەر باڵ بەسەر کورددا دەکێشێ.

لە وەها کاتێکدایە کە میترایەکی دیکە، دووبارە لەدایک دەبێتەوە؛ رێک لە شەوی یەڵدادا، جوانخاس و جوامێری کوردان، کەسێک لە رەگەزی میترا و خۆر، قاسملووی رێبەری شۆڕش و شۆڕشگێری و مانابەخش بە ژیان و خەبات لەدایک دەبێ.

لە سەردەمێکدا کە بزاڤی کورد و کوردستان، لە شەپۆلان دەکەوێ و شۆڕەسواری مەیدانی خەبات و تێکۆشان لەبەر هۆکارە چەندین جار باسکراوەکان، سەنگەر لە گەرموگوڕی دەخا، بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ ساردو سڕی و کزبوونی هیوا باڵ بەسەر ئاسۆی خەبات و تێکۆشان لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا دەکێشێ، بەڵام راسان، لەسەر هەمان هزر و فەلسەفەی یەڵدا، لەراستیدا هێزدانەوە و نێڵدانەوەی خەبات و کوورەی ژیان، سروودێکی نوێ بە گوێی کۆمەڵگادا دەخوێنێ.

سروودی نوێی راسان، رەگی لە کەلتوور و تێڕوانینی کورد و لە مانابەخشینەکانی رێبەری شۆڕش قاسملووی رێبەر و نەمر وەرگرتووە و رەگەکانی کۆنەستی کۆمەڵگا دەلەرێنێ، هەر بۆیە دڵی خەڵک لەگەڵ دڵی راسانیان لێدەدا.

یەڵدا و لەدایکبوونەوەی هیوا و ساڵیادی هاتنە ژیانی رێبەری نەمر، دوکتور قاسملوو لە کوردستان و لە راسانییەکان پیرۆز بێ.